#كاره‌ساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە

میدیای د.به‌رهه‌م : وه‌ڵامه‌كانی بارزانی ، یەكێتی توشی شۆك كردوە .

هەواڵی / 12/3/2019 2063 جار بینراوە

میدیای د.به‌رهه‌م : وه‌ڵامه‌كانی بارزانی ، یەكێتی توشی شۆك كردوە .
یەكێتی بە دەستی بەتاڵ گەڕایەوە

شه‌ن پرێس :
ئەمڕۆ كۆبونەوەی یەكێتی و پارتی لە شاری هەولێر ئەنجامدرا و بەپێی ئەو زانیاریانەی خەندان دەستیكەوتوە، بۆچونی بارزانی بەدڵی یەكێتی نەبوە و پارتی داخوازیەكانی رەتكردۆتەوە.

سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە بەمەرجی ناونەهێنانی قسەی بۆ ده‌زگای خەندانی سه‌ر به‌ دكتۆر به‌رهه‌م صاڵح كرد، سەبارەت بە داواكارییەكانی یەكێتی بۆ پارتی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا و وەڵامی پارتی بۆ یەکێتی ئاشكرایكرد:"پارتی دیموكراتی كوردستان بە داواكاریەكانی یەكێتی بۆ گۆڕانكاری لە پشك و بەركەوتەكانی رازی نەبوە و لەوەش زیاتر یەكێتی توشی شۆك كردوە، كاتێك بڕ و رێژەی بەركەوتەكانی یەكێتی لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بە وەفدی یەكێتی گەیاندوە".
 

بە گوێرەی زانیارییەكانی سەرچاوەكەی خەندان،"یەكێتی نەیتوانیوە سەركەوتو بێت لە رازیكردنی پارتی بۆ گۆڕانكاری لە پاكێجەكانی بە گۆڕینەوەی سەرۆكی پەرلەمان لەبەرامبەر جێگری سەرۆكی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ".

هەمان سەرچاوە وتیشی:"ئەمڕۆ بۆچونی بارزانی سەبارەت بە داواكاری و ئیستحقاقاتی یەكێتی لە كەركوك و بەغداد گەیەنراوەتە وەفدی یەكێتی". بە وتەی سەرچاوەكە ئەوەش جارێكی دیكە بە "دڵی یەكێتی" نەبوە، چونكە یەكێتی تێگەیشتنی وابوە كە بەجێهێشتنی ئەو بابەتە بۆ بارزانی بە مانای رازیبونی پارتی دەبێت بە پێدانی پارێزگارێكی یەكێتی لە كەركوك و پێدانی وەزیری داد بەو حزبە".

سەرچاوەكەی خەندان ئەوەشی ئاشكراكرد:"ئەمڕۆ پارتی بۆچونی بارزانیان بە رونی بە وەفدی یەكێتی گەیاندوە وتویانە یەكێتی دەتوانێت لە نێوان ئەو دو پۆستە (پارێزگاری كەركوك، وەزارەتی داد) یەكیان هەڵبژێرێت و پارتی یەك لەو دو بەركەوتەیە بە ئیستحقاقی خۆی دەزانێت".


سەرچاوە باڵاكەی پارتی ئەوەشی خستەڕو، "پارتی بە یەكێتی وتوە، بەدەر لە پۆستی جێگری سەرۆكوەزیران یەكێتی تەنها پێنج وەزارەتی بەردەكەوێت، یەك لەو وەزارەتانەش وەزارەتی پێشمەرگەیە و ئەوانی دیكە وەزارەتی خزمەتگوزارین.

ئەو پۆستانەی پارتی وەك بەركەوتەی یەكێتی دایناوە لەپۆلێنكاریدا بە پۆستی سیادی ئەژمارناكرێن، ئەمەش پێچەوانەی ویستی یەكێتییە كە داوای "شەراكەت و هاوسەنگی"دەكات لە نەوت و ئەمن و دادوەری و فەرمانگەکانی دەرەوە و بەڕێوەبردندا.

لای خۆشیەوە سەرچاوەیەك لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە خەندان-ی راگەیاند:"كۆبونەوەی ئەمڕۆ بەبێ هیچ ئەنجامێك كۆتایی هاتوە و هیچ وادەیەكیش بۆ ئەنجامدانی كۆبونەوەی نوێ لەنێوان یەكێتی و پارتی دیاریی نەكراوە، چونكە ئەوەی یەكێتی دەیبینێت، پارتی ئیستحقاقی هەڵبژاردن و پێگەی مێژویی و جوگرافی یەكێتی لەبەرچاو نیە".

بەبڕوای چاودێرانی سیاسی، گەڕانەوەی یەكێتی بە دەستی بەتاڵ و گەیاندنی بۆچونی بارزانی سەبارەت بە هەردو پۆستی پارێزگاری كەركوك و وەزارەتی داد كە بە فیفتی بە فیفتی لە نێوان پارتی و یەكێتی دابەشیكردوە و یەكێتیش هەردو پۆستەكە بە ئیستحقاقی خۆی دەزانێت، دروستبونی گرێكوێرەیەكی ئاڵۆزترە لە پەیوەندیە دوقۆڵیەكان و پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی.