#مەسرور بارزانی .. متمانه‌دان به‌كابینه‌ی نۆیه‌م #ئاشتی هه‌ورامی له‌بری لێپرسینه‌وه‌ پۆستێكی..

بوونی بورج لەگەڕەکەکاندا چەندین کەسی ڕووبەڕووی شێرپەنجە و مەرگ کردووەتەوە

هەواڵی / 19/3/2019 907 جار بینراوە

بوونی بورج لەگەڕەکەکاندا چەندین کەسی ڕووبەڕووی شێرپەنجە و مەرگ کردووەتەوە

 

بوونی بورجەکانی 'تاوەر' پەیوەندیی لە گەڕەکەکاندا، دەیان هاوڵاتی ڕووبەڕووی نەخۆشی سەخت و مردن کردووەتەوە، تەنها لەیەک گەڕەکدا لە شاری سلێمانی، بەو هۆکارە چەند هاوڵاتییەک گیانیان لە دەستداوە، هاوکات چەند هاوڵاتییەکیش لە ئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکیدان، بە وتەی ئەو هاوڵاتیانە، لە ناوە و دەرەوەی وڵاتیش هۆکارەکانیان گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی بورجەکانی پەیوەندی نزیکی ماڵەکانیانە.

هاوڵاتیانی گەڕەکی سەرقەڵا لە کۆمەڵگای تاسڵوجە-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە دژی بوونی ئەو بورجانەی کە لە سەرماڵان دانراوە، هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی واژۆیان دەستپێکردووە و لە ڕێگای پۆلیسی تاسڵوجەوە بۆ دادگای سلێمانیان بەرز کردووەتەوە، ئەو هاوڵاتیان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و باس لەو کێشە تەندروستیانە دەکەن، کە دووچاری کەسوکاریان بووەتەوە و هەندێکیشیان بەهەمان هۆکار کەسە نزیکەکانیان لەدەستداوە.

 

بە پێی بیروڕای پسپۆڕان و ژینگەپارێزان، کۆمەڵێک پێوەر لە دانانی بورجدا هەیە، بەڵام لە باشوری کوردستاندا پێچەوانەکەی جێبەجێکراوە، لە کاتێکدا لە ڕووی بەرزییەوە دەبێت نزیکەی ٥٠ مەتر بێت و دووربوونیان لە ماڵان، دەبێت بە ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ مەتر بێت، چونکە ئەو شەپۆلە تیشکانە هاوڵاتیان تووشی لەبیرچوونەوە و چەندین نەخۆشی دیکە دەکەن، بەگشتی بەشێوازێکە کە چەندە نزیکبیت ئەوەندەش مەترسیدارترە.


وتەی ئەو شارەزایان و پسپۆڕان لە کاتێکدایە، بەهۆی پێدانی هەندێک پارە و ئیمتیازاتەوە، لە ئێستادا لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا بورج لەسەر خانووی ماڵەکان دانراوە، لەوەش خودی ماڵەکە و تەواویی دەورووبەری ژیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەوە جگە لەوەی لەسەر چەندین باڵەخانە و شوێنی دیکە لەناو بازاڕ و شارەکاندا دانراوە.


ئەو هاوڵاتییانەی لە گەڕەکی سەرقەڵادا بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن، ئاماژە بەوە دەکەن، کە کاتێک تووشی نەخۆشییەکی سەخت دەبن و ڕوو لە نەخۆشخانەکان دەکەن، هۆکار نەخۆشییەکانیان بۆ بوونی بورجەکان دەگەڕێننەوە و یەکەم پرس لێیان دەکەن، ئەوەیە، کە ئایا بورجەکانی پەیوەندی لە نزیکیان هەیە یاخود نا!.


عیرفان حەمەلاو هاوڵاتییەکە و باس لە نەخۆشی کچەکەی دەکات، کە سێ جار بردوویەتی بۆ هیندستان و بڕی ١٢٠ هەزار دۆلاری بۆ خەرج کردووە و هیچ چارەسەرێکی نەبووە و دواتریش کۆچی دوایی کردووە، ئەو بەمشێوەیە باس لە نەخۆشیی کچەکەی دەکات: کاتێک چووینە هیندستان و پزیشکەکان پێش ڕوونکردنەوە پرسیاری ئەوەیان کرد، کە ئایا بورج لە نزیکی ماڵمانە یان نا!، بۆیە هۆکارەکانی بۆ بوورجەکە گێڕاوەتەوە، کە کچەکەمی توشی گرێی شێرپەنجەیی کردووە لە فەقەراتیدا.

عیرفان حەمەلاو کوڕەزایەکیشی باجی هەبوونی ئەو بوورجەی گەڕەکەکە دەدات، کە لە ئێستادا تەمەنی چوارساڵە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ناتوانێت قسە بکات، پزیشکەکانی شاری سلێمانی پێیان ڕاگەیاندووە، کە هۆکاری ئەوەی تا ئێستا منداڵەکەیان قسە ناکات، هەبوونی بورجی پەیوەندییە لە نزیکە ماڵەکەیاندا.
جێگر مستەفا کە هاوڵاتییەکی دیکەی ئەو گەڕەکەیە و باوکی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە و ئێستا لە نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی لە ژێر چاودێریدایە، ئەویش باسی لەوە کرد، کە پزیشکەکان ٩٠٪ی هۆکارەکەیان گەڕاندووەتەوە بۆ بوونی بورج لە نزیکی ماڵیاندا، هەربۆیە ئەویش داوای کرد، هەرچی زووە هیچ بورجێک لە گەڕەکەکاندا بوونی نەمێنێت.

نەسرین عومەر، ژنێکی دیکەی دانیشتووی هەمان گەڕەکە، ئەویش باسی لە زیانەکانی بورجی گەڕەکەکەیان کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە دوو جار منداڵی لە بارچووە و پزیشک پێی وتووە، کە هۆکاری لە بارچوونی منداڵەکەی بۆ بوونی ئەو بورج دەگەڕێتەوە.

هەروەها هونەر کەریم هاوڵاتییەکی دیکەیە و دەڵێت: ئەم بورجانە زیانێکی زۆری بە هاوڵاتیان گەیاندووە و من دوو پوورم بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە هۆکاری سەرەکی ئەم بورجانە بووە، داواکاریشم ئەوەیە کە هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی بڕیک پارە ژیانی کەسانی دیکە نەخەنە مەترسییەوە.

هەربەپێی زانیارییەکان، ژنێکی دیکە لە هەمان گەڕەک، کە بە نەتەوە تورکمانە، لە ئێستادا تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە و لە نەخۆشخانەی هیوا لەژێر چاودێری پزیشکدایە.


هاوڵاتیان لە قسەکانیاندا ئاماژەیان بەوەکرد، کە ڕۆژنیوز وەک یەکەمین میدیا بەدەم گرفتەکانیانەوە چووە و داوایان کرد، کە ڕاگەیاندنەکان هاوکاریان بن بۆ فشارخستنەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان و گەیاندنی گرفتەکانیان.


زۆرترین بینراو