18 ساڵە ئۆتۆمبێلەکەی ژمارە 1ی (هەڵەبجە-کوردستان)ی پێوەیە

هەواڵی / 14/3/2019 1128 جار بینراوە

"شایانی ئەوەم ئەو ژمارەیەم پێ‌ بدرێتەوە"
وشیار بیاوێڵەیی: ژمارەی ئۆتۆمبێلەكەم لێ‌ وەربگرنەوە زۆر نیگەران دەبم
18 ساڵە ئۆتۆمبێلەکەی ژمارە 1ی (هەڵەبجە-کوردستان)ی پێوەیە


شه‌ن پرێس : ناس
حكومەتی هەرێمی كوردستان دوێنێ‌ بڕیاری پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێل بە پارێزگای هەڵەبجە دەركرد، بەڵام نزیكەی 18 ساڵ لەمەوبەر هاووڵاتییەكی ئەو شارە تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەی كرد بە پارێزگای هەڵەبجە و ژمارە (1)ی تابلۆی (كوردستان-هەڵەبجە)ی بە ئۆتۆمبێلەكەیەوە كرد.

وشیار بیاوێڵەیی نزیكەی 18 ساڵە تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەی كردووە بە (كوردستان-هەڵەبجە) و لەو بارەیەوە تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند: “ئەو كاتەی پێشمەرگە بووم بیرم لەوە كردۆتەوە كە ئێمە دەریایەك خوێنمان ڕشتووە رۆژێك لە رۆژان دەگەڕێینەوە سەر خاك و ئاوی خۆمان و هەڵەبجەش كە دەریایەك خوێنی ڕشتووە دەبێتە پارێزگا”.

وشیار بەئۆتۆمبێلەكەی هاتوچۆی نێوان شارەكانی كوردستانی كردووە و چۆتە دهۆك و زاخۆ و رانیە و قەڵادزێ‌ و گەرمیان، كەسیش رێگری لێ‌ نەكردووە “دەستخۆشیان لێكردووە بۆ ئەو كارەی”.

هێشتا پرسی پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێل بە پارێزگای هەڵەبجە نەبوبوو بە بڕیار، باس لەوە كرا كە ژمارە (1)ی تابلۆی (عێراق-هەڵەبجە) لەزیادكردنێكدا دەفڕۆشرێت، ئەمەش وشیاری نیگەران كردووە و لەلایەن چەند رێكخراوێكەوە و هەروەها لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، هەڵمەتی پشتگیریكردن لە وشیار بیاوێڵەیی بەڕێوەچوو و داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد ژمارە (1)ی تابلۆی ئۆتۆمبێل لە پارێزگای هەڵەبجە بدرێت بە وشیار بیاوێڵەیی.

“ئەگەر بخرێتە زیادكردن و فڕۆشتنەوە توانای كڕینیم نییە، من پارەی نان خواردنێكیشم پێ‌ نییە چ جای ئەوەی پارەیەكی وا زۆر، بەپێی خزمەت و خەبات و ماندوبوون بێت شایانی ئەوەم كە ئەو ژمارەیەم پێ‌ بدرێتەوە” وشیار بیاوێڵەیی وای وت.

وشیار لەو بڕوایەدایە ئەگەر ژمارەكەش بفڕۆشرێت، پێویستە بدرێتە دەستێكی ئەمین و كەسێكی باش و بەپارەكەی هەڵەبجەی پێ‌ ئاوەدان بكرێتەوە، بەڵام گومانی هەیە پارەكە بۆ هەڵەبجە خەرج بكرێت و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پارەكە “دەچێتە گیرفانی چەند بەرپرسێكەوە”.

وتیشی: “ئەگەر ئەو ژمارەیەم لێ‌ وەربگیرێتەوە نیگەران دەبم و خەفەتی پێ دەخۆم چونكە ئەوە بەشێكە لەمێژووی من و بەو كارە منیش و خەڵكی كوردستان نیگەران دەكەن”.

ساڵی 2015 بە بڕیاری حكومەتی هەرێم و بەغدا هەڵەبجە كرا بە پارێزگا و بووە چوارەمین پارێزگای هەرێم و 13/3/2019 حكومەتی هەرێم و بەغدا بڕیاری پێدانی تابلۆی ئۆتۆمبێلیان بۆ پارێزگای هەڵەبجە بە ناوی (عێراق ـ هەڵەبجە) دەركرد.

وشیار عەلی‌ لەساڵی‌ 1989 لەناوچەی‌ بەمۆی‌ خۆرهەڵاتی‌ سلێمانی‌ لەو كاتەی‌ خەریكی‌ هەڵگرتنەوەی‌ مین بووە، لەناكاو تەقینەوەی‌ مینێك دەبێتە هۆكاری‌ لەدەستدانی‌ قاچی‌ راستی‌، ئیتر لەوێوە بڕیار دەدات خۆی‌ تەرخان بكات بۆ هەڵگرتنەوەی‌ مین.

لەساڵی‌ (1994) جارێكی‌ تر لەناوچەی‌ پێنجوێن مین بەوشیاردا دەتەقێتەوە و قاچەکەی دیکەشی لەدەست دەدات‌، بەڵام كۆڵ نادات ‌و هەر بەردەوام دەبێت لەكارەكەی‌، بەجۆرێك لەماوەی‌ 27 ساڵ گەڕان بەشوێن میندا “زیاتر لەدوو ملیۆن مین‌ و پارچە تەقەمەنی‌ جۆرا و جۆری‌ هەڵگرتووەتەوە”.

وشیار نیشتەجێی‌ پارێزگای‌ هەڵەبجەیە، لەلای‌ زۆرێك لەخەڵكی‌ كوردستان بە(هۆشیاری‌ مین) دەناسرێتەوە، ئەمەش بەهۆی‌ ئەو مێژووە دوور درێژەی‌ لەگەڵ هەڵگرتنەوەی‌ مین و تەقەمەنیدا بەسەری‌ بردووە.
شۆڕش محەمەد

زۆرترین بینراو