ڕاپۆرتی شیکاری و پیشاندان لەسەر دەرمانەکانی دژە قەڵەوی

هەواڵی / 12/4/2019 218 جار بینراوە

مەترسی لەسەر تەندروستی بەکارهێنەر دروست دەکەن
ڕاپۆرتی شیکاری و پیشاندان لەسەر دەرمانەکانی دژە قەڵەوی
نوسینی : دكتۆر عیسا ئال عیسا

قەڵەوی بووەتە ئاڵنگاریەکی گەورە لەبەردەم زانستی پزیشکیدا چونکە زۆربەی نەخۆشیەکانی وەک : نەخۆشی شەکرە ، نەخۆشیەکانی دڵ و بەرزە پەستانی خوێن و بەرزی چەوری خوێن، نەخۆشیەکانی ڕۆماتیزم و هەوکردنی ئێسقانەکان ، نەخۆشیەکانی جگەر و مۆمبوونی جگەر و بەردی زراو ، سەرەنجامی قەڵەوی و زیادبوون و لە سنوور دەرچوونی کێشی لەش ڕودەدەن.

بۆ چارەسەرکردنیشی پزیشکان ڕێنمایی گۆڕینی شێوازی ژیان و رێکخستنی ژەمەکانی ڕۆژانە دەدەن بەوانەی قەڵەون ، چونکە زیادکردنی جوڵە و رێکخستنی خۆراکی ڕۆژانە و کەمکردنەوەی بڕی کالۆری وەرگیراو لە ڕۆژێکدا کاریگەری زۆری هەیە لەسەر دابەزاندنی کێشی لەش و ڕێگریکردن لە قەڵەوبوون ، ئەوەش وایکردووە بە تەندروست ترین ڕێگا دابنرێت بۆ چارەسەرکردنی قەڵەوی.

بەڵام کاتێک گۆڕینی شێوازی ژیان و رێکخستنی خۆراک کاریگەری ئەوتۆی نابێت لەسەر دابەزاندنی کێشی لەش یان تێکڕای بارستایی لەش لە ٣٠ کگم\م٢ زیاتربوو و نەخۆشیەکانی وەک شەکرە و دڵ هەبوون ، بیر لە ڕێگەی چارەی دەستوەردانی دەرمانزانی دەکرێتەوە بۆ چارەسەرکردنی قەڵەوی ، چونکە زۆر دەرمان هەن کە بەشێوەیەکی کاریگەر کاریگەریان لەسەر زیندەکرداری چەوریەکان و ئارەزووی خواردن و ڕێکخستنی هۆڕمۆنەکان هەیە.

ئەبێت ئەو ڕاستیە بگوترێ کە دەستوەردانی دەرمانزانی بۆ چارەسەرکردنی قەڵەوی سەرکەوتنی ماوە درێژی نابێت و دوای وەستاندنی دەرمانەکان و نەمانی کاریگەریان جارێکی تر بەکارهێنەر کێشی زیاد دەبێتەوە ، بۆیە هەرگیز دەرمانی دژە قەڵەوی جێگرەوەی ڕێکخستنی خۆراک و جوڵەی زۆر و وەرزشکردن نیە ، بەڵکوو دەرمانەکان یاریدەدەرن بۆ دابەزاندنی کێشی لەش.

لەڕابردوودا زۆر دەرمان بۆ چارەسەرکردنی قەڵەوی پەسەندکراون لەلایەن دامەزراوە گەورەکانی تایبەت بە دەرمان ، بەڵام بەهۆی خراپی باری سەلامەتیان قەدەغەکراون و لە بازاڕەکان دەرمان کشێندراونەتەوە ، لە دیارترین ئەو دەرمانانەی کە لەبازاڕەکای دەرمان کشێندراونەتەوە دەرمانەکانی (سیبوترامین ، ڕیمۆنابانت و ئەمفیتامین) کە دەبوونە هۆی تێکچوونی باری دەروونی و فرمانەکانیی دڵ لە بەکارهێنەر دا.

ئەو دەرمانانە بۆ دابەزاندنی کێشی لەش کاریگەر بوون ، کاریگەریان بەشێوەیەک بوو کە هەرگیز دەرمانێکی پەسەندکراوی وەک (ئۆرلیستات) ناتوانێت وەک ئەوان کاریگەری هەبێت چ لەڕویی خێرایی و چ لەڕوی بڕی دابەزاندنی کێشی لەش.

لە ساڵی ١٩٩٠ دەرمانەکانی فینفلوڕامین و دێکسفینفلورامین (Fenfluramine & Dexfenfluramine) لە بازاڕی دەرمان کێشرانەوە بەهۆی ئەوەی دەبوونە هۆی شکاندن و تێکدانی دەمەوانەکانی دڵ (Heart Valve damage) ، هەروەها لە ساڵی 2000 دامەزراوەی دەرمانی ئەوروپی (EMEA) بەهۆی زۆری کاریگەری لاوەکیان و تێکدانی باری دەروونی بەکارهێنەر سێ جۆری دەرمانی دژە قەڵەوی لە بازاڕی دەرمان کشاندەوە و قەدەغەی فرۆشتن و بەکارهێنانی کردن بە ناوەکانی:
۱_فێنتێرمین _ Phentermin .
۲_دایئەتیلپڕۆپیۆن _ Diethylpropion .
۳_مازیندۆڵ _Mazindol .

هەروەها دەرمانێکی تر بەناوی ( ڕیمۆنابانت _Remonabant) کە وەرگری ماددەی کەنەبینەکانی (CB1 Receptor) بڵۆک دەکرد لە سیستمی دەمار دا ، کە تا ساڵی ٢٠٠٦ لە ٥٦ وڵات بەکاردەهێندرا ، بەڵام ئەو دەرمانەش هەرگیز بۆ دابەزاندنی کێش لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمان ئەمریکی (FDA) پەسەند نەکرا ، لە کاتێک دا بۆ دابەزاندنی کێشی لەش کاریگەر بوو بەڵام سەلامەت نەبوو و مەترسی نەخۆشیە دەروونیەکانی وەک خەمۆکی و قەلەقی و بیر و هەڵسوکەوتی خۆکوشتنی زیاد دەکرد ، تا دواجار لە ساڵی ٢٠٠٩ لە بازاڕەکانی ئەوروپا قەدەغەکرا و کشێندرایەوە.

دەرمانی سیبوترامین (Sibutramine) ، بە ژەم و شێوەی دەرمانسازی (کەپسول) ، بە قوەتەکانیی (٥ مگم ، ۱۰ مگم ، ۱٥ مگم) ، لەژێر ناوی بڕاندی ڕیدەکتیل (Reductil) لە ساڵی ١٩٩٧ لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) بۆ دابەزاندنی کێشی لەش پەسەندکرا کە بە یەکێک لە کاریگەرترین و خێراترین و پڕفرۆشترین دەرمانەکانی دابەزاندنی کێشی لەش دادەنرا ، کا تا چەند ساڵێک دوای پەسەندکردنی هیچ ڕاپۆرتێکی کاریگەری لاوەکی و چاودێری بازاڕی پزیشکی لەسەر نەبوو.

دەرمانی ئۆرلیستات ، بە ژەم و شێوەی دەرمانسازی (کەپسول) ، بە قوەتی (١٢٠ مگم) ، لەژێر ناوی بڕاندی زێنیکاڵ (Xenical) لە ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) بۆ دابەزاندنی کێشی لەش پەسەندکرا کە بە یەکێک لە سەلامەتترین و پڕ فرۆشترین دەرمانەکانی دابەزاندنی کێشی لەش دادەنرێت ، کە سەلامەتە لەسەر کۆئەندامی سوڕان و دڵ و بۆ کۆنتڕڵی نەخۆشی شەکرەش ئەتوانرێت سودی لێببینرێت.

تا ساڵی ٢٠٠٩ تەنها دەرمانی ئۆرلیستات و سیبوترامین (Orlistat & Sibutramine) پەسەندکراوبوون بۆ دابەزاندنی کێشی لەش ، بەڵام لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٠ دەرمانی سیبوترامین کە بە فراوانی بەکاردەهات لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) قەدەغەکرا و لەبازاڕەکانی دەرمان کشێندرایەوە لەبەرئەوەی دەبووە هۆی ڕودانی جەڵتەی دڵ و مێشک ، بۆیە لە ساحەی بازاڕی دەرمان لە دەرمانەکانی دژە قەڵەوی تەنها ئۆرلیستات مایەوە.

بەڵام ئەو تاقانەبوون و لەخۆباییەیی دەرمانی ئۆرلیستات (Orlistat) لە بازاڕی دەرمان زۆری نەخایاند ، لە فێبریوەری ٢٠١١ یەکگرتنی دوو دەرمانی (ناڵتریگزۆن/بوپڕۆپیۆن _Naltrexone/Bupropion) ، بە ژەم و شێوەی دەرمانسازی (حەب) ، بە قوەتی (۸ مگم / ۹۰ مگم) ، لەژێر ناوی بڕاندی (Contrave) لەلایەن لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) پسەندکرا.

تا مانگی حوزەیرانی ٢٠١٢ تەنها دوو دەرمانی دژە قەڵەوی لەبازاڕەکانی دەرمان پەسەندکراوبوون ، بەڵام دوای ئەوە لە بەرواری ٢٧\٦\٢٠١٢ دەرمانی لۆرکاسێرین (Lorcaserin) ، بە ژەم و شێوەی دەرمانسازی (حەب) ، بە قوەتی (۱۰ مگم) ، لەژێر ناوی بڕاندی (Belviq) لەلایەن FDA پەسەندکرا، هەروەها لە ١٩\٧\٢٠١٦ دەرمانی لۆرکاسێرین (Lorcaserin) ، بە ژەم و شێوەی دەرمانسازی (حەبی هێواش بەڕەڵابوو) ، بە قوەتی (۲۰ مگم) ، لەژێر ناوی بڕاندی (Belviq XR) لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) بۆ دابەزاندنی کێشی لەش پەسەندکرا.

هەروەها لە بەرواری ٢٧\٧\٢٠١٢ یەکگرتنی دوو دەرمانی (فێنتیرمین/تۆپیڕامەیت _Phentermin/Topiramate) ، بە ژەم و شێوەی دەرمانسازی (کەپسول) ، بە قوەتەکانی
(۳٫۷٥ مگم / ۲۳ مگم , ۷٫٥ مگم / ٤٦ مگم ، ۱۱٫۲٥ مگم / ٦۹ مگم ، ۱٥ مگم / ۹۲ مگم) ، لەژێر ناوی بڕاندی (Qsymia)لەلایەن دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) بۆ دابەزاندنی کێشی لەش پەسەندکرا.

پڕۆسەی پەسەندکردنی دەرمانەکانی دژە قەڵەوی بەردەوام بوو ، تا لە بەرواری ٢٣\١٢\٢٠١٤ دەرمانی لیراگلوتاید (Liraglutaide) ، بە ژەم و شێوەی دەرمانسازی (دەرزی قەڵەم) ، بە قوەتی (٦ مگم / ۳ مل) ، لەژێر ناوی بڕاندی (Saxenda) بۆ چارەسەرکردنی قەڵەوی پەسەندکرا.

پەسەندکردنی دەرمان بەگشتی پێویستی بە چەسپاندنی کاریگەری و سەلامەتی هەیە ، دەرمانە دژە قەڵەویەکان پەسەندناکرێن ئەگەر کاریگەر و سەلامەت نەبن ، لیژنەکانی پەسەندکردن و ڕێکخستنی دەرمان زۆر توندن ، کۆمەڵێک ستاندارد و پێودانگ و پاڕامێتەری بەهێزیان هەیە کە ئەیکەنە کۆتوبەند و ئەیخەنە سەر ملی کارگەکان و ناوەندەکانی دۆزینەوەی دەرمان کە دوای چەندان توێژینەوە و بەڵگەی بەهێز و ئەزمونی زۆر ئینجا بڕیاری پەسەندکردنی دەرمان دەدەن.

بەداخەوە لەسەرانسەری دنیادا گەلێک بەرهەم بەناوی بەرهەمی سروشتی یان ماددەی وزەبەخش یان خواردنەوەی گازی و هتد ..لە ئینتەرنێت ڕیکلام و پڕوپاگەندەی نازانستی زۆریان بۆ ئەکرێت ، لە بانگەشەکانیان وێنای بەرهەمەکانیان بەشێوەیەک دەکەن کە بەخێرایی کێش دادەبەزێنن و سروشتین و کاریگەری لاوەکیان نیە ، لەکاتێکدا ئەگەر بەرهەمەکان کاریگەریش بن لە دابەزاندنی کێش ، گومانی بوونی ماددەی قەدەغەکراوی هاوشێوەی سیبوترامین و ئەمفیتامین و فینفلوڕامین و فینۆڵفتالین و DMAA و هتد یان لێدەکرێت.

دامەزراوەی FDA لە ئەمریکا و دامەزراوەی EMEA لە ئەوروپا بەردەوام ڕاپۆرتی شیکاری و تاقیگەییان لەسەر ئەو جۆرە بەرهەمانە داوە کە بوونی کۆمەڵێک ماددەی وەک سیبوتڕامین و فێنۆڵفتالین و DMAAلەو بەرهەمانەدا پشتڕاستکراوەتەوە لەکاتێکدا بەرهەمەکان بانگەشەی سروشتیبوون و سەلامەتیان بۆ ئەکرا.

یەکێک لە بەرهەمەکان بەناوی (AB SLIM) بەردەوام لە ئەنتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بانگەشەی بۆ ئەکرا ، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) لە (٢٠\٦\٢٠١٨) هۆشداری لە فرۆشتن و بەکارهێنانی بەرهەمەک درا ، چونکە بەپێی ئەنجامە شیکاریەکان چەندین ماددەی زیانبەخش و قەدەغەکراوی تێدابوو کە مەترسی لەسەر تەندروستی بەکارهێنەر جێدەهێڵن ، لەوانە ماددەکانی:
سیبوتڕامین_Sibutramine.
فینۆڵفتالین_Phenolphtalein.
سێڵدینافیل_Sildenafil.

ماددەی سیبوتڕامین دەبێتە هۆی نەخۆشیەکانی دڵ و تێکدانی باری دروونی بەکارهێنەر ، کە لە ساڵی ۲۰۱۰ ەوە قەدەغە کراوە.
ماددەی فینۆڵفتالین دەبێتە هۆی شێرپەنجە ، کە لە ئێستادا تەنها لە تاقیگە بۆ دیاریکردنی ترشێتی و تفتێتی گیراوەکان کاریپێدەکرێت ، پێشتر لە ساڵانی شەستەکان لەلایەن دامەزراوەی (FDA) وەک (ڕەوانکەر _ Laxative) بۆ چارەسەرکردنی قەبزی پەسەندکرابوو ، بەڵام لە ساڵی ۱۹۹۷ FDA قەدەغەی کرد بۆ مرۆڤ بەکاربهێندرێت چونکە زۆر بەسەختی دەبێتە هۆی شێرپەنجە.

لە ڕاپۆرتێکی تردا دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) لە مانگی ئابی ٢٠١٨ داوای کرد کە بەهیچ جۆرێک نابێت هیچ بەرهەمێکی خۆراکی ماددەی (DMAA) ی تێدابێت ، ئەو ڕاپۆرتە لەکاتێک دا بوو کە ئەو ماددەیە لەو بەرهەمانە دەکرا کە وەرزشەوانان و هەروەها ئەوانەی قەڵەوبوون بەکاریان دەهێنا ، چونکە ماددەکە باری دەرونی و فرمانی دڵ لە بەکارهێنەر تێکدەدات ، ماددەی DMAA (Dimethyl amyl amine) جۆرێکی وەرگیراوی ماددەی ئەمفیتامینەکانە کە ئاگایی و وزە زۆر زیاد ئەکات ، وەرزشەوانان و سەماکەرەکان بەکاریدەهێنن ، لە پێشتردا بۆ گیرانی لووت و نەخۆشی منداڵان (ADHD) بەکاردەهات.

زۆرێک لەو بەرهەمانەی ڕیکلامیان بۆ دەکرێت کە سروشتین و بە خێرایی کێش دادەبەزێنن بە ئەگەرێکی زۆر یەکێک لە ماددە قەدەغەکراوەکانی تێدایە ، کە لە ئەگەری بەکارهێنانی مەترسی لەسەر تەندروستی بەکارهێنەر دروست دەکەن.

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

دكتۆره‌ سه‌وسه‌ن: منداڵبوون به‌ڕێی سروشتی باشتره‌ و زیانه‌كانیشی كه‌متره‌

بۆ منداڵی نۆبه‌ره‌ ژنی دووگیان ده‌بێ 11 جار سه‌ردانی پزیشك بكات

شەکرەی ماوەی دووگیانی ئافره‌ت چییه‌؟

د.هەرێم که‌ریم ئه‌حمه‌د

زۆرترین بینراو