ئه‌و بارودۆخانه‌ی‌ ئافره‌ت تێیاندا ده‌توانێت‌ به‌ڕۆژوو بێت یاخود رۆژوو نه‌گرێت .

هەواڵی / 21/5/2019 489 جار بینراوە

ئه‌و بارودۆخانه‌ی‌ ئافره‌ت تێیاندا ده‌توانێت‌ به‌ڕۆژوو بێت یاخود رۆژوو نه‌گرێت .

شه‌ن پرێس :
وه‌ڵامدانه‌وه‌ی : دكتۆره‌ عه‌تیه‌ - راوێژكاری‌ نه‌خۆشییه‌كانی‌ ئافره‌تان

دكتۆره‌ عه‌تیه‌ حه‌مه‌ سه‌عید ساڵحی‌، راوێژكاری‌ نه‌خۆشییه‌كانی‌ ئافره‌تان و منداڵبوون و چاره‌سه‌ری‌ نه‌زۆكی‌ و خاوه‌نی‌ بڕوانامه‌ی‌ كۆلیژی‌ شاهانه‌ی‌ به‌ریتانی‌ و راوێژكاری‌ ته‌ندروستی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران، سه‌باره‌ت به‌و بارودۆخانه‌ی‌ كه‌ ئافره‌ت تێیاندا ده‌توانێت له‌رووی‌ ته‌ندروستییه‌وه‌ به‌ڕۆژوو بێت له‌مانگی‌ ره‌مه‌زانی‌ پیرۆز یاخود رۆژوو نه‌گرێت، به‌م شێوه‌یه‌ تایبه‌ت به‌( شه‌ن پرێس )رایگه‌یاند:

به‌رۆژووبوونی‌ ئافره‌ت
خوای‌ په‌روه‌ردگار له‌ ڕێگای‌ ئاینی‌ پیرۆزی‌ ئیسلام و به‌ سه‌رپه‌رشتی‌ پێغه‌مبه‌ر (د.خ)رێوڕه‌سمی‌ ته‌ندروستی‌ مرۆڤی‌ دیاریكردووه‌. له‌ساڵێكدا)11)مانگ به‌ شه‌وورۆژ به‌گوێره‌ی‌ پێویست و ویستی‌ خۆت ده‌توانی‌ هه‌موو شتێكی‌ پاك بخۆیت ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ پێغه‌مبه‌ر (د.خ) ئامۆژگاریمان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ زۆر نه‌خۆین تاكو تووشی‌ توخمه‌ نه‌بیت و هه‌ناسه‌ت ته‌نگ نه‌بێت به‌ زۆر خواردن. له‌ مانگی‌ ره‌مه‌زان كه‌ تایبه‌تمه‌ندیه‌كی‌ زۆری‌ هه‌یه‌ له‌ لای‌ خوای‌ په‌روه‌ردگار و موسڵمانان, له‌و مانگه‌دا پێویسته‌ تاكی‌ موسڵمان به‌ درێژایی‌ رۆژه‌كانی‌ ئه‌و مانگه‌ ده‌می‌ خۆی‌ بگرێت له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ و قسه‌و كرداری‌ ناڕێك. ئافره‌ت كه‌ تایبه‌تمه‌ندی‌ جه‌سته‌یی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ له‌م مانگه‌دا چه‌ند رێنماییه‌كی‌ تایبه‌ت و ئاسانكاری‌ تایبه‌تی‌ بۆ كراوه‌.

1-له‌ كاتی‌ سوڕی‌ مانگانه‌ یان هه‌ر خوێن هاتنێكی‌ تر, چونكه‌ خۆی‌ بێ هێز ده‌بێت و له‌لایه‌نی‌ شه‌ریعه‌تیشه‌وه‌ نابێت به‌ رۆژوو بێت, وه‌ ده‌توانێت له‌هه‌ركاتێكی‌ تردا رۆژووه‌كه‌ی‌ قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌.

2-له‌كاتی‌ سكپڕیدا: ئافره‌تی‌ دووگیان له‌سه‌ره‌تایی‌ سكه‌كه‌یدا تاكو 3 مانگی‌ له‌وانه‌یه‌ تووشی‌ دڵ هه‌ڵچوون و رشانه‌وه‌ ببێت, له‌و كاته‌دا ده‌توانێت به‌ڕۆژوو نه‌بێت تاكو باش ده‌بێت. به‌ڵام زۆر ئافره‌ت هه‌یه‌ كه‌ سكپڕی‌ كاری‌ تێناكات و ده‌توانێت به‌ ئاسایی‌ خۆی‌ به‌ڕۆژوو ببێت. له‌ مانگی‌ 4 و 5 و 6 ی‌ سكه‌كه‌ی‌ ده‌توانێت به‌ ئاسایی‌ خۆی‌ به‌رۆژوو ببێت چونكه‌ هیچ كاریگه‌ریه‌كی‌ له‌سه‌ر كۆرپه‌كه‌ی‌ نابێت. له‌ مانگی‌ 7 و 8 و 9 به‌تایبه‌تی‌ له‌ وه‌رزی‌ هاویندا ئافره‌تی‌ دووگیان واباشتره‌ به‌ڕۆژوو نه‌بێت چونكه‌ برسێتی‌ و تێنوویه‌تی‌ كارده‌كاته‌ سه‌ر كورپه‌كه‌ی‌ و ده‌توانێت له‌كاتێكی‌ تر رۆژووه‌كانی‌ قه‌ره‌بوو بكاته‌وه‌.

3-له‌كاتی‌ 40 رۆژه‌ی‌ دوای‌ منداڵبوون: له‌به‌ر پاك و خاوێنی‌ و بێتاقه‌تی‌ ئافره‌ته‌كه‌ و له‌لایه‌نی‌ شه‌ریعه‌تیشه‌وه‌ ئافره‌ت نابێت به‌ رۆژوو بێت.

4-له‌كاتی‌ شیردان: به‌ گشتی‌ به‌ڕۆژووبوون ده‌بێته‌ هۆی‌ كه‌مكردنه‌وی‌ شیری‌ دایك به‌تایبه‌تی‌ له‌ وه‌رزی‌ هاویندا چونكه‌ دایك پێویستی‌ به‌ شله‌ و میوه‌ی‌ زۆر هه‌یه‌ بۆ زیادبوونی‌ شیره‌كه‌ی‌, بۆیه‌ دایكان ده‌توانن له‌و مانگه‌دا به‌رۆژوو نه‌بن و دواتر قه‌ره‌بووی‌ رۆژییه‌كانیان بكه‌نه‌وه‌.

5-ئه‌و ئافره‌تانه‌ی‌ نه‌خۆشی‌ درێژخایه‌نیان هه‌یه‌ وه‌ك فشاری‌ خوێن و شه‌كره‌ و نه‌خۆشیه‌كانی‌ هه‌ناسه‌و .... ئه‌وان به‌گوێره‌ی‌ قورسی‌ نه‌خۆشیه‌كه‌یان و ئه‌و ده‌رمانانه‌ی‌ ده‌یخۆن ده‌توانن له‌لایه‌ن پزیشكی‌ پسپۆڕی‌ خۆیان بڕیاری‌ به‌ڕۆژووبوون وه‌ربگرن.

به‌گشتی‌ ڕۆژوو له‌ پاڵ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌ركێكی‌ ئاینی‌ رۆحیه‌ هه‌روه‌ها رێنماییه‌كی‌ ته‌ندروستیشه‌ بۆ ئیسراحه‌تدان به‌ گه‌ده‌ و ریخۆڵه‌كان و فێری‌ ئارامی‌ و خۆ پاككردنه‌وه‌ له‌ ده‌رده‌ ده‌روونیه‌كانی‌ وه‌ك دڵشكاندنی‌ خه‌ڵك و فیتنه‌ و ئه‌زیه‌تدان. له‌كاتی‌ به‌رۆژووبوون واباشه‌ بۆ پاك راگرتنی‌ ده‌م و هه‌ناسه‌ت زوو زوو ده‌مت به‌ ئاو بشۆیت و پاك و خاوێنی‌ له‌شت رابگریت.

له‌كاتی‌ رۆژووشكاندن: واباشه‌ رۆژوو به‌ شله‌ و خورما بكرێته‌وه‌ و پاشان ده‌توانیت كه‌مێك شله‌ی‌ سه‌وزه‌ بخۆیت, دواتر نوێژ بكه‌ و پاشان ژه‌مه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ت بخۆ, هه‌وڵبده‌ ژه‌مه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ت خواردنێكی‌ زۆر قورس و چه‌ور و سووركراوه‌ و تیژ نه‌بێت و به‌شی‌ زۆری‌ سه‌وزه‌ بێت و به‌له‌سه‌رخۆیی‌ خواردنه‌كه‌ت بخۆ. پاشان تاكو نووستن هه‌وڵ بده‌ میوه‌و شله‌ بخۆ.
له‌كاتی‌ پارشێو: خواردنی‌ قورس و چه‌ور مه‌خۆ و برێكی‌ زۆر شله‌ و سه‌وزه‌ و میوه‌ بخۆ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ریخۆڵه‌كانت ئه‌زیه‌ت نه‌ده‌یت و ئاوێكی‌ باش بخۆیته‌وه‌. ئیتر به‌ هیوای‌ ره‌مه‌زانێكی‌ خۆش و سه‌لامه‌ت و پڕ له‌ تاعه‌ت و به‌سه‌لامه‌تی‌ خاوخێزانتان. پڕۆفایل

*دكتۆره‌ عه‌تیه‌ حه‌مه‌ سه‌عید ساڵحی‌
*راوێژكاری‌ نه‌خۆشیه‌كانی‌ ئافره‌تان و منداڵبوون و چاره‌سه‌ری‌ نه‌زۆكی‌
*ده‌رچووی‌ كۆلیژی‌ پزیشكی‌ به‌غدا ساڵی‌ 1968
*خاوه‌نی‌ بڕوانامه‌ی‌ كۆلیژی‌ شاهانه‌ی‌ به‌ریتانی‌ 1979
*راوێژكاری‌ ته‌ندروستی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران
*سه‌رۆكی‌ پزیشكانی‌ عێراقی‌ له‌ هه‌ڵگری‌ بڕوانامه‌ی‌ كۆلیژی‌ شاهانه‌ی‌ به‌ریتانی‌ له‌بواری‌ پزیشكی‌ ئافره‌تان
*سه‌رۆكی‌ به‌شی‌ ئافره‌تان له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ رزگاری‌ فێركاری‌
*به‌رپرسی‌ خوێندنی‌ باڵای‌ بۆرد (دكتۆرا)ی‌ عیراقی‌ بۆ پزیشكانی‌ ئافره‌تان و منداڵبوون
* 24 ساڵ خزمتكردن له‌كوردستان و عێراق
* 10 ساڵ خزمه‌تكردن له‌ ووڵاتی‌ به‌ریتانیا
* 8 ساڵ خزمه‌تكردن له‌ ووڵاتی‌ سعودیه‌




زۆرترین بینراو