ژنێك 15 ساڵە تەڵاق دراوە و لەگەڵ مێردەكەی دەژی

هەواڵی / 7/10/2019 1539 جار بینراوە

ژنێك 15 ساڵە تەڵاق دراوە و لەگەڵ مێردەكەی دەژی



مینا، 15 ساڵە تەڵاق دراوە و بە درێژایی ئەو ماوەیەش لەگەڵ مێردەكەیدایە، یاساناس و مامۆستایانی ئایینی یەك ڕایان هەیە، كە سێهەم تەڵاقی پیاو دەبێت جیابوونەوە بێت، بەڵام هێشتا مینا لە ژێر یەك سەقف و ماڵدایە لەگەڵ مێردەكەی.
مینا تەمەن ٣٩ ساڵە و ناوی خوازراویەتی، دانیشتووی ئاكرێیە بە ״ئاژانس״ی وت: ״سەرەڕای ئەوەی هاوسەرەكەم (15) ساڵە تەڵاقی داوم، بەڵام لەگەڵ ئەودا (س) لە ژێر یەك سەقفی خانوودا دەژین.״
״مێردەكەم بەردەوام وشەی تەڵاق لەسەر زمانیەتی، ڕۆژانە بەردەوام پێم دەڵێت تەڵاقم داویت یان تەڵاقت دەدەم״، مینا وا دەڵێت.
بە پێی گێڕانەوەی مینا، مێردەكەی كە ناوی (س)ـە، تەمەنی 47 ساڵە و حەوت ساڵ لە خۆی گەورەترە، و لە دادگاش بە شێوەیەكی یاسایی مارە كراوە و هاوسەرگیریی لەگەڵ كردووە.

سالار، دراوسێیەكی نزیكی ماڵی ئەم ژنەیە و ئاگاداری دۆخی ژیانی ئەوانە، بۆ ״ئاژانس״  دەڵێت: ״زۆر جار دیومە و گوێم لێ بووە بە ژنەكەی وتووە تەڵاقدراوی یان تەڵاقت دەدەم، دواتریش وتوویەتی شتی وام نەوتووە.״

مینا ژیانێكی جیاوازی هەیە، كە لە ژیانی ژن و مێردی ئاسایی ناچێت، هەروەها كۆمەڵگەی كوردەوارییش لەم نموونەیەی تێدا نییە كە ژنێكی تەڵاقدراو هەر لە لای مێردەكەی بمێنێتەوە، بە وتەی مینا لەو خانووەی كە لەگەڵ (س) پێكەوەن ژووری نووستنیان جیایە، بەڵام ئەو بە شەرمەوە وتی: ״جاری وا هەیە بە زۆر سەرجێییم لەگەڵ دەكات و حەزی خۆی تێر دەكات و دەسەڵاتم نییە.״

״١٥ ساڵە لەگەڵ مێردەكەم بەم جۆرە دەژیم، لەسەر هێنانی پەرداخێك ئاو كە شتێكی  ئاساییە، ئەو  تەڵاق لەسەر زمانیەتی״، مینا وا دەڵێت.
بەڕێكردنی ژیانێكی لەو جۆرەی مینا هۆكارێكی لە پشتە 15 ساڵ بەو جۆرە بمێنێتەوە، سەرباری تانەی خەڵك و كۆمەڵگەش، ئەو هێمای بەوەش دا ماڵی باوك و كەسوكاری هەردوولاش بەم شێوە ژیانەیان دەزانن و كەسیان هەقیان نییە بەسەرمانەوە.

״من ژنی ماڵەوەم و هیچ سەرچاوەیەكی ژیان و بژێویم نییە و (س) تەنیا كرێكاری دەكات و بژێوی دابین دەكات.״

میناش وەك هەموو ئەوانەی لە بارەی ئەم جۆرە ژیانەوە دەبیستن، پرسیارەكەی مێشكیان بۆ وەڵامێك دەجوڵێت، چۆن تەڵاق دراوە و پێكەوەن، ئەویش لە مێردەكەی پرسیوە: ״تۆ تەڵاقت داوم، وشەی تەڵاقت بەرامبەر بە من  هاتووەتە سەر زمانت، بەڵام ئەو  دەڵێت: ״من شتی وام نەوتووە، ئاگاداری نیم، واتە بێئاگایە لەو قسانەی كردوویەتی.״

لە ڕووی یاساشەوە بارودۆخێكی لەم شێوەی نێوان ژن و مێرد بە هەموو جۆرێك ڕێگەپێنەدراوە.
نەشاد عومەر، پارێزەر لە یەكێك لە دادگاكانی كوردستان بە پشتبەستن بە بڕگەی یاسایی لەسەر دۆخی مینا بۆ ״ئاژانس״ دەڵێت: ״بە پێی یاسای ژمارە (١٨٨ ساڵی ١٩٥٩) لە یاسای باری كەسێتی پیاو بۆی هەیە (٣) جار ژنەكەی تەڵاق بدات، دوو جار چاك دەكرێتەوە، بەڵام بۆ جاری سێیەم دەبێت جیا ببنەوە.״
كێشەی ژیانی مینا تەنیا پەیوەست نییە بە یاساوە، بەڵكوو لە ڕووی ئایینی ئیسلامیشەوە شەرع ڕێگەیەكی بەستنەوە و هەروەها جیابوونەوەی ژن و مێردی تێدایە.

مەلا محەمەد مەلا مەحمود، مامۆستای ئایینی و وتاربێژی مزگەوت بۆ ״ئاژانس״ دەڵێت: ״لە ڕووی دینیشەوە وشەی تەڵاق نابێت بە كار بهێنرێت، بەڵام گەر بە كار بێت دوو جار چاك دەكرێتەوە بۆ جاری سێیەم دەبێت جیا ببنەوە.״

״ئەگەر ئەو دوو كەسە بیانەوێت هاوسەرگیری بكەنەوە دەبێت جیا ببنەوە، هەریەكەیان هاوسەرگیرییەكی دیكە بكەن و ماوەیەك پێكەوە بژین، پاشان دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ لای یەكتری و  دیسان پێكەوە لەژێر یەك ماڵ و سەقفدا بژین.״

توێژەرانی كۆمەڵایەتیش لە گۆشەیەكی دیكەوە لە شێوەی ژیانی مینا دەڕوانن لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە.

مەریوان حسێن، توێژەری كۆمەڵایەتییە بۆ ״ئاژانس״ دەڵێت: ״ژنان بە ناچاری ئەم ژیانە هەڵدەبژێرن، بە تایبەت  خۆشەویستیی دایك بۆ منداڵەكانی لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی تەڵاق هۆكارێكن ژنەكە ناچار دەكات ئەو ژیانە هەڵبژێرێت.״

ئەم ژنە خاوەنی (3) منداڵە كە دوو كوڕ و كچێكە، گەورەكەیانی تەمەنی یانزە ساڵە، ناوەنجییەكەشی هەشت ساڵە و بچووكەكەشی پێنج ساڵە، سەختیی ژیان و تانەی كەس و كۆمەڵگە و سێ منداڵ، هۆكاری سەرەكین كە مینایان بە ژیانێكەوە بەستووەتەوە كە 15 ساڵە بەو جۆرەیە.


زۆرترین بینراو