ڕێحانە نەک هەر بۆنخۆشە، دەرمانیشە بۆ دابەزاندنی ئاستی شەکری ناوخوێن

هەواڵی / 5/8/2019 244 جار بینراوە

ڕێحانە نەک هەر بۆنخۆشە، دەرمانیشە بۆ دابەزاندنی ئاستی شەکری ناوخوێن


ڕێحانە کە بەعەرەبی پێی دەڵێن(الریحان) و بە ئینگلیزیش ( basil )، وەک ڕوەکێکی بۆنخۆش ناسراوە، بەڵام لەوانەیە زۆرمان نەزانین هەندێک تایبەتمەندی پزیشکی دەگمەنی هەیە، کە لێکۆڵینەوە نوێکانی زانست سەلماندویانە.
دابەزاندنی ئاستی شەکری ناوخوێن:
بەپێی نویترین لێکۆڵینەوەی زانستیی، ڕێحانە ڕێژەی شەکری ناوخوێن دائەبەزێنێت و ئاستی کۆلیسترۆڵی باش زیاد دەکات و دژە ئۆکسیدیشە، هەروەک بۆ بەد هەرسی و پێچ بەسکدا هاتن بەسودە.
لێکۆڵینەوەکە دەریخستوە ( لەسەر مشکی تاقیگە ) کە ڕێحانە دژی گەشەکردنی خانەی شێرپەنجەیی گەدە و ڕیخۆڵە و پێستە، چونکە ڕۆنەکەی ترشەکانی ( ستریک )، ( بالمیتیک )، ( ئۆلیک )، ( ئینۆلیک ) ی تێدایە، وێڕای ڤیتامینەکانی A و C کە دژی هەوکردن و گەشەکردنی خانە شێرپەنجەییەکانن.
هەروەک ڕێحانە کاریگەریشە بۆ بەهێزکردنی یادەوەری و سوڕی خوێن و هاندان و چالاککردنی گلاندی ( ئەدریالین ).
خاوێنکردنی کۆئەندامی هەرس:
لێکۆڵینەوەکان سەلماندویانە، ڕۆنی ڕێحانە کاریگەریەکی بکوژی هەیە بۆ میکرۆب و کرمی ناو کۆئەندامی هەرس و سەردەمانی زووش گەلانی ئاسیا و تا ئێستاش بەکاریانبردوە بۆ کرم کوشتن.
جگە لەوەش، هەندێک لە گەلانی ئاسیا بە تایبەت لە فلیپین بەکاری دێنن بۆ چارەسەری هەندێک پەڵەی گەڕیی کە بەهۆی کەڕوو دروست ئەبێت و پێستی سەر، قژ و نینۆکەکان ئەگرێتەوە.
بۆ چارەسەری زیپکە:
هەندێک لێکۆڵینەوەی هیندی ئاماژە بەوە ئەکەن کە رۆنی ڕێحانە بەکتریا کوژە کاتێک لە پێست ئەسوەرێت، بۆیە بە چارەسەرێکی گونجاوی زیپکە دائەنرێت، کە بەکتریا یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی دروستبوونی.
بۆ بەرزکردنەوەی توانای دەزگای بەرگری لەش:
هەندێک تاقیکردنەوە سەلماندویانە کە ڕێعانە توانای جەستە بەهێز دەکات لە بەرهەمهێنانی دژە تەن بە ڕێژەی لە سەدا بیست، هەربۆیە بەکتریا کوژێکی باشە، لەکۆندا بەکارهینراوە بۆ چارەسەری نەخۆسیە پەتاکان ( گوێزراوەکان ).
ڕێحانە و سوڕێ مانگانە:
خاتوو دیان دینسین لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا( herbal medicine)، نوسیویەتی : ڕیحانەی تازە چارەسەریکی باوی دواکەوتنی سوڕی مانگانەیە.
چای ڕیحانە بۆ ئەم گرفتە:
هێندەی کەوچکێکی گەورە گەڵای سەوزی ڕیحانە ئەکرێتە کوپیک ئاوی لە کوڵ و ماوەی نیو سەعات دائەنرێت، پاشان ئەپاڵێورێت و ئەنۆشرێت.
بەکارهێنانی ڕیحانە بۆ چارەسەر:
ڕۆنی ڕیحانەی ئامادە بۆ بەکارهێنان لەبازاڕ هەیە.
بۆ دروستکردنی چای ڕیحانە، دوو تا سێ کەوچکی بچوک گەڵای وشکی ڕیحانە ئەکرێتە کوپێک ئاوی لە کوڵ و ماوەی دە تا بیست خولەک دائەنرێت.
ڕۆژی سێ کوپ چای ڕیحانە ئەنۆشرێت بۆ پێشگیری لە پەتا هەر وەک تام و چێژێکی خۆشیشی هەیە.
بۆ چارەسەری زیپکەی دەم وجاو، ئەکرێت پارچەیەک لۆکە بەچای ڕیحانە تەر بکرێت و بهینرێت بەسەر زیپکەکەدا، یا بڕێکی زۆر کەم ڕۆنی ڕیحانە بەکار ئەبرێت.
ئەکرێت سود لە ڕیحانە وەربگیرێت بەوەی بکرێتە چێشت و خواردنەوە کە ئەمە لە ئەوروپا و ئەمریکا باوە و تامێکی خۆشیش ئەبەخشێتە خواردنەکە.

زۆرترین بینراو