یازدە ڕێگای سروشتی کە دەتوانیت کۆنتڕۆڵی ئازارەکانتی پێبکەیت

هەواڵی / 9/9/2019 429 جار بینراوە

یازدە ڕێگای سروشتی کە دەتوانیت کۆنتڕۆڵی ئازارەکانتی پێبکەیت

 

دەرمانە ئازارشکێنەکان یەکێکە لە ڕێگا خیراو کاریگەرەکان بۆ شکاندنی ئازار لە لەشدا، بەڵام لەبەر ئەوەی زیانی لاوەکیان زۆرەو لەوانەیە کاریگەریان ھەبێت لەسەر گورچیلەو جگەر، بۆیە باشترە ھەموو کات پەنا نەبەین بۆیان و ڕێگا سروشتییەکان بەکاربێنین.

 
 لێرەدا باسی چەند ڕێگایەکی سروشتی دەکەین بۆ کەمکردنەوەی ئازار:

 ١- جووڵەکردن بۆ ڕژانی ھۆرمۆنی ئیندۆرفین: لەش ماددەی ئیندۆرفین دەردەکات لەکاتی ئازاردا، کە ئەمە ئازارشکێنێکی سروشتییە، ئیندۆرفین کاریگەری ھەیە لەسەر سیگناڵی ئازار و ناھێڵێت بگات بە مێشک، بەو جۆرە ئازار کەم دەبێتەوە.

 ھەر چالاکییەک و جووڵەیەک لەلەشدا کە لێدانی دڵ خێرا بکات بۆ ماوەیەک دەبێتە ھۆی زیاتر ڕژانی ھۆرمۆنی ئیندۆرفین کەھەم ئازارشکێنە، ھەم ھێور کەرەوەیە کە خەمۆکی و بێتاقەتی کەمدەکاتەوە.

 
٢- پارچەیەک نەستەلە یاخود شکوڵاتە بخۆ: توێژینەوەکان دەڵێن خواردنی شیرینی وەک نەستەلە یاخود شکولاتە تۆخەکان یان ئایس کرێم کاریگەرییان ھەیە لەسەر کەمکردنەوەی ئازارو وەرگرتنی سیگناڵی ئازار کەمدەکەنەوە لەلایەن مێشکەوە، بەڵام ھەموو کات باشترە شیرینیەکانت لە ماڵەوە دروست بکەیت بۆ ئەوەی تەندروستتر بێت.

٣- گەرمکردنی ھەر جومگەیەک ئازاری تیایە: لەبەرئەوەی گەرمگردنی شوێنی ئازار یارمەتی جوڵانی خوێن دەدات زیاتر بۆ ناوچەی ئازارەکە، بەمجۆرەش ئازارەکە کەمتر دەبێتەوە.

٤- ھەندێک جار بەکارھێنانی ساردی و سەھۆڵ: لە ھەندێک ئازاری کتوپڕدا یاخود پێکان یاخود ئازارێک بەھۆی ھەوکردنەوە بێت لە جومگەکان باشترە سەھۆڵ یاخود پاکی سارد بەکاربێنین، کە سیگناڵەکانی ئازار سست دەکاتەوەو نایەڵێت بگات بە مێشک.

٥- سترێچ و وەرزش: سترێچ و کشانی ماسولکەکان بە وەرزشکردن کاریگەریەکی زۆری ھەیە بۆ کەمکردنەوەی ئازار، لەبەرئەوەی لەشی مرۆڤێک بەشێوەیەک خولقاوە کە پێویستی بە جووڵانە، ئەگەر نەجوڵێت لەبەرئەوەی ئازارت ھەیە، ئەوا حاڵەتەکەت خراپ تر دەبێت، ھەر بۆیە ڕای پسپۆڕی چارەسەری سروشتی یاخود پزیشکەکەت وەرگرە بۆ باشترین وەرزش کە بگونجێت بۆ تۆ.

٦- بچۆرە بەر خۆر: تەنیا ١٠ خولەک چونە بەر خۆر ڕۆژانە، کاریگەریەکی زۆری ھەیە بۆ کەمکردنەوەی ئازار، چونکە ڕێژەی ڤیتامین( دی) زیاد دەکات لە خوێندا، لەتوێژینەوەیەکدا کە کراوە لەسەر( ٢٠٠) نەخۆش کە داخورانی جومگەی ئەژنۆیان ھەبووە، بینراوە ئەوانەی کە ڕۆژانە( ٤٠٠- ٨٠٠ وەحدە ) ڤیتامین (دی) یان وەرگرتووە ڕۆژانە ئازاریان کەمتر بووە لەوانەی وەریان نەگرتووە، توێژینەوەکان دەڵێن ڤیتامین دی یارمەتی ئازارشکاندن دەدات بەوەی ھەڵمژینی کالسێۆم زیاد دەکات کەیارمەتی گەشەکردن و دروستبوونی ئێسک دەدات.

٧- پراکتیزەکردنی عادەتی خەوی تەندروست: خەوتنی تەندروست و بۆ کاتی تەواو پێویست زۆر گرنگە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئازار و بۆ خێراکردنی چاکبوونەوە، ھەر بۆیە ئەو ڕۆتینەی ھەتە لە کاتی نوستن با تەندروست بێت، تکایە با ژووری خەوتنەکەت تاریک و بێدەنگ بێت، ھیچ جۆرە ئامێرێکی ئەلکترۆنی با لە ژوورەکەتدا نەبێت وەکو تیڤی یاخود مۆبایل و کۆمپێۆتەر، جەدوەلێکی گونجاو دابنێ بۆ کاتی نوستنت کە (٦-٨) تیایدا بخەویت لە شەودا.
 
٨- میدیتەیشن و ڕیکلاسەیشن و ئارامبوونەوە: میدیتەیشن دەتوانرێت سادە بێت یاخود پرۆفیشناڵ و ئاڵۆز بێت، ئەگەر بە ڕێگایەکی سادە بیکەیت، ئەوە تەنیا پێویستە چاوەکانت داخەیت و بەبێدەنگی دانیشیت یاخود پاڵکەویت گوێ لە میوزیکێکی ئارام بگریت کە حەزت لێبێت، لە مێشکتدا میوزیکەکە دووبارە بکەرەوە، یەکەمجار دەتوانیت بە چەند خولەکێک دەست پێبکەیت ھەتا دەگەیتە ٣٠ خولەک.

یاخود دەتوانیت بەشێوەیەکی پڕۆفیشناڵانە تر بیکەیت و ڕای کەسێکی پسپۆڕ وەرگریت لەو بوارەدا، کەپێی دەوترێت میدیتەیشنی ئاراستەکراو، کە ئەمەش کلاس و پۆلی تایبەتی ھەیە دەتوانیت بیخوێنیت.


٩-مەساجکردن وشێلان بەشێوەیەکی تەندروست: مەساجی تەندروست و پڕۆفیشناڵ کاریگەرییەکی زۆری ھەیە بۆ کەمکردنەوەی ئازار ئەویش بەوەی کە ماسولکەکان خاو دەکاتەوەو گواستنەوەی خوێن بۆ ناوچەکە زیاد دەکات، کەیارمەتی زوو چاکبونەوە دەدات، ھەروەھا ماددەی ئیندۆرفین زیاد دەکات کەئازارشکێنێکی بەھێز و سروشتییە لە لەشی مرۆڤ دا.

١٠- سۆشیاڵ بەو تا دەتوانیت تێکەڵ بە خەڵک بە: بینراوە ئەو کەسانەی ئازاری موزمن و بەردەوامیان لەگەڵە و تێکەڵ دەبن لەگەڵ کەسانی تردا کە ھەمان کێشەیان ھەیە، زیاتر دەتوانن کۆنتڕۆڵی ئازارەکەیان بکەن وەک لەوانەی تر، ئەویش بەگوێگرتن لەو گروپانە یاخود کۆمەڵانەی کە ڕێنماییت دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئازارەکەت و لەو نەخۆشانە پێکھاتوون کە ئازارێکی بەردەوامیان ھەیە.

 
١١- دەرزی ئاژنین و ھایدرۆتیراپی: ھەتا ئێستا بەتەواوەتی نەزانراوە میکانیزمی ئیشکردنی ئەم ڕێگا چارە کۆنەی چینییەکان چییە، بەڵام ئەوەی سەلمێنراوە کە یارمەتی زیادکردنی ڕێژەی ئیندۆرفین دەدات لە لەشدا، کە بەمەش ئازاری بەردەوام کەمدەبێتەوە، ڕێگا چارەیەکی تر ھایدرۆتیراپیی یە ( وەرزشکردن لەناو ئاودا ) کەیارمەتی خاوبوونەوەی ماسولکەکان دەدات و گرژبوون ناھێڵێت.

 
د۰ هه‌ڤین که‌مال شاه محەمەد پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج ــ ئه‌ندامی پڕۆفیشناڵی ئه‌کادیمیایی ئه‌مریکی بۆ ئازار شکاندن


زۆرترین بینراو