# مـانـگــی ڕه‌مـــــه‌زان

وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ی ئافره‌تان له‌ ڕه‌مه‌زاندا به‌ دوایدا ئه‌گه‌ڕێت .

هەواڵی / 10/5/2019 552 جار بینراوە

له‌ ئه‌حكامه‌كانی حه‌یز (( له‌ نوێژ و ڕۆژوو )) دا , چه‌ند پرسیار و وه‌ڵامێكی گرنگ بۆ ئافره‌تان .
وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ی ئافره‌تان له‌ ڕه‌مه‌زاندا به‌ دوایدا ئه‌گه‌ڕێت .

شه‌ن پرێس :
وه‌ڵامدانه‌وه‌ی : زانای پایه‌به‌رز شێخ (محمد بن صالح عثیمین)

پرسیار/ ئه‌گه‌ر چه‌ند دڵۆپه‌ خوێنێكی كه‌م له‌ له‌شی ئافره‌ت هاته‌ خوارێ له‌ مانگی ڕه‌مه‌زان, وه‌ به‌رده‌وام بوو به‌ درێژای مانگی ڕه‌مه‌زان ئه‌ویش به‌ڕۆژوو بوو ئایا ڕۆژووه‌كه‌ی دروسته‌؟

وه‌ڵام/ به‌ڵێ... ڕۆژووه‌كه‌ی دروسته‌ وه‌ هه‌رچی ئه‌و چه‌ند خوێنه‌یه‌ ئه‌وا هیچ نی یه‌ ئه‌وه‌ له‌ خوێنی ده‌ماره‌كانه‌, وه‌ك له‌ ئیمامی عه‌لی (خوا لێ ی ڕازی بێت) هاتووه‌ كه‌وا فه‌رموویه‌تی: (إن إن هذه النقط التي تكون كرعاف الأنف ليست بحيض). واته‌: (ئه‌م دلّۆپه‌ خوێنانه‌ كه‌ وه‌ك ئه‌و خوێنه‌یه‌ كه‌ له‌ لووت دێته‌ خوارێ, ئه‌وا به‌ خوێنی حه‌یز دانانرێت).

پرسیار/ ئه‌گه‌ر ئافره‌تێك به‌ڕۆژوو بوو, هه‌ستی به‌ خوێنی حه‌یز كرد, به‌ڵام له‌ دوای نوێژی مه‌غریب خوێنه‌كه‌ی هاته‌ خوارێ یان هه‌ستی به‌ ئێشی هاتنه‌ خوارێ ی خوێنی حه‌یز كرد, به‌ڵام دوای نوێژی مه‌غریب خوێنه‌كه‌ هاته‌ خوارێ, ئایا له‌م حاڵه‌ته‌دا ڕۆژووه‌كه‌ی ئه‌م ڕۆژه‌ی دروسته‌؟

وه‌ڵام/ ئه‌گه‌ر ئافره‌تێك به‌ڕۆژوو بوو, هه‌ستی به‌ خوێنی حه‌یز كرد, یان هه‌ستی به‌ ئێشی هاتنه‌ خوارێ ی خوێنی حه‌یز كرد به‌ڵام خوێنه‌كه‌ دوای خۆر ئاوا بوون هاته‌ خوارێ, واته‌ دوای كاتی ڕۆژووه‌كه‌، ئه‌وا ڕۆژووه‌كه‌ی ته‌واو دروسته‌و له‌سه‌ری نی یه‌ بیگێڕێته‌وه‌.

پرسیار/ ئه‌گه‌ر ئافره‌تێك له‌كاتی به‌ڕۆژوو بوونیدا خوێنێكی بینی له‌ گیانی هاته‌ خوارێ, به‌ڵام دڵنیا نه‌بوو له‌وه‌ی كه‌ ئایا خوێنی حه‌یز بووه‌ یان نا, ئایا له‌م حاڵه‌ته‌دا ڕۆژووه‌كه‌ی دروسته‌؟

وه‌ڵام/ ڕۆژووه‌كه‌ی دروسته‌ چونكه‌ ئه‌سڵ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خوێنه‌كه‌ حه‌یز نی یه‌ هه‌تا بۆی ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ حه‌یزه‌.

پرسیار/ هه‌ندێ جار ئافره‌ت ئه‌بینێ چه‌ند دڵۆپه‌ خوێنێكی كه‌م له‌له‌شی دێته‌ خوارێ له‌كاتی جیا جیا له‌ كاتی ڕۆژوودا هه‌ندێ جار له‌كاتی عاده‌كه‌ دێته‌ خوارێ, هه‌ندێ جاریش له‌ غه‌یری كاته‌كانی عاده‌ (بێ نوێژی) دێته‌ خوارێ, ئایا حوكمی ڕۆژوو گرتنی له‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا چی یه‌؟

وه‌ڵام/ ئه‌گه‌ر ئه‌م دڵۆپه‌ خوێنانه‌ له‌كاتی حه‌یز دا بوو وه‌ ئافره‌ته‌كه‌ش ئه‌م دڵۆپه‌ خوێنانه‌ی به‌ خوێنی حه‌یز داده‌نا ئه‌وه‌ ئه‌م خوێنه‌ به‌ حه‌یز ده‌ژمێردرێت.

پرسیار/ ئایا ئافره‌تی حه‌یزدارو زه‌یستانی ده‌توانن له‌ ڕۆژه‌كانی مانگی ڕه‌مه‌زاندا بخۆن و بخۆنه‌وه‌؟

وه‌ڵام/ به‌ڵێ.. ده‌توانن بخۆن و بخۆنه‌وه‌ له‌ ڕۆژگاره‌كانی ڕه‌مه‌زان, به‌ڵام وا باشتره‌ به‌ نهێنیه‌وه‌ بێت ئه‌گه‌ر منداڵی له‌ لابوو, چونكه‌ ئه‌وه‌ پرسیاری زۆر بۆ منداڵه‌كه‌ دروست ده‌كات.

پرسیار/ ئه‌گه‌ر ئافره‌ت له‌ حه‌یز یان زه‌یستانی پاك بوویه‌وه‌ له‌كاتی نوێژی عه‌سر ئایا پێویست ده‌كات له‌سه‌ری نوێژی نیوه‌ڕۆش له‌گه‌ڵ عه‌سر بكات, یان ته‌نها ده‌بێ عه‌سره‌كه‌ بكات؟

وه‌ڵام/ ڕاسترین و (ڕاجح)ترین بۆچوون له‌م كێشه‌یه‌دا ئه‌وه‌ كه‌ ته‌نها نوێژی عه‌سری له‌سه‌ر پێویسته‌, چونكه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نی یه‌ نوێژی نیوه‌ڕۆش له‌گه‌ڵی ئه‌نجام بدات.

پرسیار/ ئه‌گه‌ر ئافره‌ت له‌ڕۆژانی عاده‌ی ڕۆژێك خوێنی لێ ده‌هاته‌ خوارێ و ڕۆژه‌كه‌ی دواتر به‌درێژایی ڕۆژه‌كه‌ هیچی لێ نه‌ده‌هاته‌ خوارێ, ئایا چی له‌سه‌ره‌ بیكات؟

وه‌ڵام/ ئه‌وه‌ی دیاره‌ ئه‌م ووشك بوونه‌وه‌ی تووشی هاتووه‌ له‌ ڕۆژانی حه‌یزی ئه‌وا هیچ نییه‌ هه‌ر به‌ حه‌یز سه‌یر ده‌كرێت, واته‌ له‌و ڕۆژانه‌ش كه‌ خوێنه‌كه‌ ده‌وه‌ستێت ده‌بێت به‌ڕۆژوو نه‌بێت و نوێژ نه‌كات.

پرسیار/ هه‌ندێ ئافره‌ت له‌ دواڕۆژه‌كانی حه‌یز وه‌ پێش پاك بوونه‌وه‌ شوێنه‌واری خوێن نابینێت وه‌ خوێنه‌كه‌ی ده‌وه‌ستێت, وه‌هێشتا (القصة البیضاء)ی نه‌بینیوه‌ ئایا ده‌توانێت به‌ڕۆژوو ببێت یان چی بكات؟ (القصة البیضاء) مه‌به‌ست پێ ی پاك بوونه‌وه‌ و سپی بوونی ئه‌و پارچه‌ لۆكه‌ یان پارچه‌ په‌ڕۆ یان سانتی یه‌ كه‌ ئافره‌ت به‌ خۆی هه‌ڵ ده‌گرێت, به‌مه‌ش ده‌زانێت خوێنی حه‌یز وه‌ستاوه‌ یان نا, به‌ڵام ئیمام مالك (خوا لێ ی ڕازی بێت) به‌وه‌ لێكی داوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئاوێكی سپی یه‌ له‌له‌شی ئافره‌ت دێت به‌مه‌ش ده‌زانێت حه‌یزی وه‌ستاوه‌.

وه‌ڵام/ ئه‌گه‌ر عاده‌تی وابوو كه‌ (القصة البیضاء) نه‌ده‌بینی وه‌ك ئه‌مه‌ له‌ هه‌ندێك ئافره‌ت هه‌یه‌, ئه‌گه‌ر خوێنه‌كه‌ی وه‌ستا ئه‌وا ده‌توانێت به‌ڕۆژوو ببێت, به‌ڵام ئه‌گه‌ر عاده‌تی وابوو كه‌ (القصة البیضاء) ده‌بینی له‌كاتی پاك بوونه‌وه‌ی له‌حه‌یز ئه‌وا ئه‌گه‌ر خوێنه‌كه‌ی وه‌ستاو وشك بوو پێش پاك بوونه‌وه‌ی ئه‌وا نابێ به‌ڕۆژوو بێت هه‌تا (القصة البیضاء) ده‌بینێ, له‌به‌ر فه‌رمووده‌كه‌ی عایشه‌ خوا لێ ی ڕازی بێت (لاتعجلن حتي ترين القصة البيضاء) رواه‌ البخاري.

پرسیار/ ئایا حوكمی خوێندنه‌وه‌ی قورئان له‌لایه‌ن ئافره‌تی حه‌یزدار و زه‌یستانی چی یه‌ هه‌ر بۆ خوێندنه‌وه‌ یان له‌به‌ركردن, وه‌ بۆ پێویستی به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر قوتابی بوو یان مامۆستا؟

وه‌ڵام/ دروسته‌ ئافره‌تی حه‌یزدار یان زه‌یستانی قورئان بخوێنێت ئه‌گه‌ر بۆ پێویستی بوو, وه‌ ئه‌وه‌ی مامۆستا بوو یان ئه‌و ئافره‌ته‌ی وویرد و زیكری به‌یانیان ده‌خوێنێ, به‌ڵام ئه‌گه‌ر قورئان خوێندنه‌كه‌ی هه‌ر بۆ پاداشت و خێر بوو واته‌ زه‌رور نه‌بوو ئه‌وه‌ باشتر وایه‌ نه‌یخوێنێت, چونكه‌ زۆربه‌ی زانایان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ن ئافره‌تی حه‌یزدار بۆی نی یه‌ قورئان بخوێنێت.

پرسیار/ ئایا پێویست ده‌كات له‌سه‌ر ئافره‌تی حه‌یزدار جله‌كانی بگۆڕێت له‌دوای پاك بوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خوێنه‌كه‌ به‌ر جله‌كانی نه‌كه‌وتبێ؟

وه‌ڵام/ پێویست ناكات له‌سه‌ر كه‌ جله‌كانی بگۆڕێت ئه‌گه‌ر خوێنی حه‌یزه‌كه‌ی به‌ر نه‌كه‌وتبوو چونكه‌ حه‌یز له‌ش پیس ناكات, مه‌گه‌ر خوێنه‌كه‌ جله‌كه‌ی پیس كرد ئه‌و كاته‌ ده‌بێ جله‌كه‌ی بشۆرێت وه‌ك پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) فه‌رمووی به‌ ئافره‌ته‌كان ئه‌گه‌ر جله‌كانیان پیس بوو به‌ خوێنی حه‌یز, بیشۆن و ئینجا نوێژی پێوه‌ بكه‌ن. رواه البخاري.

پرسیار/ هه‌ندێ ئافره‌ت ڕه‌مه‌زانی دووه‌میان به‌سه‌ردا دێت و هێشتا ڕۆژوه‌كانی ڕه‌مه‌زانه‌كه‌ی تریان نه‌گرتۆته‌وه‌, ئایا له‌و حاڵه‌ته‌دا چی له‌سه‌ر یان پێویسته‌؟

وه‌ڵام/ پێویسته‌ تۆبه‌ بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌یان و نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ری چونكه‌ دروست نی یه‌ بۆ یه‌كێك كه‌ ڕۆژووی مانگی ڕه‌مه‌زانی له‌سه‌ره‌ بیگێڕێته‌وه‌ دوای بخات بۆ ڕه‌مه‌زانی داهاتوو به‌بێ عوزر, له‌به‌ر ئه‌و فه‌رمووده‌ی عایشه‌ خوا لێ ی ڕازی بێت كه‌ ده‌فه‌رموێت: (كان يكون عليّ الصوم من رمضان فما استطيع ان اقضيه الا في شعبان) رواه البخاري و مسلم, واته‌: (ڕۆژووگرتنه‌وه‌م له‌سه‌ر ده‌بوو, له‌وانه‌ی له‌ڕه‌مه‌زاندا نه‌م گرت بوو, نه‌م ده‌توانی بیگێڕمه‌وه‌ به‌ڵام له‌دوا جاردا هه‌موویم له‌ مانگی شعبان ده‌گرته‌وه‌) ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دروست نی یه‌ گێڕانه‌وه‌ی ڕۆژووی ڕه‌مه‌زانێك دوا بخرێت بۆ ڕه‌مه‌زانێكی داهاتوو جا پێویسته‌ له‌سه‌ری تۆبه‌ بكات وه‌ ئه‌وڕۆژانه‌ بگێڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ ڕه‌مه‌زان نه‌یگرتووه‌.

پرسیار/ ئه‌گه‌ر ئافره‌تێك كه‌وته‌ حاڵه‌تی حه‌یز بۆ نمونه‌ له‌ كاتژمێر یه‌كی نیوه‌ڕۆ, وه‌ هێشتا نوێژی نیوه‌ڕۆكه‌ی نه‌كردوه‌, جا ئایا ئه‌گه‌ر پاك بوویه‌وه‌ له‌م حه‌یزه‌ پێویست ده‌كات له‌سه‌ری نوێژی ئه‌و نیوه‌ڕۆیه‌ قه‌زا بكاته‌وه‌؟

وه‌ڵام/ زانایان دوو بۆچوونیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌مه‌:

هه‌ندێك ده‌ڵێن پێویست نی یه‌ نوێژی نیوه‌ڕۆكه‌ قه‌زا بكاته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دروسته‌ بۆی كه‌ نوێژه‌كه‌ دوا بخات تا دوا كاتی, وه‌ هه‌ندێكیش ده‌ڵێن:

ده‌بێت نوێژی نیوه‌ڕۆكه‌ش قه‌زا بكاته‌وه‌ چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) فه‌رمویه‌تی: (من أدرك ركعة من الصلاة فقد ادرك الصلاة) رواه البخاري. واته‌: (هه‌ر كه‌سێ بگات به‌ ڕكاتێك له‌ نوێژێكدا, ئه‌وا گه‌یشتوه‌ به‌م نوێژه‌ (واته‌ بۆ نمونه‌ كه‌سێك دره‌نگ فریای نوێژی عه‌سر ئه‌كه‌وێت كه‌ نوێژ ده‌كات ئه‌م ڕكاتی یه‌كه‌می كردووه‌و بانگی مه‌غریب ده‌درێت, ئه‌وا ئه‌م نوێژی عه‌سره‌ی بۆ حسابه‌), وه‌ باشتره‌ بۆی قه‌زای بكاته‌وه‌, هه‌ر بۆ دڵنیا بوون.

پرسیار/ چی ده‌ڵێیت ده‌رباره‌ی به‌كارهێنانی ده‌رمانی وه‌ستاندنی عاده‌ی حه‌یز (حبوب منع العادة الشهریة) بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ڕۆژوو بێت؟

وه‌ڵام/ ئاگادارت ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌و كاره‌ چونكه‌ به‌كارهێنانی ئه‌م ده‌رمانه‌ زۆر زیانی هه‌یه‌, ئه‌مه‌ش بۆم ڕوون بۆته‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی پزیشكه‌كانه‌وه‌, وه‌ به‌ ئافره‌ت ده‌وترێ حه‌یز شتێكه‌ خوای گه‌وره‌ له‌سه‌ر كچه‌كانی ئاده‌می نوسیوه‌ وه‌ك له‌ فه‌رمووده‌كه‌ی عایشه‌ (خوا لێ ی ڕازی بێت) هاتووه‌ كه‌پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) فه‌رمووی: (هذا شئ كتبه الله على بنات ادم) متفق علیه, واته‌:حه‌یز شتێكه‌ خوای گه‌وره‌ له‌سه‌ر كچانی ئاده‌میزادی نووسیوه‌.

پرسیار/ هه‌ندێك هاتنه‌ خواره‌وه‌ی خوێن له‌گه‌ڵ یان به‌رده‌وام ده‌بێت پاشان ڕۆژێك یان دووڕۆژ ده‌بچڕێت پاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌, جا حوكمی نوێژ كردن و ڕۆژوو گرتن له‌م حاڵه‌ته‌ چییه‌ وه‌ له‌سه‌رجه‌م عیباده‌ته‌كانی تردا؟

وه‌ڵام/ ئه‌وه‌ی ناسراوه‌ له‌لایه‌ن زانایان و شاره‌زایان ئه‌گه‌ر ئافره‌ت تووشی حه‌یز بوو ئه‌وا ماوه‌یه‌كه‌ پاشان خۆی پاك ده‌كاته‌وه‌, وه‌ ده‌ست ده‌كات به‌ نوێژ, وه‌ ئه‌وه‌ی له‌دوای ته‌واوبوونی حه‌یزه‌كه‌ ده‌بینرێت له‌خوێن به‌ حه‌یز دانانرێت چونكه‌ ده‌بێت كه‌مترین ماوه‌ی ئافره‌ت له‌ مانگێكدا به‌ پاكی بمێنێته‌وه (23) ڕۆژه‌ وه‌ هه‌ندێكیشیان ده‌فه‌رمون: ئه‌گه‌ر خوێنی بینی ئه‌وا حه‌یزه‌ وه‌ئه‌گه‌ر ووشك بوو وه‌ وه‌ستا ئه‌وا پاك ده‌بێته‌وه‌ وه‌ ئه‌گه‌ر چی له‌ نێوان ئه‌م دوو حه‌یزه‌دا (23) ڕۆژ هه‌بوو.

پرسیار/ ئافره‌تێك ده‌پرسێ و ده‌ڵێت له‌و كاته‌ی ڕۆژووی له‌سه‌ر فه‌رز بووه‌ ڕۆژوو ده‌گرێت, به‌ڵام ڕۆژووی ئه‌و ڕۆژانه‌ی كه‌ تیایدا عاده‌ (بێ نوێژ) بووه‌ نه‌یگرتۆته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نازانێ ئه‌و ڕۆژانه‌ی كه‌ تیایدا به‌ڕۆژوو نه‌بوه‌ چه‌نده‌, داوا ده‌كات ڕێنموی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی پێویسته‌ له‌سه‌ری بیكات؟

وه‌ڵام/ شتێكی دڵ گرانه‌ نه‌گێڕانه‌وه‌ی ڕۆژوو به‌تایبه‌ت له‌ ناو ئافره‌تانی مسوڵماندا جا ئه‌گه‌ر به‌هۆی كه‌م ته‌رخه‌می یان نه‌زانین بێت, هه‌ر كامێكیان بێت هه‌ر موسیبه‌ته‌, چونكه‌ ده‌رمانی نه‌زانین زانست و پرسیاركردنه‌, وه‌ ده‌رمانی كه‌مته‌رخه‌می ته‌قواو یادو ترسان له‌خوایه‌و زووكردنه‌ له‌ جێ به‌جێ كردنی ئه‌وه‌ی پێی ڕازییه‌, جا پێویست ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌م ئافره‌ته‌ تۆبه‌ بكات و جارێكی تر نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌م ڕه‌فتاره‌ ناشیرینه‌و هه‌وڵ بدات به‌گوێره‌ی توانا بزانێ چه‌ن ڕۆژی نه‌گرتووه‌ بیگرێته‌وه‌.

پرسیار/ ئافره‌تێك ده‌پرسێت ئه‌مه‌ حوكمی چی یه‌: ئه‌گه‌ر ئافره‌تێك تووشی حه‌یز بوو دوای هاتنی كاتی یه‌كێك له‌ نوێژه‌كان؟ جا ئایا ده‌بێت ئه‌م نوێژه‌ قه‌زا بكاته‌وه‌ دوای پاك بوونه‌وه‌ی؟ هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ئافره‌تێك پاك بوویه‌وه‌ و حه‌یزه‌كه‌ی وه‌ستا پێش ته‌واو بوونی كاتی یه‌كێك له‌ نوێژه‌كان ئایا ده‌بێت ئه‌م نوێژه‌ قه‌زا بكاته‌وه‌؟

وه‌ڵام/ به‌ڵێ... ئه‌گه‌ر ئافره‌تێك تووشی حه‌یز بوو دوای هاتنی كاتی یه‌كێك له‌ نوێژه‌كان ئه‌وا پێویسته‌ له‌سه‌ری كاتێك پاك ده‌بێته‌وه‌ ئه‌م نوێژه‌ قه‌زا بكاته‌وه‌ (بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر دوای نوێژی نیوه‌ڕۆ كه‌وته‌ حه‌یزه‌وه‌ وه‌ ئه‌ویش نوێژی نیوه‌ڕۆی هێشتا نه‌كردبوو ئه‌بێت كاتێك پاك بووه‌وه‌ ئه‌م نوێژی نیوه‌ڕۆیه‌ قه‌زا بكاته‌وه‌). چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) فه‌رمویه‌تی: (من من أدرك ركعة من الصلاة فقد ادرك الصلاة) رواه البخاري. واته‌: (هه‌ر كه‌سێ بگات به‌ ڕكاتێك له‌ نوێژێكدا, ئه‌وا گه‌یشتوه‌ به‌م نوێژه‌), دووه‌م: ئه‌گه‌ر ئافره‌تێك پاك بوویه‌وه‌ و حه‌یزه‌كه‌ی وه‌ستا پێش ته‌واو بوونی كاتی یه‌كێك له‌ نوێژه‌كان ئه‌وا پێویسته‌ له‌سه‌ری دوای خۆشۆردنی ئه‌م نوێژه‌ قه‌زا بكاته‌وه‌.






خـێـزان

رۆژوو و كـــاری جـــنـســـــی

دكتۆره‌ كوێستان عبدالله‌

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

دەتەوێت بزانیت بەربانگ کردنەوەت بە خورما چت پێ دەبەخشێت؟

ئیعجازی زانستی لە به‌ربانگ كردنه‌وه‌ به‌ خورما

زۆرترین بینراو