#نێچیرڤان بارزانی #مەسرور بارزانی

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان: بەڵێنەکانی نێچیرڤان بارزانی کۆپیکراون و لە داهاتووشدا بەدینایەن

هەواڵی / 11/6/2019 114 جار بینراوە

له‌كاتێكدا گۆڕان ده‌نگی به‌بارزانی داوه‌
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان: بەڵێنەکانی نێچیرڤان بارزانی کۆپیکراون و لە داهاتووشدا بەدینایەن
شه‌ن پرێس:
ئەندامێکی فراکسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند،باشترە سەرۆکی حکومەت دان بە هەڵەکانی حکومەتەکەیدا بنێت کە بەرامبەر خەڵکی کوردستان کردوونی و، جەختیشی کردووەتەوە کە بەڵێنەکانی نێچیرڤان بارزانی کۆپیکراون و لە داهاتووشدا بەدینایەن.

هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، سەرۆکی حکومەت لە ماوەی حکومڕانییەکەیدا شتێکی پێشکەش نەکردووە کە بۆی هەژماربکرێت، بەڵکو کابینەی نوێی هەرێمی خستووەتە ژێر قەرزێکی ٣٠ ملیار دۆلاری و قەرزێکی زۆری فەرمانبەران.

باسی لەوەش کردووە، سەرۆکی حکومەت "حكومەتێكی بۆ جێهێشتین كە بەدەست فشەڵی لە دامەزراوەكانیدا دەناڵێنێت بەهۆی دامەزراندنی هەڕەمەكیی بەكۆمەڵ، بە جۆرێك بەپێی ئەو خشتانەی كە حكومەتی هەرێم دانیپێداناون زیاتر لە ٢٠%ی دانیشتووانی هەرێم لە كەرتی گشتی دامەزراون"، ئەوە جگە لەوەی لە سەردەمی کابینەکەیدا هێرش كراوەتە سەر ئازادییە گشتییەكان لە هەرێم، لەگەڵ ئەوەشدا لە ئاهەنگی دەستبەکاربوونیدا پەیامێك هەبووە وەک ئەوەی كە ئەوان خاوەنی هەموو باشی و پیرۆزییەكان بن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هیواداربووە سەرۆکی هەرێم  دوای سوێندخواردنی یاسایی دانینابا بە هەڵە كارەساتبارەكانی کە پەیوەندیی هەبووە بە نەبوونی شەفافیەت  لە داهاتی نەوت و بەرهەمە ناوخۆییەكان و پرسی پاشەكەوتی مووچە، روونیشیکردووەتەوە کە "شەقامی كوردی پێیوایە دانانی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی بنەماڵەیی دەچەسپێنێت."

ئەوەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٩ پەرلەمانی کوردستان بۆ سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی هه‌رێم لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەولێر کۆبووەوە، دوای ئەوەی رۆژی ٢٨ی ئایار بە دەنگی ٦٨ پەرلەمانتاری پارتی و گۆڕان نێچیرڤان بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرا.

زۆرترین بینراو