#كاره‌ساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە

به‌وێنه‌ .... پاره‌ دزراوه‌كه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی شار دۆزرایه‌وه‌ و حه‌وت تۆمه‌تباریش ده‌ستگیر كران

هەواڵی / 13/3/2019 166 جار بینراوە

به‌وێنه‌ .... پاره‌ دزراوه‌كه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی شار دۆزرایه‌وه‌ و حه‌وت تۆمه‌تباریش ده‌ستگیر كران .

 


لایەنە ئەمنییەکانى سلێمانى ئاشکرایان کرد کە تیمێکى حەوت کەسیان دەستگیر کردوە کە موچەى پزیشک و فەرمانبەرانى سلێمانیان رفاندوەو داننیان بە تاوانەکەیاندا ناوە.

حەسەن نورى بەڕێوەبەرى گشتى ئاسایشى سلێمانى و ئاسۆ تەها بەرێوەبەرى پۆلیسى سلێمانى لە کۆنفڕانسێکى رۆژنامەنوسیدا بەیانى ئەمڕۆ چوار شەممە وردەکارى رفاندن و دۆزینەوەى موچەى پزیشک و فەرمانبەرانى نەخۆشخانەى شار لە سلێمانیان خستەڕوو.

لەکۆنفڕانسە رۆژنامەوانییەکەدا حەسەن نورى بەڕێوەبەرى ئاسایشى سلێمانى رایگەیاند" بە هەماهەنگى لەگەڵ سەرجەم هێزە ئەمنییەکانى سلێمانى تونرا لەماوەیەکى کەمدا ئەو پارەیەى رفێنرابوو بدۆزرێتەوەو بگەڕێنرێتەوە".

ئاشکراشى کرد، ئەو کەسانەى پارەکەیان رفاندووە تیمێکى حەوت کەسى بوون و دواى ١٥ سەعات لەناو شاردا توانراوە پارەکە بدۆزنەوە ئەوەش بەهۆى ئەو بازگە زۆرانەى کە لەناو شارو دەرەوەى شار دایانناوە.

بەڕێوەبەرى ئاسایشى سلێمانى روونیکردەوە، ئەو تیمە حەوت کەسییە سەرجەمیان کوردن و خەڵکى سلێمانیین، بەوتەى خۆشى ئەوانە پێشتر چەندین کارى لەو جۆرەیان کردوەو خەڵکیشیان کوشتووە.

هەروەها ئەوەشى خستەڕوو کە ئەو کەسانە چەند جارێک دەستگیر کراون و هەندێکیان دوو بۆ سێ ساڵ حکومدراون  و دەشلێت، سەرۆکى تیمەکە پێشتر چەند جارێکى تر گیراوە.

سەبارەت بە چۆنییەتى رفاندنى پارەکەش بەرێوەبەرى ئاسایش ئەوەى رونکردەوە، یەکێک لەو تیمە ماڵى لە نزیک بانکەکە بووەو دواى ئەوەى زانیارى وەرگرتووە لەسەر کاتى بردنى پارەکە تیمەکەی ئاگادار کردوەتەوەو دواتر نەخشەى وردیان بۆ رفاندنى پارەکە داناوە.

لەبارەى هاوکاریکردنى تیمەکە لەلایەن یەکێک لە فەرمانبەرانەوە حەسەن نورى ئەوەى خستەڕوو، رەنگە بە راستەو خۆو یان ناڕاستەوخۆ لەناو فەرمانبەرەکاندا زانیارى درابێت.

دواى کۆنگرە رۆژنامەنوسییەکەش بەرێوەبەرایەتى پۆلیسى سلێمانى سەرجەم پارەکەى رادەستى ئیدارەى نەخۆشخانەى شار کردەوە.

رۆژى سێ شەممە ژمارەیەک چەکدارى نەناسراو لە گەڕەکى ئیبراهیم پادشا لەسلێمانى رێگە بە ئۆتۆمبێلێکى نەخۆشخانەى شار دەگرن کە موچەى پزیشک و کارمەندانى نەخۆشخانەکەى پێبووە و دواتر چەکدارەکان فەرمانبەرەکان دادەبزێنن و پارەکە دەڕفێنن.