#هێرشی تۆركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان

وەزیری پێشووی پەروەردە گرێبەستێکی خەیاڵیی بە کۆمپانیایەکی تورکی داوە

هەواڵی / 8/10/2019 325 جار بینراوە

وەزیری پێشووی پەروەردە گرێبەستێکی خەیاڵیی بە کۆمپانیایەکی تورکی داوە
وەزیری تازە گرێبەستەكەی ڕاگرتووە


وەزیری پێشووی وەزارەتی پەرورەدەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆتاییەكانی تەواوبوون و دەستهەڵگرتنی لە كارەكەی گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیایەكی توركی ئیمزا دەكات، کە تا پانزە ساڵی تر ساڵانە 35 ملیۆن كتێبی قوتابیانی هەرێم چاپ بكات، بەڵام وەزیری نوێ کارەکانی گرێبەستەکەی ڕاگرتووە.
چەند خاوەن چاپخانەیەكی ناوداری شاری هەولێر وەك خۆیان وتیان بۆ ڕێگرتن و هەڵوەشانەوەی ئەو گرێبەستەی وەزارەتی پەروەدە هانایان بۆ ڕۆژنامەی ״ئاژانس״ هێناوە و لە کاتێکدا نەیانویست ناویان بهێندرێت وتیان: ״ئێمە توانای ئەوەمان هەیە كە كتێبی سەرجەم قوتابیان و خوێندكارانی هەرێم چاپ بكەین، بەڵام پشتیوان سادق، وەزیری پێشووی پەروەردە گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیایەكی توركی كردووە بۆ ماوەی پانزە ساڵ بۆ چاپکردنیان.״
یەكێك لە نوێنەری چاپخانەكانی هەرێم وتیشی: ״ئێمە بە وەزارەتی پەروەردەمان وتووە، ئەگەر یەك چاپخانەش توانای چاپكردنی 35 ملیۆن كتێبی نەبێت، بەڵام دەكرێت بە هەموو چاپخانەكانی هەرێم سەرجەم كتێبی ساڵانەی قوتابیانی هەرێم چاپ بکەین بە نیوە قیمەتی ئەو پارەیەی كە كۆمپانیا بیانییەكان وەریدەگرن.״
بە پێی زانیارییەکانی ״ئاژانس״، کۆمپانیاکە دوای پانزە ساڵەکە ئامێر و مەکینەکانی چاپکردن بۆ حکومەتی هەرێم جێدەهێڵێت.
چاپکردنی کتێبی خوێندن لە دەرەوە هەموو ساڵێک لە ڕەهەندی جیاوازەوە دەبێتە بابەتی گفتوگۆ و ڕەخنە.
ئیسماعیل جەمیل، بەڕێوەبەری تەجهیزات لە وەزارەتی پەروەدەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״ ئێمە نوێنەری سەرجەم چاپخانەكانمان بانگهێشت كرد و وردەكاریی بەچاپگەیاندنی 35 ملیۆن كتێبی ساڵانەی قوتابیانمان پێ دان، بەڵام ئەوان كەسیان توانای ئەوەیان نەبوو، كە مەكینە و جیهازی پێشكەوتوو لە دەرەوەی وڵات بێنن، چونكە ئەو كوالێتی و داوایەی ئێمە كردوومانە نزیكەی 25 ملیۆن دۆلاری پێویستە.״
وەزارەتی پەروەردە خاوەنی دوو چاپخانەیە لە هەولێر و سلێمانی و زیاتر لە ٢٠٠ فەرمانبەر کاری تێدا دەکەن، بەڵام ساڵانە کەمتر ١٠%ی پێویستییەکانی پەروەردە لە بواری چاپدا ئامادە دەکەن.
وتیشی: ״دوای ئەوەی چاپخانە خۆماڵییەكان نەیانتوانی ئەمە بكەن، ئێمە بە ئاگاداریی سەرۆكی حكومەتی كابینەی ڕابردوو و جێگرەكەی هەروەها بە ئەندامێتیی سەرۆكی فەرمانگەی پلان لە ئەنجوومەنی وەزیران و بە هەماهەنگیی لەگەڵ شارەزایەكی نێودەوڵەتی تاووتوێی گرێبەستەکانمان کردن.״
کۆمپانیا تورکییەکە ناوی ״جیم ئۆفسید״ە و بە جێبەجێکردنی سەرجەم داواکارییەکانی وەزارەتی پەروەردە ڕازی بووە.
״گرێبەستەكەمان بەم شێوەیەیە لەگەڵ كۆمپانیای جیم ئۆفسید، كە حكومەتی هەرێم تەنیا زەوییەكی بۆ دابین بكات، ئەویش لە بەرامبەردا باڵەخانەیەكی مۆدێرن لەسەر ئەركی خۆی درووست بكات و مەكینەی ئەڵمانی بۆ چاپخانەكە بێنێتە کوردستان.״ ئیسماعیل جەمیل وای وت.
هەر بە پێی گرێبەستەکە ٥٠%ی کارمەندانی چاپخانەکە فەرمانبەرانی چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە دەبن و مووچەیان لەسەر کۆمپانیا دەبێت و دوای پانزە ساڵەکەش باڵەخانەکە و ئامێرەکان هەمووی دەبن بە موڵکی حکومەتی هەرێم.
״ئێستا کارەکانی گرێبەستەکە بە هۆی فشاری زۆرەوە لە لایەن ئالان حەمە سەعید، وەزیری نوێی پەروەردەوە ڕاگیراوە.״ بەڕێوەبەری تەجهیزاتی وەزارەتی پەروەردە وای وت.

خـێـزان

ژنێك 15 ساڵە تەڵاق دراوە و لەگەڵ مێردەكەی دەژی

تەڵاقی سێ، مەلا و یاسا هاوڕا دەكات

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

سوودەکانی خوێن بەخشین چییە ؟

پێویستە پێش هەر خوێن بەخشینیک پشکنین بکەیت