ساڵانە لە كوردستان بایی 123 ملیۆن دۆلار دایبی بەكاردەهێنرێ‌

هەواڵی / 5/8/2019 202 جار بینراوە

ساڵانە لە هەرێمی كوردستان بایی 123 ملیۆن دۆلار دایبی بەكاردەهێنرێ‌ .

بەپێی ئامارێك ساڵانە بایی 123 ملیۆن دۆلار دایبی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێ‌ كە 80%یان توركین. سێ‌ كارگەی بەرهەمهێنانی دایبش كە پێشتر لە كوردستان دامەزراون، ئێستا كارناكەن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان هیچ داتا و ئامارێكی نییە لەبارەی بڕ و بەهای ئەو دایبیانەی ساڵانە هاوردە دەكرێن، چونكە ئەوان لە پێدانی مۆڵەت ناچنە ناو وردەكاریی كاڵا هاوردەكراوەكانەوە. بۆیە بۆ دەستكەوتنی زانیاری (رووداو) پشتی بە داتاكانی دەستەی ئامار و تێكڕای نرخی ماركەكانی دایبی و پێویستیی رۆژانەی بەكارهێنانی بەستووە.

بەپێی داتاكانی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، ساڵی رابردوو ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان (جگە لە ئاوارەكان) 5 ملیۆن و 895 هەزار كەس بووە، لەم ژمارەیەش 601.824 كەس تەمەنیان لەنێوان یەك رۆژ تاوەكو 3 ساڵیدایە. ئەگەر رۆژانە هەریەك لەو منداڵانە تەنیا 4 دایبی بەكاربهێنێ، ساڵانە دەكاتە 879 ملیۆن دایبی، كۆی خەرجیی بەكاربردنی دایبیش بە گوێرەی تێكڕای نرخی ماركەكانی دایبی، ساڵانە نزیكەی 123 ملیۆن دۆلارە.

لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا زیاتر لە 30 ماركەی دایبی هەن، نزیكەی 80%یان توركین، ئەوانی دیكەش بەرهەمی كارگەكانی سعودیە و میسر و هەندێ وڵاتی دیكەن، بەڵام ئێستا هیچ كارگەیەكی دروستكردنی دایبی لە كوردستان، دایبی دروست ناكەن.

بۆ بەبازاڕكردنی كاڵاكانیان، كۆمپانیاكان بە دوو شێواز دایبییەكانیان دەفرۆشن، بەشێكیان راستەخۆ بە هایپەر ماركێت و هەفتەبازاڕ و سوپەر ماركێتەكانی دەفرۆشن، بەشێكیشی بە جوملەفرۆشەكانی بازاڕ دەفرۆشن.  

رەفیق عەلی، جوملەفرۆشێكی دایبیە لە بازاڕی شێخەڵڵای شاری هەولێر، زیاتر لە 20 جۆر ماركەی دایبی لە پێشەنگاكەی هەیە و مانگانە بایی نزیكەی 80 هەزار دۆلار دایبی بە ماركێتەكانی شاری هەولێر و دەوروبەری دەفرۆشێت، دەڵێت: "دایبی جۆری زۆرە و نرخەكانیشیان بەگوێرەی جۆر و كواڵیتی دەگۆڕێ. فرۆشمان زیاتر لەو جۆرە دایبیانەیە كە نرخیان هەرزانە و كواڵیتییان تارادەیەك باشە، بۆ نموونە ئێمە 6 جۆر دایبی توركیمان هەیە نرخەكانیان لەنێوان 10 تاوەكو 12 هەزار دینارە، فرۆشیان زۆر باشە، بەڵام لە سوپەر ماركێتەكان زیاتر ئەو دایبیانە دەفرۆشرێن كە نرخیان مام ناوەندە، لە مۆڵەكانیش زیاتر ئەوانە دەفرۆشرێن كە كواڵیتییان باشە و نرخیان بەرزە".

بەهۆی ئەو هەموو جۆرە ماركەیەی دایبی كە لە كوردستان هەن، كێبڕكێیەكی توند لە نێو كۆمپانیا بازرگانییەكاندا هەیە، هەندێكیان لە رێگەی رێكلام و هەندێكی دیكەیان  لە رێگەی داشكاندنی نرخ و فرۆشتنی كاڵاكانیان بە قیست دەیانەوێ‌ زۆرترین كڕیار بۆ لای خۆیان رابكێشن.

 یادگار قادر، بەڕێوەبەری بە بازاڕكردن لە گروپی كۆمپانیاكانی بەهار گروپ كە گروپەكەیان بریكاری ماركەیەكی دایبی توركییە، دەڵێت: "لە بازاڕەكانی عێراق ماركەی دایبی زۆرە، بەڵام زیاتر فرۆشی ئەو ماركانە باشە كە ریكلامی زۆر دەكەن و لە بازاڕ ناسراون، بەشێوەیەكی گشتی فرۆشی ئەو ماركانە باشە كە كواڵیتییان باشە و نرخیان مام مناوەندە"
یادگار كە ماستەری لە بەبازاڕكردنی كاڵادا هەیە، دەڵێت: "ساڵانە نزیكەی یەك ملیۆن منداڵ لە عێراق لەدایك دەبن، هەر منداڵێك رۆژانە بەتێكڕا 4 دایبی بەكاردەهێنێ، خەرجی ساڵانەی ئەم دایبیانەش بەتێكڕا نزیكەی  200 دۆلار لەسەر خێزانەكان دەكەوێت، ئەگەر تەنیا خەرجی بەكارهێنانی دایبی بۆ منداڵانی یەك رۆژ تا سێ ساڵی بە نموونە وەربگرین، ساڵانە بایی زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلار دایبی لە عێراق دەفرۆشرێ". 

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان، سێ مۆڵەت بۆ دامەزراندنی كارگەی دایبی دراون، یەكێك لە سلێمانی و دووش لە هەولێر. دوو لەم كارگانە بەهۆی ساغنەبوونەوەی بەرهەم داخراون. كارگەیەكیش خەریكی پەرەپێدانی ئامێرەكانیەتی.

جۆزێف فەوزی ئیبراهیم، بەڕێوەبەری كۆمپانیا و كارگەی سانیتا، بۆ دروستكردنی كلینس و دایبیی لە شاری هەولێر، دەڵێت: "عێراق بازاڕێكی گەرمە بۆ فرۆشتنی دایبی، بەڵام كۆمپانیا توركییەكان بازاڕیان قورخ كردووە. بەهۆی لاوازیی كواڵیتی كۆنترۆڵیش بازار پڕ بووە لە بەرهەمی خراپ، ئەوان هیچ پابەندنین بە یاساكانی عێراق و تەنیا بەدوای قازانجدا دەگەڕێن، ئەمە لەكاتێكدایە ئێمە بەگوێرەی ستانداری عێراق و نێودەوڵەتی دایبی دروست دەكەین، بەڵام هیچ هەنگاوێك بۆ پاراستنی بەرهەمەكانمان نەنراوە".

كۆمپانیاكەی ئیبراهیم لە ساڵی 2009 مۆڵەتی لە دەستەی وەبەرهێنان وەرگرتووە و كارگەیەكی لە هەولێر دامەزراندووە. جۆزێف گوتی: "كارگەكەمان كار دەكات، تەنیا هێڵی دروستكردنی دایبیمان راگرتووە. پێشتر فرۆشی بەرهەمەكانمان لە شارەكانی عێراق باش بوو، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بەهۆی گرفتی دابەشكردن و  ویستی بریكارەكان بۆ سیستەمی فرۆشتنی بە قیست، فرۆشمان باش نەبوو، دوای بەكاركەوتنەوەی كارگەكە هەوڵ بۆ چارەسەری ئەو گرفتە دەدەین".

كەس وەبەرهێنان لە دایبیدا ناكات

سروود ئەحمەد فەقێ، بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەڵێت: "هەرێمی كوردستان پێویستی بە چەند كارگەیەكی گەورەی دروستكردنی دایبی هەیە، چونكە ساڵانە پارەیەكی خەیاڵی بۆ هاوردەكردنی دایبی دەچێتە دەرەوە. بەشێك لەو دایبیانەشی هاوردە دەكرێن لە جۆری خراپن و هی ئەوە نین بەكاربهێنرێن، چونكە ئەو ماددانەی لە دروستكردنیاندا بەكاردێت ئەگەر لەجۆری باش نەبن پێستی منداڵ تووشی نەخۆشی دەكەن".

سروود دەڵێت نزیكەی پێنج ساڵە لە پلانی ساڵانەیاندا داوای دامەزراندنی كارگەی بەرهەمهێنانی دایبییان كردووە، بەڵام دەڵێت بەداخەوە وەبەرهێنەرانی كوردستان هێشتا لە گرنگیی وەبەرهێنان لەم بوارە تێنەگەیشتوون و وەك پێویست دەستپێشخەرییان نەكردووە بۆ دامەزراندنی كارگە".

سەبارەت بە داخستنی سێ‌ كارگەكەی دروستكردنی دایبی لە كوردستان، سروود دەڵێت: "داخستنی ئەو كارگانە بەشێكی پەیوەندی بە گرفتی بەبازاڕكردنەوە هەیە كە ناتوانن لە نرخدا كێبڕكێی بەرهەمی هاوردە بكەن، بۆیە وەك هاندانێك بۆ دامەزراندنی كارگەی نوێ و بەكاركەوتنەوەی ئەم كارگانە داوای كەمكردنەوەی رەسمی گومرگی لەسەر ئەو ماددانەمان كردووە كە لە دروستكردنی دایبی بەكاردێت، هەروەها لەڕێگەی یاسای پاراستنی بەرهەمی ناوخۆش ئەگەر كارگەكان بەرهەمیان هەبێت، دەتوانین رەسمی سەر هاوردەكردنی بەرهەمی بیانی زیاد بكەین".


زۆرترین بینراو