قوباد تاڵه‌بانی‌: رووداوی‌ تەقەکردن لە مەکۆی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان په‌یوه‌ندی‌ به‌ یه‌كێتیه‌وه‌ نییه‌

هەواڵی / 11/6/2019 126 جار بینراوە

پۆلیس: بەهیچ جۆرێك تەقە لە مەكۆی گۆڕان نەكراوە
قوباد تاڵه‌بانی‌: رووداوی‌ تەقەکردن لە مەکۆی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان په‌یوه‌ندی‌ به‌ یه‌كێتیه‌وه‌ نییه‌

شه‌ن پرێس:
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تویتێكیدا لەسەر ئەو دەنگۆیانەی كە ئاڕاستەی یەكێتیی دەكرێت، لەبارەی روداوەكەی شەوی رابردووی نزیك گردی زەرگەته‌ دەڵێت، بەپێی لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس رووداوەكە پەیوەندی بە یەكێتییەوە نەبووە .

قوباد تاڵه‌بانی‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات كه‌ به‌پێی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی‌ هێزه‌كانی‌ پۆلیسی‌ سلێمانی‌، ڕووداوی‌ ته‌قه‌كردنی‌ شه‌وی‌ ڕابردووی‌ نزیك له‌بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان په‌یوه‌ندی‌ به‌یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانه‌وه‌ نه‌بووه‌.

پۆلیسی سلێمانی‌ لەسەر تەقەکردن لە مەکۆی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان ڕوونکردنەوەیەکی‌ بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "بەهیچ جۆرێك تەقە لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان نەكراوە"

به‌رێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ سلێمانی‌ له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ده‌ڵێت، شەوی ڕابردوو كاتژمێر  1 و 30 خولەكی شەو گرژی و ئاڵۆزی دەكەوێتە نێوان كۆمەڵێك چەكدار و پاسەوان (سكیورتی) نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە، كە چەكدارەكان ویستویانە بەزۆر بچنە ناو نەخۆشخانەكەوە و چەكدارەكان هێرشیان كردۆتە سەر سكیورتیەكان و تەقە دروست بووە لە بەردەم نەخۆشخانەكە و دور لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان.

پۆلیسی‌ سلێمانی‌ ده‌شڵێت، بەهۆیەوە هاوڵاتی ( ڕ ، ف ) برینداربووەو دەستبەجێ‌ هێزەكانی پۆلیس گەیشتونەتە شوێنی ڕوداوەكەو بریندارەكەیان بۆ نەخۆشخانە گواستۆتەوە بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لە دەستداوە .

وه‌ك له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی‌ پۆلیسی‌ سلێمانیدا هاتووه‌ " بە پێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی پۆلیس دەركەوتووە كە بەهیچ جۆرێك تەقە لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان نەكراوە و تەنها كێشەكە لەنێوان چەكدارەكان و سكیورتی نەخۆشخانەكەدا بووە ".

لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن، لەداهاتوشدا تەواوی ڕێكارەیاساییەكان بۆ هاوڵاتیان دەخەینە ڕوو .

به‌یانی ئه‌مرۆ میدیای‌ فه‌رمی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆران بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ " شەوی رابردوو تەقە لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان كراوه‌و بەهۆی تەقەكردنەكەوە پاسەوانێكی گۆڕان شەهید بووه‌"  راشگه‌یه‌نراوه‌، بزوتنەوەی گۆڕان داوای لێكۆڵینەوەی جدی و بەپەلە دەكات.

به‌پێی‌ هه‌واڵه‌كه‌ی میدیای گۆڕان " كاتژمێر یەك و 30 خولەكی شەوی رابردوو ژمارەیەك چەكدار تەقەیان لە مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان كردووه‌ لە سلێمانی و بەتوندی لەلایەن پاسەوانەكانەوە وەڵامدرانەوە و هەر بەهۆی تەقەی ئەو چەكدارانەشەوە پاسەوانێك بەناوی رێبەند فەرهاد شەهید بوو " .

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی‌ ئه‌و رووداوه‌وه‌، میدیای گۆڕان بڵاویكردوه‌ته‌وه‌ " بزوتنەوەی گۆڕان وێڕای هاوخەمی بۆ شەهید بوونی كاكە رێبەند، پرسە و سەرەخۆشی لە كەسوكارەكەی دەكات و داوای لێكۆڵینەوەیەكی جدی و بێلایەن دەكات بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردن و دادگاییكردنی تۆمەتبارانی ئەو رووداوە".

زۆرترین بینراو