#مەسرور بارزانی .. متمانه‌دان به‌كابینه‌ی نۆیه‌م #ئاشتی هه‌ورامی له‌بری لێپرسینه‌وه‌ پۆستێكی..

لە ده‌وروبه‌ری دەریاچەى دوكان ١٥٨ هه‌زار دۆنم زه‌وی ژێر ئاو كه‌وتوون ‌.

هەواڵی / 13/4/2019 190 جار بینراوە

لە دەوری دەریاچەى دوكان ١٥٨ هه‌زار دۆنم زه‌وی بە ئاو داپۆشراوە‌.

 

شه‌ن پرێس : زه‌مه‌ن

جوتیارانی کوردستان لە وەختی سەرپەڵەدا بە ئومێدی ساڵێکی بە پیت دەستیان بە چاندنی گەنم و جۆ کرد، بەڵام ساڵێکی تەڕو پڕ لە باران، سەدان جوتیاری نائومێد کردو هه‌زاران دۆنم زه‌وی داچێنراو به‌ گه‌نم‌و جۆ ده‌كات به‌ ژێر ئاوه‌وه‌.

له‌ دەوروبەری هه‌ردوو به‌نداوی دوكان‌و ده‌ربه‌ندیخان لە پارێزگای سلێمانی، سه‌رجه‌م ئه‌و زه‌وییانه‌ كه‌ به‌ "مه‌غموره‌" ناسراون، بە تەواوی ژێر ئاوکەوتوون. لەو زەوییە داپۆشراوانەدا هەزاران تەن گەنم و جۆ داچێنرابوون.

شارەزایان روونی دەکەنەوە، بڕشتی یه‌ك دۆنم زه‌وی مه‌غموره‌، سێ تا چوار ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و زه‌وییانه‌یه‌كه‌ كه ‌ژێر ئاو ناكه‌ون. بۆ هه‌ر دۆنمێك ٧٠٠ تا ٧٥٠٠ ته‌ن به‌رهه‌می هه‌یه‌.


زیانەکان لە دوکان
ده‌ریاچه‌ی دوكان بەڕادەیەک ئاوی گلداوەتەوە، کە سەرڕێژ بووە. ئەمەش وایکرد ئەو زەوییانەی بە گەنم و جۆ داچێنرابوون یان باخ و ڤێلان، ببنە بەژێر ئاوەکەیەوە.
بەگوێرەی خەمڵاندنی کشتوکاڵ، لە دەوروبەری دەریاچەکە ١٥٨ هه‌زار دۆنم زه‌وی بە ئاو داپۆشراوە‌. له‌و رێژه‌یه‌ ٥٠ هه‌زار دۆنمی هه‌میشه‌ له‌ژێر ئاودایە.

شاڵاو جه‌مال، به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی سلێمانی بۆ‌ "زه‌مه‌ن" رایگەیاند: ئه‌مساڵ له‌ سنووری به‌نداوی دوكان نزیكه‌ی ٤٥ هه‌زار دۆنم گه‌نم و جۆ ژێر ئاو كه‌وتووه‌".
بەهۆی زیادبوونی ئاوی ده‌ربه‌ندی رانیه، زیاتر له‌ ٤٠ هه‌زار دۆنم زه‌وی داچێنراو به‌ گه‌نم‌و جۆ به‌ ئاو داپۆشران‌.

خزر عه‌بدوڵڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی راپه‌ڕین وتی: "باران و لافاو زیانی زۆری به‌ زه‌وی داچێنراو به‌ گه‌نم‌و جۆی رانیه ‌‌و پشده‌ر تا ناحیه‌ی خدران گەیاندووە."
له‌ سنووری قه‌ڵادزێش ٦٨ هه‌زار دۆنم زه‌وی گه‌نم‌و جۆ داچێنراوه‌، عه‌بدولڕه‌زاق محه‌مه‌د، به‌رێوه‌به‌ری كشتوكاڵی قه‌ڵادزێ، به‌ "زه‌مه‌ن"ی وت: "گه‌نمی ناوچه‌ی ئیبراهیم ئاوا‌و سندۆڵان‌و كه‌نجاره‌و ٣ هەزار‌و ٨٧٤ دۆنم زەوی مەغمورەی، هه‌موو ئاو دایپۆشیون."

عەبدولڕەزاق وتیشی: "باران‌و لافاو كاریگه‌ری له‌سه‌ر گه‌نم نه‌بووه‌و باش‌و جوانه،‌ به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و زه‌وییانه‌ به‌ركه‌وتوون كاریگه‌ری له‌سه‌ر رێژه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ی هه‌یه‌".


شارەزوور و هەڵەبجە
له‌ سنووری پارێزگای هه‌ڵه‌بجەو دەشتی شارەزوور، بەهۆی بەنداوی دەربەندیخانەوە، هەزاران دۆنم زەوی داچێنراو بە گەنم و جۆ ژێر ئاو کەوتوون.

ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە‌ ٧٦ هه‌زار‌و ٢٠٠ دۆنم زه‌وی به‌ گه‌نم داچێنراوه‌، هه‌زار دۆنمیش به‌ جۆ، به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی هه‌ڵه‌بجه‌، ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌یه‌ باران بارین به‌رده‌وام بێت كاریگه‌ری خراپ ده‌بێت له‌سه‌ر به‌رهه‌م.

ستار مه‌حمود، روونیكرده‌وه‌، هه‌ر ساڵێك باران زۆربێ، ئه‌و زه‌ویانه‌ ژێر ئاو ده‌كه‌ون، كه‌ پێیان ده‌وترێت مه‌غموره‌، ئه‌مساڵیش زه‌وییه‌كان ژێرئاوكه‌وتن، ئه‌و زه‌ویانه‌ موڵكی به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخانن‌و هه‌شت هه‌زار دۆنم زه‌وی مه‌غموره‌ هه‌یه‌."

عوسمان فه‌ره‌ج، به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی سه‌یدسادق به‌ وه‌كاله‌ت، ئاماژەی بەوەدا، لە سنووری ئەواندا ١٠٥ هەزار دۆنم بە گەنم و جۆ داچێنراوە و هیچیان نەبوون بەژێر ئاوەوە، به‌ڵام گه‌نم كه‌مێك زیانی پێگەشتووه‌و ئومێد هەیە بەرهەمی باشی هەبێ ئەمساڵ.

بەڵام لە سنووری گەرمیان زیانەکان بەهۆی ژێرئاوکەوتن نییە، بەڵکو بەهۆی چەم و لافاوەوە، زیانێکی زۆر بە گەنم و جۆی ناوچەکە گەیشتووە وەکو هه‌ژار ئیبراهیم، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی گه‌رمیان مەزەندەی دەکات زیانی ٢٠٠ ملیۆن دینار بەر‌ كه‌رتی كشتوكاڵی گەرمیان كه‌وتبێ.

هه‌موو ساڵێك گه‌نم‌و جۆ له‌ سنووری گه‌رمیان زووتر پێده‌گه‌ن، هه‌ژار ئیبراهیم ده‌ڵێ ئەمساڵ پێگه‌یشتنی گه‌نم‌و جۆ دواده‌كه‌وێ، گه‌نم‌و جۆ گوڵی كردووه‌ ئه‌گه‌ر كه‌شوهه‌واكه‌ له‌باربێت به‌رهه‌م خراپ نابێ.

بەرپرسان روونی دەکەنەوە بەهۆی ئەوەی پێشتر لەلایەن حکومەتی عێراقەوە قەرەبووی جوتیارانی دەوروبەری بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان کراونەتەوە، بۆ ئەو زیانانەی پێیان دەگات بەهۆی لافاوەوە، قەرەبوو ناکرێنەوە.


زۆرترین بینراو