پارتی بەشێک لە پۆستە سیادی و گرنگەکانی لە یەکێتى وەرگرتووەتەوە

هەواڵی / 9/7/2019 594 جار بینراوە

پارتی بەشێک لە پۆستە سیادی و گرنگەکانی لە یەکێتى وەرگرتووەتەوە
 

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانى کابینە یەک لەدواى یەکەکانى حکومەتى هەرێم، ئەوا دەردەکەوێت کە یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، بەردەوام وەزارەتە سیادیییە گرنگەکانى کەمبووەتەوە و بۆ پارتى دیموکراتى کوردستان رۆشتووە.

وەزارەتى سامانە سروشتییەکان، وەزارەتى ناوخۆ، وەزارەتى دارایی، وەزارەتى پەروەردە و وەزارەتى داد، ئەمانە بەشێکى گرنگی وەزارەتەکانى حکومەتى هەرێمن و ، بەڵام وردە وردە و ماوەى چەند ساڵێکە ئەم وەزارەتانە لاى ئەو حزبە نەماون، لە بەرامبەردا چەند وەزارەتێکى دیکەی خزمەتگوزاریی وەک کشتوکاڵ، ئاوەدانکردنەوە و ڕۆشنبیری، وەرگرتووە.

لە ساڵى ٢٠٠٩ لە کابینەى شەشەمى حکومەتى هەرێمدا بەرهەم ساڵح، کە ئەو کات سەرۆک وەزیرانى هەرێم بوو، بەهۆی پسپۆڕییەکەیەوە ئاشتى هەورامی لە دەرەوەى وڵاتەوە هێنایەوە کوردستان و کردی بە وەزیری سامانە سروشتییەکان، بەڵام دواتر ئاشتی هەورامی لە پارتی نزیکبوەوە، لە هەردوو کابینەى حەوتەم و هەشتەمیشدا کردیانەوە بە وەزیری سامانە سروشتییەکان، تا ئێستاش پارتی ئامادە نییە جارێکی دیکە ئەو وەزارەتە بداتەوە بە یەکێتى.

وەزارەتى ناوخۆ، کە یەکێکە لە وەزارەتە سیادییە گرنگەکانى حکومەت، لە ساڵى ٢٠٠٦ لە کابینەى پێنجەم تا شوباتى ٢٠٠٩ عوسمانى حاجى مەحمود لەسەر پشکى یەکێتى وەزیرى ناوخۆ بوو، بەڵام دواتر ئەم وەزارەتە لە ساڵى ٢٠١٢ لە کابینەى حەوت و دواتریش لە کابینەى هەشتەم لە ساڵی ٢٠١٤دا پارتى بە دانانى کەریم سنجارى ئەو پۆستەى لە یەکێتى وەرگرتەوە و تا ئێستا ئەم وەزارەتە هەر لاى پارتییە.

دواى ئەوەى پارتى هەردوو وەزارەتى سامانە سروشتییەکان و ناوخۆی لە یەکێتى وەرگرتەوە، تا ئێستاش لە گفتوگۆکانى پێکهێنانى حکومەت هێڵى سوورى لەسەر ئەو دوو وەزارەتە داناوە.

وەزارەتى داراییش، کە یەکێکە لە وەزارەتە سیادییەکانى هەرێم و بایز تاڵەبانى لەسەر پشکى یەکێتى لە ساڵى ٢٠٠٩ لە کابینەى شەشەمدا ئەو پۆستەى وەرگرتووە، بەڵام لە کابینەى هەشت و نۆدا پارتى ئەم پۆستەی لە یەکێتى وەرگرتەوە و داى بە بزوتنەوەى گۆڕان.

وەزارەتى پەروەردەش، کە یەکێکە لە وەزارەتە گرنگەکانى حکومەت و پێشتر لە ساڵى ٢٠٠٦ لە کابینەى پێنجەمدا دڵشاد عەبدولڕەحمان وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێم بوو لە پشکى یەکێتى، بەڵام لە کابینەى شەشەمەوە تا ئێستا ئەوە چەند ساڵێکە پارتى ئەو پۆستەى لە یەکێتى وەرگرتووەتەوە و لاى خۆى ماوەتەوە.
لە ساڵى ٢٠٠٦ لە کابینەى پێنجەم فاروق جەمیل لەسەر پشکى یەکێتى پۆستى وەزارەتى دادیى وەرگرتبوو، ئەم وەزارەتە لاى یەکێتى بوو، بەڵام لە ساڵى ٢٠٠٩ لە کابینەى شەشەمەوە تا ئێستا پارتى ئەو وەزارەتەشی لە یەکێتى وەرگرتووەتەوە.


زۆرترین بینراو