# مـانـگــی ڕه‌مـــــه‌زان

سیستمی تەندروستی به‌ریتانیا .. پزیشکی خێزان/1

هەواڵی / 6/3/2019 421 جار بینراوە

زۆر گرنگه‌ تكایه‌ بخوێنه‌وه‌
سیستمی تەندروستی به‌ریتانیا .. پزیشکی خێزان/1

دكتۆر گۆران عه‌بدوڵڵا
پزیشکی خێزان
ماوەیەک بوو کچەکەم کێشەیەکی تەندروستی بچووکی بوو. رۆژێک تەلەفونم بۆ بنکەی تەندروستی گەڕەکەکەمان کرد. دەنگێکی تۆمارکراو یەکسەر وەڵامی دایەوە. کەسەکە دەیوت کە ئەگەر بۆ حاڵەتێکی کتوپڕ تەلەفونت کردووە یەکسەر دایخە و پەیوەندی بە ٩٩٩ەوە بکە (کە ژمارەی فریاگوزاریە). ئەگەریش کتوپڕ نیە تکایە چاوەڕێ بە تاوەکو کەسێک وەڵامدەداتەوە. ئەویەشی وت کە پەیوەندییەکە بۆ مەبەستی چاودێری و راهێنان تۆماردەکرێ. ئەنجا پەیوەندییەکە چووە سەر چاوەڕوانی و دەنگەکە پێی وتم کە دوو کەسی تر لەسەر خەتن پێش من.

دوای چەند خولەکێک پێشوازی بنەکەکە وەڵامی دایەوە. هەندێ زانیاری لێموەرگرت دەرباری رۆژ و مانگ و ساڵی لەدایکبوونی کچەکەم و ئەو کێشەیە چی بوو کە تەلەفونم کرد لە بارەیەوە. دوای چەند کاتژمێرێک یەکێ لە دکتۆرەکانی بنکەکە تەلەفونی بۆمکردەوە و بۆماوەی ١٥ خولەک لەسەر خەت مایەوە و قسەمان کرد دەربارەی کێشەی کچەکەم. ئەو دکتۆرە کچەکەمی نەدیبوو و پزیشکێکی تر دیبووی. بۆیە وتی دەمەوێ قسە لەگەڵ پزیشکەکەی تر بکەم و دواتر تەلەفونت بۆ ئەکەمەوە. کاتژمێر ٦ و نیوی ئێوارە تەلەفونێکم لە پزیشکەکەوە بۆ هاتبوو من ئاگام لێنەبوو. پزیشکەکە نامەیەکی دەنگیی بۆ جێهێشتبووم دەربارەی گفتگۆکانی لەگەڵ پزیشکەکەی تر و لە نامەکەدا بەڵێنی دابوو کە پەیوەندی بکاتەوە. من وامزانی کە ئیتر بۆ بەیانی تەلەفونم بۆ دەکاتەوە، کەچی هەر ئەو شەوە کاتژمێر هەشت و چارەک دیسان تەلەفونی کردەوە و قسەمان کردەوە بە درێژی لەسەر حاڵەتەکە و ڕێنمایی تەواوی دامێ و لەسەر پلانێکی دیاریکراو ڕێکەوتین.

هەرچەندە لە بریتانیا جیاوازی هەیە لە شێوازی کارکردن، بەڵام پزیشکی خێزانی بەگشتی چەند خەسڵەتێکی هاوبەشیان هەیە. ئەمەی کە لێرە دەیخەینە ڕوو زیاتر تایبەتە بە هەرێمی سکۆتلاندا و ڕەنگە هەرێمەکانی تری وڵاتەکە هەنێ جیاوازییان هەبێ. پزیشکی خێزان لە بریتانیا پێیدەوترێ (General Practitioner) بەڵام بۆ ئاسانکاری ئێمە دەستەواژەی پزیشکی خێزان بەکاردەهێنین.

وەکو لە نموونەکەی سەرەوە ڕوونمانکردەوە، بۆ ئەوەی پزیشکی خێزان ببینی پێویستە سەرەتا تەلەفون بکەی و ئەکرێ خۆشت بچی ڕاستەوخۆ داوای بینینی پزیشکی خێزان بکەی. بەڵام حاڵەتەکە دەستنیشانیدەکا ئەگەر پێوست بکا پزیشکەکە بتبینێ یاخود لەڕێی تەلەفونەوە کێشەکە چارەسەر بکا یا ڕەاونەی نەخۆشخانە یا شوێنی ترت بکا. هیچ کەسێ بەبێ مەوعیدی پێشەوخت ناتوانێ پزیشکی خێزان ببینێ.

دوای تەلەفونەکە ئەگەر پێویستی کرد پزیشکەکە داوا لە نەخۆشەکە دەکا بێ بۆ بنکە تەندروستیەکە بۆ ئەوەی بیبینێ. زۆر جار لە دوای ئەو بینیبە پزیشکەکە دەرمان و چارەسەری پێویست بۆ نەخۆشەکە دەنوسێ. ئەگەر پێویستیش بکا ڕەوانەی خەستەخانە و پزیشکی پسپۆری دەکا. هیچ نەخۆشێ بۆی نیە ڕاستەوخۆ و بە بێ ڕەوانەکردن لە لایەن پزیشکی خێزانەوە سەردانی خەستەخانە بکا یا پزیشکی پسپۆر ببینێ مەگەر حاڵەتەکە کتوپڕ بێ. لە حاڵەتی کتوپڕدا نەخۆشەکە بە ئەمبوڵانس دەنێرنە نەخۆشخانە.

لە هەرێمی سکۆتلاندا (کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٥ ملێون کەسە ونزیکە لە ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانەوە) ٤٩٩٤ پزیشکی خێزان هەیە. بەشێوەیەکی گشتی هەر ١٠،٠٠٠ کەسێک ٨ پزیشکی خێزانیان بەردەکەوێ. زۆربەی پزیشکانی خێزان لە سکۆتلاندا ژنن بە رێژەی ٥٨% و رێژەی ٤٢% پیاون.

پزیشکانی خێزان زانیاری فراوانیان لەسەر بابەتە پزیشکیەکان هەیە. ئەوان دەبێ لە بابەتە پزیشکیەکانی تایبەت بە ژنان و منداڵان و بەساڵاچووان و هەناو و نەشتەرگەری بزانن. بەڵام زانیاریەکانیان پێویست ناکا هی پسپۆری ئەو بوارانە بێ. هەموویان دەبێ ئەندامی کۆلێژی شاهانەی پزیشکی خێزانی بریتانیا بن. هەندێکیان دبلۆمی باڵایان هەیە لەبوارێکی تایبەتی پزیشکیدا. لە کاتی پێویستدا، پزیشکی خێزان دەتوانێ نەخۆش ڕەوانەی نەخۆشخانە یا کلینیکی تایبەتی ئەو بوارانە بکا. وەکو پێشتریش ئاماژەمان پێکرد، بەبێ نامەی پزیشکی خێزان هیچ کەسێ لە نەخۆشخانە یا کلینیکی تایبەت نابینرێ.

دوو جۆر لە پزیشکی خێزان لە بنکە تەندروستیەکاندا کاردەکەن. جۆری یەکەمیان وەکو فەرمانبەرە و مووچەیەکی مانگانە وەردەگرێ هەموو مافەکانی فەرمانبەری هەیە وەکو پشووی ساڵانە بۆ نموونە. جۆرەکەی دیکە پێی دەڵێن هاوبەش (Partner). پارتنەرەکانی بنکە تەندروستیەکە شەریکن لە داهات و بەرێوەبردنی بنکەکە. ئەوان بەرپرسیارن لە بەڕێوەبردنی کاروباری دارایی و ئیداری. بۆیان هەیە لەو پارەیەی کە بۆیان دابیندەکرێ قازانجی دارایی بکەن. بەڵام پارتنەر مافەکانی فەرمانبەری ئاسایی نیە.

لە حاڵی حازردا لە سکۆتلاندا ٤٩٩ بنکەی تەندروستی هەیە. ژمارەی ئەو نەخۆشانەی لە هەر بنکەیەکی تەندروستی تۆمارکراون لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازی هەیە. بۆ نموونە بنکەی تەندروستی هەیە تەنها تایبەتە بە نەخۆشی یا حاڵەتێکی دیاریکراو و تەنها ٤٠ کەس تێدا تۆمارکراوە. بەڵام بە گشتی ژمارەی ئەو کەسانەی لە بنکە تەندروستیەکان تۆمارکراون لە ٢٠٠ بۆ ٢٠ هەزار کەسە.

لە ساڵی ٢٠١٨/٢٠١٧ حکومەتی سکۆتلاندا ٧٩٤ ملێون پاوەندی تەنها لە بنکە تەندروستیەکاندا خەرجکرد.

بە گشتی سێ جۆر لە بنکەی تەندروستی هەیە لە سکۆتلاندا.
جۆری یەکەم (17J): لەم جۆرەدا، ئەو پزیشکانەی کە لە بنکەکە کاردەکەن خۆیان بەڕێوەدەبەن. حکومەتی ناوەندی گرێبەست لەگەڵ بنکەکە دەکا بۆ پێشکەشکەشکردنی ئەو خزمەتگوزاریانەی کە لەسەری ڕێکەوتوون.

جۆری دووەم (17C): ئەم جۆرەش وەکو جۆری یەکەم پزیشکەکان خۆیان بنکەکە بەڕێوەدەبەن. بەڵام جیاواز لە جۆری یەکەم، بنکەکە گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی خۆجەیی هەیە نەک حکومەتی ناوەند. ئەمە وا دەکا کە ئەو خزمەتانەی بنکەکە پێشکەشیدەکا بەجۆرێک بێ کە بە گوێرەی پەیداویستیەکانی ناوچەکە بێ نەک بەو شێوازەی کە حکومەتی ناوەند دەیسەپێنێ.

جۆری سێهەم (2C): ئەم جۆرەیان بە تەواوەتی موڵکی حکومەتە. پزیشکەکان و کارمەندەکان فەرمانەبەری سیستمی تەندروستی بریتانیان و حکومەت مووچە و بودجەیان بۆ دابیندەکات. ٨٠%ی بنکە تەندروستیەکانی سکۆتلاندا لە جۆری یەکەمن.

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

دەتەوێت بزانیت بەربانگ کردنەوەت بە خورما چت پێ دەبەخشێت؟

ئیعجازی زانستی لە به‌ربانگ كردنه‌وه‌ به‌ خورما

زۆرترین بینراو