#كاره‌ساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە

ئایا خواردنی گۆشتی قرژاڵ له‌ئیسلامدا حه‌ڵاڵه‌ یان حه‌رامه‌ ؟

هەواڵی / 11/3/2019 405 جار بینراوە

ئایا خواردنی گۆشتی قرژاڵ له‌ئیسلامدا حه‌ڵاڵه‌ یان حه‌رامه‌ ؟


شه‌ن پرێس :
پرسیار : ئایا خواردنی گۆشتی قرژاڵ له‌ئیسلامدا حه‌ڵاڵه‌ یان حه‌رامه‌ ؟
وه‌ڵام : زانایان له‌م مه‌سئه‌له‌یه‌دا یه‌ك ڕانین وڕایان جیاوازه‌ له‌باره‌ی ئه‌و گیانله‌به‌رانه‌ی كه‌ له‌ئاو و ووشكانیشدا ده‌توانن بژین، وه‌ك كیسه‌ڵ وقرژانگ وبۆق .
یه‌كه‌م / ڕای مالیكیه‌كان :
ئیمامی مالیك ڕای وایه‌ كه‌ خواردنی گۆشتی گیانله‌به‌رانی ناو ده‌ریا هه‌ر هه‌مووی حه‌ڵاڵه‌ به‌ گۆشتی قرژانگیشه‌وه‌، ئه‌ویش به‌به‌ڵگه‌ی ئه‌م ئایه‌ته‌ی كه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت :  أُحِلَّ لَكُمۡ صَيۡدُ ٱلۡبَحۡرِ وَطَعَامُهُۥ مَتَٰعٗا لَّكُمۡ وَلِلسَّيَّارَةِۖ {المائدة :96} واته‌ : ڕاو (ی نێچیر) و خوارده‌مه‌نی ده‌ریایی حه‌ڵاڵ کراوه‌ بۆتان تا ئێوه ‌و گه‌شتیاره‌کان سوودی لێ وه‌ربگرن .
دووه‌م / ڕای شافعیه‌كان :
ئیمامی نه‌وه‌ویش له‌ مه‌جموعدا ده‌ڵێت : ڕای دروست و ڕاست لای شافعیه‌كان ئه‌وه‌یه‌ گۆشتی مرداره‌وه‌ بووی گیانله‌به‌رانی ناو ده‌ریا هه‌ر هه‌مووی حه‌ڵاڵه‌، بۆق نه‌بێت، وه‌هه‌ندێك له‌ زاناینی شافعی ده‌ڵین گۆشتی كیسه‌ڵ وماری ئاوییش حه‌رامه‌ ودروست نییه‌ بخورێت {المجموع : النووي، (ج9/ص32 -33) } .
شه‌ربینی خاوه‌نی كتابی مغني المحتاج ییش كه‌ زانایه‌كی شافعی مه‌زهه‌به‌ ئه‌ڵێت : هاوه‌ڵانمان له‌ مه‌زهه‌بی شافعی یان هه‌ندێكیان ده‌ڵێن : ئه‌وه‌ی له‌ناو ده‌ریادایه‌ خواردنی گۆشته‌كه‌ی حه‌ڵاڵه‌ خواردنی گۆشتی بۆق نه‌بێت چونكه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) ڕێگری كردووه‌ له‌ كوشتنی بۆق {المغني المحتاج (ج4/ص298)}، وه‌ك ڕیوایه‌تكراوه‌ : « نهی رسول الله (صلی الله علیه وسلم) عن قتل الضفدع » {سنن الدارمي، كتاب الأضاحي، باب النهي عن قتل الضفدع والنحلة}.
سێهه‌م  / ڕای حه‌نبه‌لیه‌كان :
  خاوه‌نی كتابی المغني ابن القدامة المقدسي ئه‌ڵێت : هه‌رگیانله‌به‌رێكی ده‌ریا كه‌ له‌ووشكانیشدا بژی، به‌بێ سه‌ربڕین دروست نیه‌ بخورێت، وه‌ك باڵنده‌ی ده‌ریا وكیسه‌ڵ وسه‌گ ئاوی، وئه‌وه‌یان نه‌بێت كه‌ خوێنی نییه‌ وه‌ قرژانگ دروسته‌ به‌بێ سه‌ربڕینیش بخورێت {المغني لابن القدامة : (ج11/ص83)} .
چواره‌م / ڕای حه‌نه‌فیه‌كان :
خاوه‌نی كتابی بدائع الصنائع أبو بكر بن مسعود الكاساني، له‌م باره‌یه‌وه‌ ڕای حه‌نه‌فیه‌كان نقڵ ده‌كات وده‌ڵێت : له‌ناو گیانله‌به‌رانی ده‌ریادا ته‌نها ماسی حه‌ڵاڵه‌‌ بخورێت، جگه‌له‌ ماسی خواردنی هه‌مووی حه‌رامه‌ .{بدائع الصنائع (ج5/ص35)} .
به‌كورتی سه‌باره‌ت به‌ خواردنی گۆشتی قرژانگ :
جمهوری زانایان ڕایان وایه‌ كه‌ خواردنی گۆشتی قرژانگ حه‌ڵاڵه‌ به‌و به‌ڵگانه‌ی كه‌ پێشتر خستیانه‌‌ ڕوو.
حه‌نه‌فیه‌كانیش پێیان دروست نیه‌ خواردنی .
وه‌ڕای دروستیش ڕای جمهوری زانایانه‌ ئه‌ویش له‌به‌ر به‌هێزی به‌ڵگه‌كانیان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ به‌ڵگه‌یه‌ی تریش نییه‌ له‌سه‌ر حه‌رام بوونی قرژانگ .
خوای گه‌وره‌ زاناو شاره‌زاتره‌.

ده‌سته‌ی به‌شی زمانی كوردی له‌ ماڵپه‌ڕی ئیسلام هاوس
پێداچونه‌وه‌ی: پشتیوان سابیر عه‌زیز