تازه‌ترین توێژینه‌وه‌ی‌ پزیشكی‌ باس له‌ سوده‌كانی هاوسه‌رگیری ده‌كات

هەواڵی / 14/10/2019 857 جار بینراوە

سـووده‌كـانـی‌ هــاوســه‌رگــیــری‌ بـزانـه‌
 
شه‌ن پرێس:
تازه‌ترین توێژینه‌وه‌ی‌ پزیكشی‌ ئاشكرایكردووه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ هاوسه‌رگیرییان كردووه‌ به‌به‌راوورد به‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ هاوسه‌رگیرییان نه‌كردووه‌, كه‌متر تووشی نه‌خۆشیه‌كانی‌ دڵ و جه‌ڵته‌ی‌ مێشك و نه‌خۆشیه‌ درێژخایه‌نه‌كان ده‌بنه‌وه‌.
له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕۆژنامه‌ی‌ (جورناڵ هارت)ی‌ پزیشكی‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ (134) توێژینه‌وه‌ی‌ تایبه‌تیی‌ پزیشكی‌ كه‌ به‌درێژایی‌ (52) ساڵی‌ ڕابردوو له‌ زۆرینه‌ی‌ زانكۆ ئه‌وروپی و ئه‌مریكی‌ و ئوستوراڵییه‌كاندا و له‌سه‌ر ملیۆنان كه‌س ئه‌نجامدراون كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان (32 بۆ 77) ساڵیدا بووه‌, ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ هاوسه‌رگیرییان نه‌كردووه‌ یان له‌ هاوسه‌ره‌كانیان جیابوونه‌ته‌وه‌, زیاتر له‌ ڕێژه‌ی‌ (42%)یان مه‌ترسییه‌كانی‌ تووشبوونیان به‌ نه‌خۆشیه‌كانی‌ دڵ و خوێنبه‌ره‌كان زیاتره‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هاوسه‌ری‌ خۆیاندا ده‌ژین.
هه‌روه‌ها توێژینه‌وه‌كان ده‌ریانخستووه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ هاوسه‌رگیرییان نه‌كردووه‌ به‌ڕێژه‌ی‌ (16%) زیاتر تووشی نه‌خۆشیه‌كانی‌ بۆرییه‌كانی‌ دڵ و (42%) زیاتر مه‌ترسیی‌ مردنی‌ كتوپڕ و گیانله‌ده‌ستدانیان زیاتره‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ هاوسه‌ریان هه‌یه‌, هه‌روه‌ك به‌ڕێژه‌ی‌ (55%)یش مه‌ترسی تووش بوونیان به‌ جه‌ڵته‌ی‌ مێشك زیاتره‌.
لای‌ خۆیه‌وه‌ پزیشكی‌ پڕۆفیسۆری‌ جیهانی‌ (جون وای‌ ونگ)له‌ زانكۆی‌ (كیلی‌) له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: توێژینه‌وه‌ و پشكنینه‌كانمان ده‌ریانخستووه‌ كه‌ پێكنه‌هێنانی‌ ژیانی‌ هاوسه‌ری‌ په‌یوه‌ندیی‌ به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نه‌خۆشیه‌كانی‌ دڵ و بۆریه‌كانی‌ خوێنی‌ وه‌ك گیرانیان و مردنی‌ كتوپڕ به‌ هۆی‌ جه‌ڵته‌ی‌ مێشكه‌وه‌ هه‌یه‌.
ناوبراو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی‌ كه‌ ئه‌نجامدانی‌ پڕۆسه‌ی‌ هاوسه‌رگیری‌ كاریگه‌ریی زۆر باشی له‌سه‌ر خۆپاراستن له‌ نه‌خۆشیه‌كانی‌ دڵ و بۆریه‌ خوێنبه‌ره‌كان هه‌یه‌, كه‌ ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پاڵپشتیی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و سۆزداری‌ به‌هۆی‌ بوونی‌ هاوسه‌ره‌وه‌.
هه‌ر به‌پێی‌ ئه‌و توێژینه‌وانه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و خۆپارێزییه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ هاوسه‌رگیرییان كردووه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زوو پێزانینی كێشه‌ ته‌ندروستیه‌كان و خێرا چاره‌سه‌ركردنیان به‌هۆی‌ دڵسۆزی‌ و به‌خه‌مه‌وه‌ بوونی‌ هاوسه‌ره‌كانیانه‌وه‌ له‌ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز.
هه‌روه‌ها توێژنه‌وه‌كان ئه‌وه‌شیان ئاشكرا كردووه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ هاوسه‌رگیرییان كردووه‌ له‌ڕووی‌ داراییه‌وه‌ بارودۆخیان باشتره‌ و پارێزراوترن و تۆڕێكی‌ فراوانتری‌ كۆمه‌ڵایه‌تیشیان هه‌یه‌ له‌چاو ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ هاوسه‌رگیرییان نه‌كردووه‌.
پزیشك و پسپۆڕه‌كان پێشیانوایه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ هاوسه‌رگیرییان كردووه‌ سیستمێكی‌ خۆراكیی‌ هاوسه‌نگ و باشتر پیاده‌ ده‌كه‌ن, چونكه‌ هاوسه‌ره‌كانیان به‌رده‌وام هانیان ده‌ده‌ن له‌سه‌ر خۆراكه‌ ته‌ندروسته‌كان و دابه‌زاندنی‌ كێشیان و ئه‌نجامدانی‌ چالاكی جه‌سته‌یی‌ زیاتر و له‌كاتی‌ ده‌ركه‌وتنی‌ سه‌ره‌تاییترین نیشانه‌ی‌ نه‌خۆشیشدا سه‌ردانی‌ پزیشك ده‌كه‌ن تا زوو چاره‌سه‌ر وه‌ربگرن و به‌ نه‌خۆشیه‌كه‌وه‌ نه‌مێننه‌وه‌.



زۆرترین بینراو