#مەسرور بارزانی .. متمانه‌دان به‌كابینه‌ی نۆیه‌م #ئاشتی هه‌ورامی له‌بری لێپرسینه‌وه‌ پۆستێكی..

ڕاپۆرتی شیکاری لەسەر مێژووی ئەنسۆلین

هەواڵی / 14/4/2019 242 جار بینراوە

ڕاپۆرتی شیکاری لەسەر مێژووی ئەنسۆلین
دەرمانێکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکەم،دووەم،شەکرەی کاتی دووگیانی:
نوسینی: د.عیسا ئال عیسا
پێش ساڵی ١٩٢٠ هیچ دەرمانێکی کاریگەر نەبوو بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شەکرە،بەڵام دوای ئەو بەروارە شتەکان جیاواز گۆڕان ، زانستی پزیشکی بەگشتی و نەخۆشی شەکرە بەتایبەتی پێی نایە سەردەمێکی جیاوازتر ، سەردەمێک هەم پڕ لەهیوا و هەم پڕ لە ململانێی ماکەکان ، ئەو سەردەمەش بە چەخماخەی فکر و وردبوونەوە و ئیشەکانی پزیشکی کەنەدی (فریدریک بانتینگ) دەستیپێکرد.

دکتۆر فریدریک بانتینگ وەک پزیشکێکی نەشتەرگەری لە جەنگی جیهانی یەکەم خزمەتی دەکرد ، بانتینگ سەرەتا هەندێک کاتی لە نەخۆشخانەکانی ئینگلتەرا بەسەربردوو ، بەڵام دواتر وەک ئەفسەری پزیشکی بەتالیۆنی بۆ ڕیزەکانی پێشەوەی جەنگ نێردرا بۆ خزمەتی پزیشکی سوپا ، جارێکیش لە ڕیزەکانی پێشەوەی جەنگ برینداربوو ، کە لە دواتردا بەهۆی زۆری خزمەتەکانی و کارە بوێریەکانی خەڵاتی (Military Cross) ی بەریتانی وەرگرت.

دوای گەڕانەوەی ، دکتۆر بانتینگ لەشاری تۆرۆنتۆی کەنەدا ئۆفیسی تایبەتی خۆی دانا ، یەکەم ئەرکی فێربوونی بەشداری لە زیندەکرداری کاربۆهیدرایتەکان کرد ، ئەوەش بووە هۆیی ئەوەی کە حەز و خولیای بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شەکرە زیاتربێت . بانتینگ و قوتابیەکەی ، چارلیس بێست لەساڵی ١٩٢١ ، تاقیکردنەوەیەکیان ئەنجامدا لەسە پەنکریاسی سەگ ، کە تیایدا پەنکریاسی سەگەکەیان دەرهێنا ، پرۆفیسۆر جۆن ماکلۆدیش تاقیگەیەکی بۆ تەرخانکردن بۆئەوەی کارەکانی تێدا جێبەجێبکەن.

تاقیکردنەوەکەش ئەنجامەکەی بەو شێوەیەبوو : دوای لابردنی پەنکریاس سەگەکە نیشانەی نەخۆشی شەکرەی تیادا دەرکەوت و باری تەندروستی خراپ بوو ، دواتر پەنکریاسەکە ورد وردکراو و گیراوەیەکی لێدەرهێندرا و لە شێوەی دەرزی دا ئامەدەکرا ، دوای لێدانی گیراوەکە بەدەرزی لە سەگەکە بۆ ماوەیەک سەگەکە باری تەندروستی باشتر دەبوو.

تیمەکە بەردەوام بوون لە ئیشکردن لەسەر هەنگاو و پڕۆسە جیاوازەکانی دەرهێنانی گیراوەکە لەناو پەنکریاس ، پڕۆفیسۆر ماکلۆید یش ئەنجامی باشتر و بەڵگەی باشتری ئەویست ، دواتر بێرترام کۆلیپ ، کە بایۆکێمیست بوو ، پەیوەندی کرد بە تیمی توێژینەوەکەی دکتۆر بانتینگ بۆ ئەوەی بەشداری بکات لە پاککردنەوەی گیراوەی ئەنسۆلین کە گونجاو بێت بۆ تاقیکردنەوەی لەسەر مرۆڤ، لە مانگی ١٢\١٩٢١ تیمەکە پڕۆسەیەکیان بەکارهێنا ، پەنکریاسی مانگایان هێنا ، پەنکریاسی مانگایان پارچەپارچەکرد و لەگەڵ کەمێک ئەسیدیک ئەلکهولیان تێکەڵکرد ، دواتر گیراوەکە پاڵێورا ، دووجار شۆردرا لەگەڵ تۆلوین ، بەمەش گیراوکە پاککرایەوە و گیراوەکە ناونرا (ئەنسۆلین).

ڕەنگە بپرسن ناوی ئەنسۆلین لە چی هاتووە ، پێشتر لەسەدەی ١٩ ، لەساڵی ١٨٦٩ (پاول لانگەرهانس) کە نەخۆشیزانێکی ئەڵمانی بوو ، کۆمەڵێک خانەی لەناو پەنکریاس دۆزیەوە ، دواتر ئەو خانانە ناونران (Islets Langerhans) ، هەروەها لە ساڵی ١٩٠١ یش (ئیگین ئۆپی) ئەوەی دۆزیەوە کە دورگەکانی لانگەرهانس لە پەنکریاس ئەنسۆلین بەرهەمدەهێنن ، لە زمانی لاتینیدا زاراوەی دورگەکان (Islets) یان (Island) بەمانای (Insula) دێت بەو پێیەی دەردراوەکە لە دورگەکانی لانگەرهانس دەردەکرێت بۆیە ناونرا ئەنسۆلین (Insulin) ، ناوێک پڕ بە باڵای دەردراوەکە .

گیراوەکە ئامادەکرا بۆ تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ ، لیۆنارد سۆمپسۆن منداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵ بوو ، نەخۆشی شەکرە جۆری یەکەمی هەبوو ، بە یەکەم نەخۆش دادەنرێت کە ئەو گیراوەیەی لەسەر تاقیکرابێتەوە ، سامپسۆن کۆمەڵێک ماکی تیا دەرکەوت بەتایبەت هەستیاری ، بەڵام گیراوەکە بەشێوەیەک کاریگەر بوو کە منداڵەکە ١٣ ساڵ دوای بەکارهێنانی گیراوەکە ژیان ، لەکۆتایدا بە نەخۆشی هەوکردنی سیەکان مرد . لە ١١ \١ \ ١٩٢٢ ، ئێد جیفری لە ئۆفیسی ماڵەکەی خۆی گیراوەی بانتینگ و بێست ی بەبڕی ٧.٥ مل بۆ هەموو نەخۆشەکانی بەکاردەهێنا. لە شوێنی دەرزی لێدان کێم و جەڕاحەت و هەوکردنێک درووست دەبوو ، بەڵام نەخۆشەکان کە توشبووی شەکرەبوون ڕێژەی شەکری خوێنیان دادەبەزی ، ئەمەش سەرەتایەکی نوێبوو لە دۆزینەوە و داهێنانێکی نوێ لە بواری پزیشکیدا.

دوای ئەوە بۆ باشترکردنی گیراوەکە و کەمکردنەوەی ماکەکانی ، تیمی دکتۆر بانتینگ پەیوەندنیان بە کۆمپانیای لیلی (Eli Lilly) یەوە کرد ، بۆ مانگی تەموزی ساڵی ١٩٢٢ یەکەم بتڵی ئەنسۆلین گەیشتە ئۆفیسەکەی دکتۆر بانتینگ . بۆ ساڵی ١٩٢٣ ئەنسولین بەردەست بوو لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا.

هەنگاوێکی سەرەکی تری پێشوەچوونی دەرمانی ئەنسۆلین بە کریستاڵکردنی بوو لە ساڵی ١٩٢٦ . تەکنیکی بە کریستاڵکردنی ئەنسۆلین بووە سەرمەشقی باشترکردنی ئەنسۆلین (Insulin Regular) و پاککردنەوەی ، ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد تاوەکوو داڕشتنی جیاواز لە ئەنسۆلیندا بکرێت بەمەبەستی دڕێژکردنەوەی ماووەی کارکردنی لەناو لەشدا (time-action). جێگەی باسە پێویستیە گەورەکە ئەوەبوو ئەنسۆلینی ماوە درێژ دروستبکرێت ، چونکە بەو ئەنسۆلین (Regular Insulin) ەی لەبەر دەست بوو ، ئیشکردنەکەی ماوە کورت بوو ، نەخۆش ئەبوایە ڕۆژانە چەند جارێک ژەمی دەرمانەکەی وەربگرتایە تەنانەت ئەبوایە شەوانە هەستانایە بۆ وەرگرتنی ژەمی دەرمانەکەیان تاوەکوو کۆنتڕۆڵی ڕێژەی شەکریان بکات. لە ساڵی ١٩٣٦ ئامانجەکە بەدیهات و پێویستیە پزیشکیەکە بەردەست بوو ، یەکەم ئەنسۆلینی ماوە درێژ دروستکرا ، کە بریتیبوو لە پرۆتامین زینک ئەنسۆلین (Protamin Zinc Insulin) ، ئەم جۆرە ئەنسۆلینە گرنگیەکەی تا ئاستێک بوو کە تا ئێستاش بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شەکرە لە ئاژەڵاندا بەکاردەهێندرێت.

لەساڵی ١٩٤٦ ، دە ساڵ دوای ئەنسۆلینی ماوە درێژ ، بەرەوپێشچوونێکی تری ئەنسۆلین بەرهەمهات ، کاتێک کۆمپانیای نۆڤۆ نۆردیسکی دانیماڕکی دووەم ئەنسۆلینی ماووە درێژی بڵاوکردەوە بەناوی (Insulin NPH) ، بەڵام ئەو جۆرە ئەنسۆلینە ماووەی کارکردنەکەی لە ئەنسۆلینی (Protamin Zinc Insulin) کەمتر بوو ، بۆیە ئەبوایە لەگەڵیدا تێکەڵبکرایە.

لەساڵی ١٩٥٦ ، زنجیرەیەک لێنتی ئەنسۆلین (Lente insulin serise) بەرهەمهاتن بە ناوەکانی (Ultralente , Lente , Semilente) ، ئەو فۆرمیولانە بەو شێوەیە بوون :
(Ultralente) : داڕشتەیەکی ئەنسۆلینی وردە بلوریو بوو ، ماوە درێژ بوو.
(Semilente) : نابلوری تر بوو لە (Ultralente) ، ماوە کورت بوو.
(Lente) : ڕێژەیی بوو بەشێوەی ٧٠:٣٠ لەنێوان (Ultralente , Semilente) ، ماوە مامناوەند بوو.

لەو ماوەیەدا تاوەکوو ساڵی ١٩٨٢ ، هەموو ئەنسۆلینە بەرهەمهاتووەکان سەرچاوەیان ئاژەڵ بوو ، بەڵام لە ٢٨ ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٨٢ دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) یەکەم ئەنسۆلینی مرۆیی (Insulin Recombinant Human) پەسەندکرد ، کە بە دوو شێوە ئامادەکرابوو یەکەمیان (Insulin solution recombinant human) لەژێر ناوی ىڕاندی (Humulin R) دا ، ئەو جۆرە ئەنسۆلینە ماوەکورتە و ڕۆژانە ئەبێت چەند جارێک لە نەخۆش بدرێت بۆئەوەی کۆنتڕۆڵی ڕێژەی شەکری خوێنی بکرێت , دووەمیان ئەنسۆلینی ئایزۆفان (Insulin suspension isophan recombinant human) لەژێر ناوی بڕاندی (Humulin N) ، ئەو جۆرە ئەنسۆلینە ماوە مامناوەندە و بۆ ماوەیەکی زیاتر ئیش دەکات ، پێشتر لە ساڵی ١٩٦٦ ئەنسۆلینی ئایزۆفانی ئاژەڵی (Insulin suspension isophan Beef\Pork) لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) پەسەندکرابوو.

دۆزینەوەی یەکەم ئەنسۆلینی مرۆیی داهێنانێکی گەورە و گرنگ بوو لە مێژووی پزیشکی و ئەنسۆلیندا ، دەستکەوتێکی مەزن بوو کە بووە هۆی کەمبوونەوەی ماکی زۆر لەسەر نەخۆشەکان کە بە ئەنسۆلینی ئاژەڵی دووچاری ئەبوون.

دواتریش پڕۆسەی داهێنان و بەرهەمهێنانی جۆری زیاتری ئەنسۆلینی مرۆیی بەمەبەستی زیادکردنی ماوەی ئیشکردنی بەردەوام بوو ، تا لەبەرواری ١١\٣\١٩٨٨ دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) یەکگرتنی هەردووک جۆر ئەنسۆلینی (Insulin R \ Insulin N) بەڕێژەیی ٧٠\٣٠ لەژێر ناوی بڕاندی (Humulim 70\30) پەسەند کرد ، ئەم ئەنسۆلینە ماوە درێژە و ماوەی ٢٤ کاژێر کاردەکات.

ئەوەی شایەنی باسە بگوترێت کە کۆمپانیای نۆڤۆنۆردیسک (Novonordisk) لەساڵی ١٩٨٥ داهێنانێکی نوێی کرد لە ژەمپێدانی ئەنسۆلین ، ئەویش داهێنانی دەرزی ئەنسۆلین بەشێوەی قەڵەم بوو تاوەکوو نەخۆش بتوانێت خۆی دەرزی ئەنسۆلین لەخۆی بدات.

دوای ١٥ ساڵ لە پەسەندکردنی یەکەم ئەنسۆلینی مرۆیی ، لەساڵی ١٩٩٦ یەکەم ئەنسۆلینی مرۆیی خێرا ئیشکەر (Rapid-acting) لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) پەسەندکرا ، بەناوی ئەنسۆلین لیسپڕۆ (Insulin Lispro) ، کە دواتر بڕاندی (Insulin Lispro) بەناوی (Humalog pen) لە بەرواری ٢٦\٥\٢٠١٥ ، لەبەرواری ١١\١٢\٢٠١٧ (Admelog pen) لەلایەن (FDA) یەوە پەسەندکرا .

دوای ٤ ساڵ لە پەسەندکردنی یەکەم ئەنسۆلینی خێرا ئیشکەر ، لەبەرواری ٧\٦\٢٠٠٠ دووەم ئەنسۆلینی خێرائیشکەر بەناوی (Insulin Aspart) لەژێر ناوی ىڕاندی (Novolog) لەلایەن (FDA) پەسەندکرا.
لە بەرواری ٢٠\٤\٢٠٠٠ ئەنسۆلینی مرۆیی ماوە درێژ بەناوی (Insulin Glargine) لەژێر ناوی بڕاندی (Lantus) لەلایەن (FDA) پەسەندکرا.

دوای ٤ ساڵ لە پەسەندکردنی دووەم ئەنسۆلینی خێرا ئیشکەر ، لەبەرواری ١٦\٤\٢٠٠٤ سێهەم ئەنسۆلینی خێرائیشکەر بەناوی (Insulin Glulisin) لەژێر ناوی ىڕاندی (Apidra) لەلایەن (FDA) پەسەندکرا.

لە بەرواری ١٦\٦\٢٠٠٥ ئەنسۆلینی مرۆیی ماوە درێژ بەناوی (Insulin Detemir) لەژێر ناوی بڕاندی (Levemir) لەلایەن (FDA) پەسەندکرا.

هەموو ئەو ئەنسۆلینانەی کە باسمان کرد کە پەسەندکراون لەڕێی دەرزیەوە لەژێرپێست یان لەڕێی خوێنهێنەرەوە لێدەدرێن ، بەڵام داهێنانێکی تر لەبواری دڕشتنی ئەنسۆلین لەشێوەیەکی تری دەرمانسازیدا پێویستیەکی زۆر جدیی بوو چونکە نەخۆش زۆر نائاسودەبوو لە بەکارهێنانی ئەنسۆلین لەڕێی لێدانی دەرزی بەهۆی ئازار و ماکی زۆر بەتایبەتی پوکانەوە یان ئەستوربوونی چەوریە شانەکانی ژێرپێست . هەربۆیە لەبەرواری ٢٧\٦\٢٠١٤ یەکەم ئەنسۆلین بەشێوەی بەخاخ لەژێر ناوی براندی (Afrezza) لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) پەسەندکرا.

لە ئێستادا ئەنسۆلین بەشێوەی (دەرزی لێدان بە سرنج ، دەرزی لێدان بە قەڵەم ، پەمپ ، بەخاخ وەردەگیرێت) ، بەڵام توێژەران ئاماژە بە داهێنانی شێوەیەکی تری دەرمانسازی بۆ داڕشتنی ئەنسۆلین دەدەن ، کە لەماوەی چەند ساڵی داهاتودا نەخۆش بتوانێت لەڕێی دەم ئەنسۆلین وەربگرێت.

زۆرترین بینراو