نهێنى ڕه‌شى بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ، له‌ ژورى نه‌شته‌رگه‌رى نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كانى هه‌رێمه‌وه‌

هەواڵی / 9/8/2019 491 جار بینراوە

 نهێنى ڕه‌شى بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ، له‌ ژورى نه‌شته‌رگه‌رى نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كانى هه‌رێمه‌وه‌

شه‌ن پرێس: وڵات
"ته‌مه‌نم ته‌نیا ٢١ ساڵه، ئێستا من گه‌نجێكم كه‌ یه‌ك گورچیله‌ى هه‌یه‌. من كه‌وتمه‌ داوى ئه‌و كه‌سانه‌ى بازرگانى به‌ جه‌سته‌ى مرۆڤ ده‌كه‌ن، له‌ به‌غداوه‌ هێنامیان بۆ دهۆك، به‌ڵێنى ٤ ملیۆن دیناریان پێدام له‌به‌رامبه‌ر گورچیله‌كه‌م، به‌ڵام هه‌موو شتێك كاتێك كۆتاى هات كه‌ من خۆم له‌ ژورێكى نه‌شته‌رگه‌ریدا بینیه‌وه‌ له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى دهۆك".

(س. ئا) گه‌نجێكى عێراقى ته‌مه‌ن ٢١ ساڵانه‌، كه‌وتووه‌ته‌ داویى یه‌كێك له‌ بانده‌كانى بازرگانیكردن به‌ جه‌سته‌ى مرۆڤ له‌ عێراق كه‌ له‌ شاره‌كانى باشور  و ناوه‌ڕاستى عێراق، قوربانییه‌كان ده‌هێنن، له‌ هه‌رێمى كوردستان جه‌سته‌كڕه‌كان ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌یان لێده‌كڕن ، له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى هه‌رێم ئه‌ندامه‌كه‌ كارى گواستنه‌وه‌ى بۆ ده‌كرێت.


(س. ئا) كه‌ ئێستا ته‌نیا یه‌ك گورچیله‌ى هه‌یه‌، به‌ وته‌ى خۆى "هه‌ڵخڵه‌تێنراوه‌"  باس له‌ چیرۆكه‌كه‌ى ده‌كات و ده‌ڵێت: "من خه‌ڵكى به‌غدام، ویستم گورچیله‌یه‌كم  بفرۆشم، ئه‌م كاره‌م له‌ڕێگه‌ى تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك كرد. په‌یوه‌نیدم به‌ كڕیارێكى گورچیله‌وه‌ كرد له‌ڕێگه‌ى په‌ڕه‌یه‌كه‌وه‌ له‌ فه‌یسبووك، ئه‌وه‌بوو گورچیله‌كه‌یان كڕیم به‌رامبه‌ر 4 ملیۆن دینار".

ئه‌و گه‌نجه‌ كه‌ په‌شیمانى به‌ روخسار و جه‌سته‌یه‌وه‌ دیاره‌، درێژه‌ به‌ گێڕانه‌وه‌ى چیرۆكه‌كه‌ى ده‌دات به‌ خه‌مبارییه‌وه‌ ده‌ڵێت: "پاش ئه‌وه‌ى رێككه‌وتین، بانده‌كه‌ منیان به‌ڕێكرد بۆ هه‌ولێر و له‌وێشه‌وه‌ بۆ دهۆك. هه‌موو شتێك باشبوو تا ئه‌وكاته‌ى من له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى دهۆك داخڵكرام، بۆ ئه‌وه‌ى نه‌شته‌رگه‌رى گواستنه‌وه‌ى گورچیله‌كه‌م بۆ بكه‌ن. هه‌موو شتێك له‌و ساته‌وه‌ ده‌ستى پێكرد، چونكه‌ خۆمم له‌ ژورێكى نه‌شته‌رگه‌ریدا بینییه‌وه‌ كه‌ پێنج پزیشكى تێدابوو، بێ هۆشكرام، نه‌شته‌رگه‌ریم بۆ كرا و گورچیله‌كه‌م ده‌رهێنرا".


"من هه‌ڵخڵه‌تێنرام"

(س. ئا) كه‌ به‌ روخسارییه‌وه‌ هیلاكى و بێزارى دیاره‌ ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو: "من هه‌ڵخڵه‌تێنرام، چونكه‌ كه‌ له‌ ژوورى نه‌شته‌رگه‌رى هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌، هۆشم هاته‌وه‌ ته‌نیا ٤٠٠ هه‌زار دیناریان پێدام، نه‌  باسێك له‌ ٤ ملیۆن هه‌بوو نه‌ هیچ شتێك".

چیرۆكه‌كانى بارزگانیكردن به‌ مرۆڤ له‌ عێراق به‌ گشتى و له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ تایبه‌تى یه‌كێكه‌ له‌و بابه‌تانه‌ى كه‌ زۆرترین كات په‌رده‌پۆشده‌كرێت. بانده‌كانى كڕین و فرۆشتنى جه‌سته‌ پارێزگاكانى عێراق یان ته‌نیووه‌، سلێمانى و هه‌ولێر و دهۆك و به‌غدا ش پشكى شێریان له‌م بابه‌ته‌دا به‌رده‌كه‌وێت، چونكه‌ روانگه‌ى عێراق بۆ قوربانیانى بازرگانى به‌ مرۆڤ ئاشكرایكردووه‌ "هه‌رێمى كوردستان بووه‌ته‌ حه‌شارگه‌ى بانده‌كانى بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ، تێیدا كاره‌ نایاساییه‌كانیان ئه‌نجامده‌ده‌ن، نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كانیش پشكى شێریان له‌م بابه‌ته‌دا به‌رده‌كه‌وێت".

شارى هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستان یه‌كێكه‌ له‌و شارانه‌ى كه‌ بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ تێیدا بووه‌ته‌ بابه‌تێكى حاشاهه‌ڵنه‌گر. له‌م شاره‌دا دوو باندى سه‌ره‌كى هه‌ن كه‌ بازرگانى به‌ مرۆڤ ده‌كه‌ن. ئه‌م دوو بانده‌ به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى كارى گواستنه‌وه‌ى ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌ به‌تایبه‌تى (جگه‌ر و گورچیله‌) ده‌كه‌ن به‌رامبه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌كى كه‌م كه‌ له‌ ٥ ملیۆن دیناره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و به‌ ١٠ ملیۆن دینار كۆتاى دێت. كارى گواستنه‌وه‌ى ئه‌م ئه‌ندامانه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كانى شارى هه‌ولێر ئه‌نجامده‌درێن.

به‌پێى زانیارییه‌كان له‌ كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى باوه‌ڕپێكراوه‌ ده‌ستكه‌وتوون "زۆرینه‌ى ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى جه‌سته‌ كه‌ له‌ هه‌ولێر بازرگانیان پێوه‌ده‌كرێت، ده‌فرۆشرێن به‌ كه‌سایه‌تیه‌كى ده‌وڵه‌مه‌نى كوه‌یتى، به‌هۆى ئه‌وه‌ى بڕه‌ پاره‌یه‌كى زۆر له به‌رامبه‌ر ئه‌و ئه‌ندامانه‌ ده‌دات".

پارێزگاى سلێمانى یه‌كێكى تره‌ له‌ ناوه‌نده‌كانى ترى بازرگانیكردن به‌ جه‌سته‌ى مرۆڤ له‌ هه‌رێمى كوردستان، چونكه‌ له‌م شاره‌دا چوار تۆڕى سه‌ره‌كى بازرگانیكردن به‌ جه‌سته‌ى مرۆڤ هه‌ن، ستافه‌كه‌كانیان كورد و توركن. ئه‌م چوار تۆڕه‌ سه‌رجه‌میان له‌گه‌ڵ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كانى ئه‌م شاره‌، په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌ و له‌ ژووره‌كانى نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌و نه‌خۆشخانانه‌دا كارى گواستنه‌وه‌ى ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌ ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى، یه‌كێك له‌م تۆڕانه‌ قوربانییه‌كان ده‌باته‌ وڵاتى میسر و  له‌ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كانى شارى قاهیره‌، ئه‌ندامه‌كانیان بۆ ده‌گوازنه‌وه‌.



"ئه‌م تۆڕانه‌ نوسینگه‌ى تایبه‌تیان هه‌یه‌"


به‌پێى زانیارییه‌كان كه‌ له‌باره‌ى شێوازى كارى ئه‌م تۆڕانه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتوون "ئه‌م تۆڕانه‌ نوسینگه‌ى تایبه‌تیان هه‌یه‌ له‌ سلێمانى. كاتێك قوربانییه‌ك ده‌چێته‌ لایان به‌ڵێنى پێده‌ده‌ن، پاره‌كه‌ى پێ بده‌ن، ته‌نانه‌ت كه‌ ده‌برێنه‌ سلێمانى له‌ گرانترین هۆتێلى ئه‌و شاره‌ ژوریان بۆ ده‌گرن، به‌ڵام له‌ كۆتایدا سه‌رجه‌میان له‌ ژورى تاریكى نه‌شته‌رگه‌ریدا خۆیان ده‌بیننه‌وه‌".

نرخى ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌ لاى ئه‌م تۆڕانه‌ جێگيرنیه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى گشتى "بۆ هه‌ر گورچیله‌یه‌ك بڕى پێنج ملیۆن دینار دیاریكراوه‌، بۆ هه‌ر گون-ێكیش بڕى ١٢ ملیۆن دینار دیاریكراوه‌"، به‌ڵام له‌ كۆتایدا سه‌رجه‌م قوربانییه‌كان هه‌ڵخڵه‌تێنراون و ئه‌وه‌ى كه‌ پێیان وتراوه‌ ته‌نیا به‌ڵێنێكى پوچبووه‌.

شارى دهۆك، وه‌ك یه‌كێك له‌ پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان بێبه‌ش نیه‌، له‌ بانده‌كانى بازرگانیكردن به‌ جه‌سته‌ى مرۆڤ، ئه‌و باندانه‌ى كه‌ له‌م شاره‌دا كارده‌كه‌ن، باندى هاوبه‌شى كورد و عه‌ره‌بن، چونكه‌ قوربانییه‌كان له‌ شاره‌كانى ناوه‌ڕاست و باشورى عێراقه‌وه‌ ده‌هێنن بۆ دهۆك، له‌وێ له‌ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كان به‌شێوه‌یه‌كى نهێنى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانیان بۆ ئه‌نجامده‌درێت.

ئاماره‌كانى ئه‌و تۆڕانه‌ى كه‌ بازرگانى به‌ جه‌سته‌ى مرۆڤ ده‌كه‌ن، هۆشدارى به‌ڕێوه‌چوونى پڕۆسه‌یه‌كى نایاسایی ترسناك له‌ عێراق ده‌ده‌ن، چونكه‌ به‌گوێره‌ى ئه‌م ئامارانه‌ "ته‌نیا گه‌نجان نا، به‌ڵكو منداڵ و هه‌رزه‌كار و ژنانیش بوونه‌ته‌ قوربانى ده‌ستى تۆڕه‌كانى بازرگانى به‌ مرۆڤ".


"له‌ عێراق ٢٧ تۆڕ بوونیان هه‌یه‌"


به‌پێى ئامارێكى روانگه‌ى عێراق بۆ قوربانیانى بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ كه‌  ڕۆژى یه‌كشه‌ممه‌ ٢٨ى ته‌موزى ٢٠١٩ بڵاوكراوه‌ته‌و "له‌ سه‌رانسه‌رى عێراقدا، ٢٧ تۆڕى بازرگانیكردن به‌ ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌ى مرۆڤ بوونیان هه‌یه‌.  رێژه‌ى دوو له‌سه‌ر سێى قوربانییه‌كانى ناو ئه‌م تۆڕانه‌ بریتین له‌، هه‌رزه‌كارى خوار ته‌مه‌ن ١٦ ساڵ، قوربانیان تێدایه‌ كه‌ ته‌نیا ته‌مه‌نى چوار ساڵه‌. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى، ژماره‌یه‌كى زۆریان له‌و ژنانه‌ پێكدێن كه‌ هه‌م كارى له‌شفرۆشى ده‌كه‌ن، هه‌میش ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌یان كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ده‌كرێت".

هه‌ر به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى كه‌ روانگه‌ى عێراق بۆ قوربانیانى بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ بڵاویكردونه‌ته‌وه‌ له‌ راپۆتێكى تایبه‌تیدا له‌ ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ ١٩ى كانونى یه‌كه‌مى ٢٠١٨ "كۆمه‌ڵێك شارى عێراق هه‌ن كه‌بوونه‌ته‌ لانه‌ى بانده‌كانى بازرگانیكردن به‌ ئه‌ندامه‌كان و جه‌سته‌ى مرۆڤ كه‌ گرنگترینیان بریتین له‌: به‌غدا، سلێمانى، هه‌ولێر، بابل، دیوانیه‌ و دهۆك. له‌نێو ئه‌م شارانه‌شدا به‌غدا پشكى شێرى به‌رده‌كه‌وێت، چونكه‌ ڕێژه‌ى ٤٠٪ى تاوانه‌كانى بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ له‌ناو ئه‌م شاره‌دان".

"به‌پرسى باڵا له‌پشت ئه‌م تۆڕانه‌وه‌ن"


لایه‌نێكى ترى ئه‌م بابه‌ته‌ بریتیه‌ له‌و كه‌سانه‌ى كه‌ له‌ پشت ئه‌م تۆڕانه‌وه‌ن، پشتیوانیان ده‌كه‌ن، به‌پێى زانیارییه‌كانى  روانگه‌ى عێراق بۆ قوربانیانى بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ تایبه‌ته‌كانییه‌وه‌ ده‌ستى كه‌وتون "كه‌سانى به‌پرسى باڵا له‌پشت ئه‌م تۆڕانه‌وه‌ن، به‌شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام یارمه‌تیان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن نه‌كه‌ونه‌ داوى هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌، به‌ ئاسانى كاره‌ نایاساییه‌كانیان ئه‌نجامبده‌ن. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى، به‌ڕێوه‌به‌ران و كارمه‌ندان و پزیشكانى نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ته‌كان له‌ سه‌رجه‌م شاره‌كانى عێراق، كه‌ بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌م باندانه‌ و له‌ناو نه‌خۆشخانه‌كانیاندا كارى گواستنه‌وه‌ى ئه‌ندامه‌كان ده‌كرێت بۆ قوربانیه‌كان".

بنكۆڵكارى، ڕۆجیار هێمن


زۆرترین بینراو