#هێرشی تۆركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان

ژن و پیاو خیانەتی هاوسه‌رگیری دەکەن لەیەکتر سزاکەیان لە ڕووى شەرعەوە چیە؟

هەواڵی / 26/9/2019 533 جار بینراوە

-خیانەتى هاوسەرى لە کوێوە دەست پێدەکات و هۆکارەکانى چى یە؟
-کاتێک ژن و پیاو خیانەت دەکەن لەیەکتر سزاکەیان لە ڕووى شەرعەوە چیە؟
-جیاوازى لە نێوان ژن و پیاودا هەیە بۆ ئەو تاوانە؟

د. ئه‌حمه‌د شافعی


وەڵام:
+ خیانەتى هاوسەرى وەک دیاردەیەکى کۆمەڵایەتى نێگەتیفە، لەناو هەموو کۆمەڵگە مرۆییەکان بووە و ڕوودەدات، بەڵام جیاوازى هەیە لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکى تر بە گوێرەى ئەو یاساو ڕێسایانەى کە جێگەى خۆى کردۆتەوە.
خیانەتى هاوسەرى هەر قەتیس نیە لەو تێڕوانینە تەقلیدیە کۆنەى کە بازنەکەى تەسک کردۆتەوە بەس لە پەیوەندى نادروست، بەڵکو هەر پەیوەندیەکى نادروست چ بە وشە بێت یا نامە، یا هەر پەیوەندیەکى گوماناوى و سۆزدارى بێت دەچێتە ئەو بازنەوە.

+خیانەتى هاوسەرى لە کوێوە دەست پێدەکات و هۆکارەکانى چییە؟
-کۆمەڵێک هۆکارى ناوەکى و دەرەکى هەیە پاڵدەنێت بە ژن و مێردەوە هێلانەى بەختەوەرى خۆیان تێکبدەن و ڕێگەیەکى نادروست بگرنەبەر بۆ تێرکردنى ئارەزوو و ویستەکانیان، هەندێک لەوانەى:
1- بەزۆر بەشودان: هەندێک خێزان و خانەوادە هەر بەردەوام نەریتى خێڵەکی زاڵە بەسەریاندا، گوێ بەویست و داخوازى کچەکانیان نادەن، کێیان بەلاوە پەسەند بێت کچەکەى دەدەنێ، بەتایبەتى بەخزم و نزیکانى خۆیان، بێ ئەوەى ڕەچاوى هەست و حەزوو ئارەزوو پێ خۆشبوونى ئەو کچە بکرێت.
وێنەى ئەم جۆرە هاوسەرگیریانە هیچ کات ئارامى و ئاسودەگى و بەختەوەرى وخۆشەویستى تیایدا ڕیشە داناکوتێ وئامانجى خۆى ناپێکێ، خێزانێکى هەڵوەشاو دەبێت، هەر بۆیە هەندێکجار هەریەکەیان هەوڵ ئەدەن لە دەرەوەى ئەو هاوسەرگیریە پەیوەندیەکى تر دروست بکەن و ئەو بۆشاییەى لە ژیاندا هەستى پێدەکەن پڕى بکەنەوە.
2- پەیوەندى نادروستى پێش هاوسەرگیرى: ئەم پەیوەندیە شوێنەوارى خراپى دەبێت دوای هاوسەرگیرى، چونکە کچ یا کوڕ فێرى ئەوە بووە پەیوەندى نادروستى هەبێت، ناتوانێت بە ئاسانى وازى لێبهێنێت.
3- گوێ نەدان بە مافى ژن و مێردایەتى: ژن و مێرد کۆمەڵێک ئەرک و مافیان بەسەر یەکەوە هەیە، کاتێک ڕەچاو نەکراو و پێشێلکرا، جیاوازى بیروڕا دروست دەبێت و سەردەکێشێت بۆ کێشە و جەنگ ، ئەوکاتە هێلانەى خۆشى هاوسەردارى درزى تێدەبێت و هەریەکەیان هەوڵدەدات لە دەرەوەى ماڵ ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە.
4-هاوڕێى خراپ: پێغەمبەرى خۆشەویست (درودى خواى لێبێت) بە شێوەیەکى زۆر جوان هاوڕێیەتى چواندووە بە عەتر فرۆش، گەر عەتریشت نەداتێ بۆنى خۆشى خۆیت ئەداتێ، لەو لاشەوە هاوڕێى خراپى چواندوە بە ئاسنگەر گەر پریشکى ئاگرەکە نەتسوتێنێت، تەقە تەقەکەى مێشکت دێشێنێت. زۆرکەس لە ڕێگەى هاوڕێى خراپ کە دوورن لە بەها ڕەوشتیەکان، توشى هەڵەى گەورە بوون لە ژیاندا، بەتایبەت خیانەت.
5- تۆڵەسەندنەوە: کاتێک ئافرەتێک بۆى دەردەکەوێت مێردەکەى پەیوەندى لەگەڵ کەسێکى تردا هەیە، بارى دەرونى و مەعنەوى دەڕوخێت و ژیانى لێ تاڵدەبێت، ژیانى هاوسەردارى لێدەبێت بە دۆزەخ، بەتایبەت ئەگەر کەسى دووەم باوەڕدار نەبێت، هەوڵدەدات تۆڵەى لێبکاتەوە و رێگەى خراپ بگرێتە بەر و هەمان خیانەت و تاوان بکاتەوە تا دەکەوێتە داوەکەوەو پاشان ڕزگارى نابێت، لە ئەنجامدا کۆتاییەکى زۆر نالەبارى لێدەکەوێتەوە کە پەشیمان بوونەوە دادى نادات.
6- پێکەوە نەگونجان: بەهۆیى بێ ئەزمونى و پەلەکردنەوە، زۆرجار کچ و کوڕ توشى هەڵە دەبن لە هەڵبژاردنى هاوسەردا، کاتێک بەیەکدەگەن سروشتیان جیاوازە لە ڕووى بیرکردنەوە و بارى کۆمەڵایەتى و مامەڵەى ڕۆژانەیان، بۆیە پاش ماوەیەک دەچنە سەنگەرەوە بۆ یەکتر، وردە وردە ڕەخنەو گازندەکانیان لە یەک دەست پێدەکات، تا لە ئەنجامدا لانکەى خۆشەویستى ژن ، مێردایەتى درزى تێدەبێت، ئەوکاتە گونجاوى و ڕێکەوتن کاڵدەبێتەوە، دڵەڕاوکێ و بێزارى لەو ژیانە دەستپێدەکات، لە ئەنجامدا تەڵاق ڕوودەدات، یاخیانەتى هاوسەرى، دیارە گەر منداڵ لە نێوانیاندا بێت، ئاسانترین شت بەلایانەوە دروستکردنى پەیوەندى نادروست و خیانەتى هاوسەرییە.

هۆکارەکانى خیانەت زۆرن لەوانە:
- ئیشکردن لە دەرەوەى ماڵ: ئەمە بەتایبەت لە فەرمانگە و کارگەکان کە تێکەڵى هەردوو ڕەگەز هەیە، ڕۆژانە ، بەردەوام، کاتێک لەماڵەوە هەست بەبوونى سۆز ، خۆشەویستى ناکات بە شوێن کەسێکدا دەگەڕێت خۆشەویستى و سۆزو میهرەبانى پێبدات، تالە ئەنجامدا دەکەوێتە داوى هەڵەى خیانەتى هاوسەرى.
- سەفەرکردن: ئەمڕۆ جیهان وەک دێیەکى بچوکى لێهاتووە بە هۆی ئامێرەکانى تەکنەلۆجیایى سەردەم، کاتێک پیاو سەفەردەکات بۆ دەرەوەى وڵات بۆ ماوەیەکى زۆر خێزان ، ماڵى بە جێدەهێڵێت گەر پاڵنەرى باوەڕى بەهێز نەبێت لەم ماوە دوورودرێژەدا ئەو ئافرەتە یان ئەو پیاوە تووشى هەڵەو کارى نا دروست دەبن.
- هەژارى: دەردێکى خراپ و ناڕەحەتە لە ژیاندا بە تایبەت لە ژیانى عەولەمەدا، هەربۆیە ڕێککەوتووە هەژارى پاڵیناوە بە کەسێکەوە بە ناچارى تووشى خراپى و لەشفرۆشى و خیانەت بێت.
- گوێ پێنەدان: کاتێک پیاو خێزانەکەى پشتگوێدەخات وەک پێویست گرنگى پێنادات، سەرجێى لەگەڵ ناکات، ئەم ئافرەتە یان ئافرەتێکى باوەڕدارو پاکیزەیە و دان بەخۆ دەگرێت و لایەنى سێکسى لە بیرخۆى دەباتەوە، یان توشى لادان و خلیسکان دەبێت هەوڵدەدات لە ڕێگەى کەسێکى ترەوە ویست و ئارەزووەکانى خۆى تێربکات تا لە ئەنجامدا تووشى هەڵەى گەورە دەبێت.
- بۆشایى ئاینى: گەورەترین هۆکار و پاڵنەر بۆ پاکیزەیى وپاراستنى خێزان، پتەوکردنى ژیانى هاوسەرى وپێکەوە ژیان و دووربون لەهەڵەو تاوان وخراپەو خیانەت بوونى باوەڕێکى پتەو و بەهێزو بەپێزە، هەر لەکۆنەوە زاناى گەورە ئیبن خەلدون وتویەتى: (ان المرأة اذا لم تشغل بالدین شغلت بالرجال) ئافرەتان گەر بەئاین وباوەڕەوە خەریک نەبن ئەوکاتە بەپیاوانەوە خەریک ئەبن، ئەمە بۆ پیاوانیش هەمان شتە.
-نمایش کردنى دراما و ئەو کەناڵانەى شتى خراپ پەخشدەکەن، یەکێک لەوگرفتە گەورانەى ئیمڕۆى جیهان گەنج ولاوەکانى بەگشتى خەریک کردووە، تووشى لادان وهەڵخزانى خووڕەوشت و بەها باڵاکانى کردون سەیرکردنى ئەو کەناڵانەیە لەڕێگەى سەتەلایت و ئەنتەرنێتەوە کەبەردەوام شتى ناشایستە بڵاودەکەنەوە بێ هیچ سنور دانانێک.

+کاتێک ژن و پیاو خیانەت دەکەن لەیەکتر، سزاکەیان لە ڕووى شەرعەوە چیە؟
خیانەتى هاوسەرى کۆمەڵێک سزاى دونیایى و قیامەتى رووبەروى دەبێتەوە، لەوانە:
1. خیانەت لە ڕووى شەرعەوە تاوانێکى گەورەیە.
2.لە ڕووى دەرونى و کۆمەڵایەتیەوە ئابڕووبەرێکی قێزەونە.
3.لە ڕووى یاساییەوە سزای قورسى هەیە.


لە ڕووى شەرعەوە:
ئەم تاوانە بە پێى قورئان و فەرموودە هەڕەشەی قورسى لەسەرە، چونکە دەبێتە هۆى هەڵوەشانەوەى خێزان و دەبێتە هۆیى تیاچوونى داهاتویان، دەبێتە هۆیى کێشەو ناڕێکى و وڵات وێرا دەکات و ئاسایش و ئارامى ناهێڵێت، خواى گەورە دەفەرموێت: (واذا أردنا أن نهلک قریة أمرنا مترفیها ففسقوا فیها، فحق علیها القول فدمرناها تدمیرا) الاسراء الایە 16.
واتە: کاتێ بمانەوێت دانیشتوانى شارو وڵاتێک لە ناوبەرین فەرمان دەدەین بە گوێڕایەڵى و کردەوەى چاک بە دەوڵەمەندە خراپەکان و زۆر دارەکان کەچى ئەوان یاخى دەبن و لەفەرمان دەردەچن، جا بڕیارى سزادان پێویست دەبێت بۆ دانیشتوانى ئەو شارە، جا ئەو شارانە وێران دەکەین بە وێرانکردنێکى تەواو.
کەواتە گوناه دەبێتە هۆکارى وێرانى و تیاچونى سیستەم و یاسای وڵات، لە ئایەتێکى تردا خواى گەورە هەڕەشەى کردووە لەوانەى دەیانەوێت خراپەو تاوان بڵاوبکەنەوە: (ان الذین یحبون أن تشیع الفاحشة فی الذین امنوا لهم عذاب ألیم" سورە النور الایە (19).
واتە: ئەوانەى پێیان خۆشە کردارى ناشرین و زینا بڵاوبێتەوە لە ناو خەڵکى ئیمانداردا سزای سەختیان بۆ هەیە لە دونیا و ڕۆژى دوایدا، لە ئایەتێکى تردا دەفەرموێت: (الخبیثات للخبیثين والخبیثون للخبیثات). سورە النور الایە 26.
واتە: ئافرەتانى ناپاک بۆ پیاوانى ناپاک و پیاوە پیسەکان بۆ ئافرەتە پیسەکان.
بە تایبەت بۆ ژنێک کە شوى کردبێت، یان پیاوێک ژنى هێنا بێت ء تووشى داوێن پیسى بووبێت گەورەترین سزاى هەیە لە شەریعەتى ئیسلامدا کە ئەویش ڕەجم کردنیەتى لەبەر چاوى خەڵک تائەمرێت.


+جیاوازى لە نێوان ژن و پیاودا هەیە بۆ ئەو تاوانە؟
-لە سزاى ئەم جۆرە تاوانەدا هیچ جۆرە جیاوازیەک لە نێوان ژن و پیاودا نیە نە لە ڕووى شەرعەوە نە لە ڕووى یاساییەوە، هەردووکیان وەک یەک تەماشا دەکرێن، سزاى خۆیان وەردەگرن .

+ئایا کاتێک ئەم گرفتە ڕودەدات هاوسەرەکە چى بکات؟ ئەو ژیانە هەڵوەشێنێتەوە یان نا؟

- کاتێک یەکێک لە هاوسەران گومانى خیانەتى هەیە دەبێت لەو خیانەتە دڵنیا بێتەوە، وەک وتراوە "الزنا سلف ودین" یان "کما تدین تدان " لە فەرموودەشدا هاتووە: "عفوا تعف نسائکم" پاکیزەبن تا خێزانەکانیشتان پاکیزە بن. دوایى هەموو ئەمانە کاتێک هاوسەر هەستى کرد بە خیانەتى هاوسەرەکەى یەکسەر بڕیارى پچڕاندنى ژیان لەگەڵیدا نەدات.

یەکەم: هەوڵبدات بە ڕێگەى دروست ڕووبەڕووى ئەو حاڵەتە ببێتەوە، دەگونجێت ئەو هەڵەیە بە ئامۆژگارى و ڕێنمونى و ترسى قیامەت چارەسەر بێت، هەروەها بڵاونەکرێتەوە، پاشان ئەو کەسە تەوبە بکات و بەچاکى بگەرێتەوە و واز لەو تاوانە بهێنێت.
دووەم: گەر ئامۆژگارى چارەسەرى نەکرد سەرزەنشت بکرێت ئاگادار بکرێتەوە لە دەرئەنجامى خراپى ئەو کارەو ئابڕوچونى لە ڕووى کۆمەڵایەتى و یاساییەوە.
سێهەم: هەڕەشە لێکردنى بە ئاشکراکردنى ئەو تاوانە بە کەس و کارى و هاوڕێیانى.
چوارەم: ئاگادارکردنەوەى هەندێک لە خزم و کەس وکارى بە شێوەیەکى ژیرانە.
پێنجەم: گەر بەو ڕێگایانەى سەرەوە چارەسەر نەبوو، پەنا ببرێتە بەر یاساو هەوڵى چارەسەر بدات یان هەوڵى جیابوونەوەى بدات وەک وتراوە "آخر الدواء الکي".



خـێـزان

ژنێك 15 ساڵە تەڵاق دراوە و لەگەڵ مێردەكەی دەژی

تەڵاقی سێ، مەلا و یاسا هاوڕا دەكات

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

سوودەکانی خوێن بەخشین چییە ؟

پێویستە پێش هەر خوێن بەخشینیک پشکنین بکەیت