کۆکردنەوەى نوێژ بەهۆى بارانەوە .

هەواڵی / 1/11/2019 343 جار بینراوە

کۆکردنەوەى نوێژ بەهۆى بارانەوە .

دكتۆر ئاراس حمه‌صاڵح

کۆکردنەوەى نوێژ بەهۆى بارانەوە ساڵانێکە لە مزگەوتەکانى کوردستاندا دەکرێ، ئەم بابەتە هەتا ئێستا جێگەى مشتومڕە، بە تایبەتى خەڵکە گشتیەکە زۆرجار باس لەوە دەکەن ئەم جۆرە نوێژکردنە تازەیەو پێشتر مەلاکانى کوردستان نەیانکردووە، ئەوەى کە دەڵێن پێشتر مەلاکان نەیانکردوە ڕاستەو زۆر بە کەمى یان هەتا هەشتاکانیش هەر نەبوە، یان زۆر بەکەمى لێرەو لەوێ هەندێ مەلا کردویەتى، بەڵام ئەوەى کە نەکرا بەڵگە نیە کە ئەو شتە لە دیندا نیە، بۆ نمونە مەسەلەى (خوف) لەپێ کردن لە دیندا هەیەو لە وڵاتى سعودیە کە ساردو سەرماشى لێ نیە باوە، بەڵام لە وڵاتێکى ساردى وەک کوردستاندا باو نیەو مەگەر بەدەگمەن ئەگەرنا هەر نیە، بابەتى جەمعیش بەهۆى بارانەوە شتێکى لەو بابەتەیە کەم پێڕەو کراوە، تەنانەت سونەتى پێش مەغریبیش چەند ساڵێکە لە سلێمانى دەکرێت و پێشتر نەدەکرا، لەگەڵ ئەوەشدا سونەتە.
ئەوەى لاى هەموان ئاشکرایە لە وڵاتە ئیسلامیەکاندا موسڵمانان بە کتێبە فیقهیەکان دیندارى دەکەن، ئەم کۆکردنەوەى نوێژەش بەهۆى بارانەوە کۆدەنگى زۆرینەى زانایانى شافیعى و حەنبەلی و مالیکى لەسەرە، کۆدەنگى زانایان و حەوت فەقیهەکە (الفقهاء السبعة) لەسەرە، ئەوانیش: ( سعيد بن المسيب، وعروة بن الزبير، والقاسم بن محمد بن أبي بكر الصديق، وعبيد الله بن عتبة بن مسعود، وخارجة بن زيد بن ثابت، وسليمان بن يسار). كە هەموویان تابعین، ئيتر پێویستى بەو مشتومڕە نیە.
ئەو کەسانەى کە داواى بەڵگە دەکەن بۆ ئەم بابەتە، هەموو دینداریەکیان بەو کتێبە فیقهیانەیە، ئەى بۆ شتەکانى تر بۆ داواى بەڵگە ناکەن؟ خۆیشیان بۆ هەموو بابەتێکى شەرعى ئەڵێن: شەرع فەرمویەتى، مەبەستیان لە کتێبە فیقهیەکانە، لە ناویشیاندا تەنها فیقهی ئیمامى شافیعى.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەڵگەى ڕوون هەیە لە سونەتەدا لەسەر ئەم نوێژ کۆکردنەوەیە:
يەکەم/ عن ابن عَبَّاسٍ رَضِيَ اللهُ عنه، قال: ((جمَعَ رسولُ اللهِ صلَّى اللهُ عليه وسلَّم بين الظُّهرِ والعَصرِ والمغربِ والعِشاءِ بالمدينةِ من غيرِ خوفٍ ولا مَطرٍ. فقيل لابن عَبَّاسٍ: ما أرادَ إلى ذلك؟ قال: أرادَ أنْ لا يُحرِجَ أُمَّتَه)) مسلم: 705 .
عەبدوڵاى کوڕى عەباس ئەڵێت: پێغەمبەر (درودى خواى لەسەر) لە شارى مەدینەدا نوێژى نیوەڕۆ و عەسرى کۆکردەوە، هەروەها نوێژى ئێوارەو عیشاى بە جەمع کرد، بێ ئەوەى ترس هەبێت، یان باران، وتیان بە عەبدوڵا، پێغەمبەر مەبەستى چى بوو لەوە، وتى: بۆ کار ئاسانى نەتەوەکەى.
ئەو حوکمانەى لەم فەرمودە وەردەگیرێت:
یەکەم/ کۆکردنەوەى نوێژ لە نێوان نیوەرۆ و عەصر، ئێوارەو عیشادا دەکرێت.
دووەم/ بەبێ هۆ نوێژ کۆدەکرێتەوە، بەڵام نابێت بکرێتە حاڵەت، چونکە پێغەمبەر (درودى خواى لەسەر) زۆر کەم ئەو کارەى کردووە بەبێ هۆ.
سێیەم/ لە فەرمودەکەدا هاتووە بەبێ هۆى (ترس و باران)، کەواتە: لەکاتى ترس و باراندا پێغەمبەر ئەو کارەى کردووەو لە شارى مەدینەدا باوبووە، بۆیە ئەفەرموێت: بێ ئەوەى ترس هەبێت، یان باران بێت، کەواتە: لەکاتى ترس و باراندا جێگەى قسە لەسەر کردن نیەو کراوە.
سێیەم/ پێغەمبەر ئەو کارەى بۆیە کردووە وەک کارئاسانى بۆ نەتەوەکەى، بۆ ئەوەى یەک شێوەى دەقگرتوو خواپەرستى نەکەن، ئەگەر جارێک ئەو نوێژانەیان کۆکردەوە خەڵکى بە ئاسایی وەریبگرێت.
لە فەرمودەیەکى تردا هاتووە: (عنِ ابنِ عَبَّاسٍ، أنَّ النبيَّ صلَّى اللهُ عليه وسلَّم صلَّى بالمدينةِ سَبعًا وثمانيًا، الظُّهرَ والعَصرَ، والمغربَ والعِشاءَ. فقال أيُّوبُ: لعلَّه في ليلةٍ مطيرةٍ؟ قال: عسى البخاري: 543- مسلم 705).
واتە: عەبدوڵاى کوڕى عەباس دەگێڕێتەوە کە: پێغەمبەر (درودى خواى لەسەر) نوێژى کرد لە شارى مەدینەدا هەشت ڕکات و حەوت ڕکات، واتە: نیوەڕۆو عەصر پێکەوە، ئێوارەو عیشا پێکەوە، ئەیوب وتى: ڕەنگە شەوێکى باراناوى بووبێت؟ وتى: لەوانەیە.
ئەو حوکمانەى لەم فەرمودە وەردەگیرێن:
یەکەم/ پێغەمبەر لەناو شارى مەدینەدا نوێژى کۆکردوەتەوە، واتە: لەسەرفەردا نەبووەو لە ماڵەوە بووە.
دووەم/ کۆکردنەوەى نوێژى نیوەڕۆو عەصر پێکەوەو ئێوارەو عیشا پێکەوە، بە کۆکراوەى کردوویەتى کورتى نەکردوەتەوە.
سێیەم/ کە ئەیوب دەفەرموێت: لەوانەیە شەوێکى باراناوى بووبێت بۆیە کۆیکردوەتەوە، کەواتە: لە کاتى بارانداو لەناو شارى مەدینەدا پێغەمبەر (درودى خواى لەسەر) ئەو کارەى کردوەو لاى هاوەڵان ناسراو بووە، بۆیە ئەو هاوەڵە فەرمویەتى ڕەنگە شەوێکى باراناوى بوبێت.
هەروەها نافع دەگێڕێتەوە کە عومەرى کوڕى خەتاب هەرکاتێک ئیمامەکان نوێژى ئێوارەو عیشایان بەهۆى بارانەوە کۆکردبێتەوە، نوێژى لەگەڵ کردوون. رواه مالک(190).
هەموو ئەمانەش بۆ کارئاسانى موسڵمانان لەکاتى ترس و باران و نەخۆشیدا ڕێگەى کۆکردنەوەى نوێژ دراوە.

زۆرترین بینراو