پسپۆرێكی خۆراک داوا لە هاووڵاتیان دەكات نانی ڕەش و بۆر بخۆن

هەواڵی / 15/7/2019 377 جار بینراوە

پسپۆرێكی خۆراک داوا لە هاووڵاتیان دەكات نانی ڕەش و بۆر بخۆن


ئەندازیارێکی خۆراکی كورد بە پێویستی دەزانێ ئەو ئاردەی لە كوردستان دەکرێتە نان، کەپەکی لێ نەگیرێت و بە بۆری و رەشی بخورێت، دەنا زۆرترین پێکھاتە خۆراکیەکەی لەدەست دەدات.

لەشکر حەمید ئەندازیاری خۆراک کە ھاوکات لێپرسراوی لیژنەی تەندروستیی سلێمانییە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند توێژینەوەکان دەریانخستووە نانی جۆ کە بە نانی بۆر ناسراوە، ڕێژەیەکی باش ڕیشاڵی سروشتی لە پێکھاتەکەیدا ھەیە کە ئەوەش کاریگەری لە ڕێگری لە شێرپەنجەی گەدە و ڕیخۆڵە ھەیە.

گوتیشی ھاوکات نانی جۆ، کرداری ھەرسکردن ئاسان دەکات‌ و یارمەتی مژینی پێکھاتەکانی خۆراک دەدات بۆ جەستە و ھۆکاریشە بۆ دابەزاندنی کێش، چونکە بە شێوەیەکی بەردەوام ھەست دەکەیت تێریت‌ و ئارەزووی خواردن کەم دەکات.

ئەو ئەندازیارەی خۆراک باسی لەوەش کرد کە پێویستە ئاردی گەنم کە بۆن نانی سپی بەکاردێت، کەپەکەکەی لانەبرێت و نەبێژرێت، ئەوکات ھەمان سوودی نانی جۆی دەبێت.

لەشکر حەمید نیگەرانی خۆی لەوە دەربڕی کە تا ئێستە نەبووەتە نەریت لە شوێنە گشتییەکان لەپاڵ نانی سپی، نانی بۆر (جۆ) بەکاربھێنرێت، بە تایبەتی لەو شوێنانەی خواردنی خێرا و لەفەی لێ دەفرۆشرێت.

جێی باسە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا دەمێكە مرۆڤ خۆی بە دوور دەگرێ لە نانی سپی، زۆرتر نانی بۆر و ڕەش بەكاردێت، كە دۆستی تەندروستیین.


زۆرترین بینراو