پەڕاندی پەڕاندی! جیاوازی نێوان "سێکس و سواربوون" چییه‌؟

هەواڵی / 25/1/2019 3871 جار بینراوە

زۆرینەی ژنان بۆ ئەوە سێکس دەکه‌ن تا منداڵ دروست ببێت
پەڕاندی پەڕاندی! جیاوازی نێوان "سێکس و سواربوون" چییه‌؟
نوسینی/ هیوا ئەحمەد و حوسەینی عەلی شەریف

لە ناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی ڕابوردودا لە تەلەفزیۆن و سینەماکانی عێراقا، ئەو دیمەنانە ئەپەڕێنران کە ڕاموسان و ئاوێزان و ماچی ژن و پیاوی تیا بوو.

لە هەمان کاتدا هەر سەر لە ئێوارە دیمەنەکانی "صور من المعرکە" لە شاشەی تاکە کەناڵەکەی ئەو کاتەوە نیشانی تەواوی ئەندامانی خێزانە عێراقیەکان ئەدرا، کە پڕ بوون لە دیمەنی سەربازی کوژراو و جەنازەی هەڵئاوساو.

لە سینەماکانیشا هەمان بەزم بوو، ئەو کاتەی کەکچەکە خۆی ڕووت ئەکردەوە یەکسەر فلیمەکەیان ئەبڕی.

ئیتر تەواوی خەڵک هاواریان ئەکرد"پەڕاندی پەڕاندی"و کورسیەکانیان ئەدا بە یەکاو هەرچی ترۆزی و محەلەبیان پێ بوو فڕەیان ئەدا.

لە بەغاش گەنجەکان هاواریان ئەکرد" مو انگینا دینار حرام علیکم".

باشم لە یادە یەکەم جار کە دوکانی ڤیدیۆکان وەک بەدیلی سینەما لە شارۆچکەو ناحیەکانا دانرا، لە شارۆچکەکەی ئێمە خزمێکی من یەکەم کەس ئەم دوکانەی داناو یەکەم کەسیش بوو فلیمی خەلاعی نیشانی خەڵکەکە دا.

دە دەقە سەیری فلیمی ڕووت بە روبعە دینارێک، کە بۆ ئەو کات پارەیەکی زۆر بوو.

من باش لە بیرمە هەموو پیاوەکان ئامادە بوون رۆژانە دەیان جار روبعە دینار بدەن بۆ سەیری فلیمی ڕووت.

نێرینەی ئەو شارە کە بە دەگمەن پارەیان ئەدا بە مریشک و جلو بەرگ، ئامادە بوون هەرچیان هەبوو بیدەن بە سەیری دە دەقەی فلیمێکی ڕووت لە شاشەیەکی بچکۆلانەوە.

ساڵانی نەوەدەکان کە تازە سەتەلایت هاتبوو، نێرینەکان ناچاربوون بۆ بینینی چەند لەقتەیەکی ڕۆمانسی، چەندین کاتژمێر بەدیار کەناڵی سینە بێشی توورکیەوە دانیشن.

خەڵکی ئەو ووڵاتەی من تینوی بینینی دیمەنی تێک ئاڵانی کچ و کوڕێک بوون .ئەوەندە دیمەنی جەنگو سەربازی کوژراویان دیبوو لە خۆیان بێزار بوون.

ئەو کاتانەی کە ئەمبینی پیاوەکان سەیری فلیمە ڕووتەکەیان ئەکرد ئەو پرسیارەم لە دەمی داچەقاو و ناوگەڵی هەڵئاوساویانا ئەبینی کە بۆچی ئەوانیش ناتوانن کاریکی لەو جۆرە بکەن.

زۆریان کە ساڵانێکیش بوو ژنیان هێنابوو ، بەڵام هەرگیز نەیانزانیبوو وەک ئەوانەی ناو فلیمەکە بیکەن و هەرگیزیش بیریان بۆ ئەو جۆرە شتانە نەچو بوو.

لە سەدا نەوەد و نۆی دایکان و باوکان، باپیرەو داپیرەکانی ئێمە بە دریژایی پەنجا ساڵ هاوسەرگیری دەمیان نەخستۆتە ناو دەمی یەکتر.

لێوی یەکتریان نەمژیوە و لایان وابوە مەمکی ژن تەنها بۆ شیردانی مناڵە.

کەواتە کەسیان سیکسیان نەکردوە بەڵام جووت بوون ،جووت بونیش ئەڵبەتە ناکاتە سێکس.

شتێک هەیە پێی دەوترێت گان و شتێکیتر هەیە پێیدەوترێت سێکس. یەکەمیان پرۆسە نیە، لاقەکردنێکی تاک لایەنەیە، زۆر جار پیاوان پێی هەڵدەستن و کەمێک جاریش ژنان.

بەڵام سێکس جیایە، سێکس ساتی ڕووخانی دیوارەکانە، ساتی توانەوەیە، ساتی نەمانی سنوورە. ساتی وەڵادانانی ڕێز و ویقارە. مرۆڤ لە دۆخی سێکسدا نە بەڕێزە و نەبێڕێزیش، بەڵکو خۆیەتی. سێکسیش وەکو مەستی مرۆڤ دەکاتەوە بە خۆی. لەهەموو شتێک دایدەماڵێت و دەبێتەوە بە مرۆڤ، مرۆڤێک لەدەرەوەی تەمسیل و خۆ نواندن.

سێکس خاڵی بەتاڵبوونەوە نیە، بەڵکو ساتی پڕبوونە لە یەکتری. ئەو کاتەیە کە دوو مرۆڤ بۆشاییەکانی یەکتر و کەلێنەکانی یەکتری پڕدەکەنەوە.

هەردووکیان لەناو یەکتریدا پڕدەبن. چونکە دوو مرۆڤی ناتەواو و نووقسانن، ساتی سێکس دەبن بە مرۆڤی تەواو.

ڕاستیەکەی بەپێچەوانەی هەندێکەوە کە پێی وایە سێکس پرۆسەی ئەژەڵبوونە، سێکس پرۆسەی گەیشتنە کەماڵی مرۆڤە.

مرۆڤی شەرقی گان دەکات، بەڵام دیوارە مەعنەویەکانی نەڕووخاوە، بۆیە هەر تینووە.

مرۆڤ ناتوانێت درۆ لەگەڵ مەشاعیری خۆی بکات، ناتوانێت شەڕ لەگەڵ خواست و پێویستیە بنەڕەتیەکانی خۆیابکات.

ئینسان تەنیا بە ئەندامەکانی بەینی هەردوو ڕانی پێویستی بە تێکەڵابوون نیە. بەڵکو پێویستە بەهەموو شعوریەوە، بچێتە ناو ئەو پرۆسەیەوە.

پیاوی ئێمە جووت دەبێت، بەڵام بەڕۆح نا، تەنیا بە جەستە، بۆیە هەر تیوێتی ناشکێت. پیاوێک پێویستیەتی عەشقی ژنانە، بەر گوێچکە و چاو و ڕۆح و هەناسە و پەنجەکانی دەستی بکەوێت.

تەبعەن ژنانیش بەشی خۆیان چاوەڕوانیان هەیە و ئەیانەوێت ئاوانەبێت و بەوجۆرەیتربێت.

ڕاستیەکەی کلتوورەکەی ئێمە لەو جۆرە مرۆڤانەی کەمە کە بانگت دەکەن بۆ سێکسێکی پیرۆز.

سێکسی پیرۆز؟ بەڵێ بەڵێ سێکسی پیرۆز.

- تۆ هەرگیز بیرت لەوە کردۆتەوە، هەموو مرۆڤێک پێویستی بەوەیە، ساتێک لەدەرەوەی کەسایەتیەکی ماقوڵ و لە دەرەوەی ئاین و لەدەرەوەی نەریت، سێکسێکی پیرۆز تاقی بکاتەوە؟

+ واتە چۆن؟ بەباشی تێناگەم؟

- نازانم چۆنی بڵێم، بەڵام ئینسان ناتوانێت بەردەوام مرۆڤێکی شیاو و شایستە و بەڕێز بێت، ئەم ڕێزەی ئێمە بۆ یەکتری دەنوێنین، قاچی مرۆڤەکان دەشکێنێت و دەیانبەستێتەوە. ئەوەی کە بەردەوام دەمانەوێت مرۆڤێکی پەسەندی کۆمەڵگابین، ڕێگەی گرتووە لەوەی بەڕێگای خۆماندا بەختەوەری ئەزموونکەین.

- وتت سێکسی پیرۆز! واتە سێکسێک لە لەناو کڵێسا و مزگەوت؟ یان چی؟

+ نااااا.. بۆ دەبێت پیرۆزی هەر بخرێتە پاڵ مزگەوت و کڵیسا و ئاگردانە دینیەکان، مرۆڤ دەبێت خۆی قیمەت و بەها بۆ شوێنەکان دانێت، نەک شوێنەکان بۆ ئەوی دانێن.

- ئەی سێکسی پیرۆز واتە سێکسێک لەژێر شەرعی خودا ڕوویدابێت؟

+ دیسان ئەوەش نیە، چونک ئەوکاتە فەرمانێکی سەروو مرۆیی جێبەجێدەکرێت. پیرۆز واتە ساتی ڕەهایی. مرۆڤ لەکاتی سێکسدا دەبێت تەنانەت مرۆڤیش نەبێت، هیچ نەبێت، هیچ. ساتی ڕەهابوونی حەز و باڵگرتنەوەی بێت بۆ دوا سنوورەکان.

لای زۆرینەی ژنانی ئیمە سێکس بۆ ئەوە ئەکرێت کە مناڵ دروست ببێت و بە ژنی نەزۆکی ناو نەبەن.

لای زۆرینەی پیاوانیش لانی کەم پیاوانی دوێنێ لایان وابوە لە تاریکیدا شتێک بخەیتە شتیک ئیتر ئەوە تەواوە.

بەڵێ سێکس شتێکی زۆر جیاواز ترە لە سوار بوون .ئینسان زۆر جار ئەتوانێ سێکس بە گفتوگۆ بکا یان بە نوسینی نامەیەک یان بە دیتنێک یان ماچکردنێک. سێکس پرۆسەیەکی مەزنە کە هەموو زینەوەرەکان لە ژیانیانا ئەنجامی ئەدەن. سیکس پیرۆزیە ئەوەندە پیرۆزە کە هەموو ئاینەکانیش وەک پاداشتی بەهەشتیەکان خەڵکیان پێ ئیغرا کردوە.

لە هیچ کاتێکیشا هیچ هێزیک جا هێزی دەسەڵاتی وەک ئەوەی عیراق و هەشتاکان بوبێت، یان زۆرینەی وڵاتە عەرەبیەکان، یان هێزی ئاینی وەک ئاینەکانی ئیسلام و مەسیحی و یەهودی و بە ناو سەماوەیەکانی تر نەیان توانیوە بەری پێ بگرن.

ئیمە لە سەرەتای نەوەدەکانا دوای سەحوەی ئیسلامی کەوتوبوین.

زۆرینەی زۆری گرفتەکانی ئێمەی گەنج ئەو کاتە خۆ نەگرتن بوو لە بەرانبەر تەوژمە جنسیەکانمان.

ئێمە ئەمانتوانی نان نەخۆین ئاو نەخۆینەوە بەردەوام نویژ بکەین تەنانەت ئامادەکاری جیهادیشمان تیا بوو، بەڵام هەرچیمان ئەکرد نەمان ئەتوانی "دەسپەڕ نەکەین" نەمان ئەتوانی لە شەوا هەستانی ناوگەڵمان کۆنتڕۆڵ بکەین.

چارەی ئاین بۆ ئەمە ئەوەبوو یان ژن بهێنین یان بە ڕۆژو بین، بەڵام نە توانای ژن هێنانمان هەبوو نە ڕۆژوش چارەی ئەو گرفتەی ئەکردین.

ئێستاش لە میدیاکانی کوردستانەوە هەمان بەزمە.

ئێستاش دیمەنی ماچەکان ئەبڕن ،بەڵام ئەو حیوارانەی کە بونەتە هۆی لیک ترازانی خێزان و نەمانی بەهای کۆمەڵایەتی بۆ کوردی تەرجەمە ئەکەن.

تەواوی ئەم دراما تورکیانەی ناو میدیای کوردی تاکە سودێک گەر تیایا بێت دیمەنی ماچ کردنەکانە،کەچی ئەوان ئەوەی ئەبڕنو ئەو حیوارانەمان پێ نیشان ئەدەن کە پڕن لە ماڵ وێرانی.

ئێستا زاکیرەی مۆبایلی زۆربەی خەڵکی ئێمە، فیلمێک یان دوانی سایتە شینەکەی تیایە، کەچی هێشتا نووسین بە کوردی لەسەر ئەم بابەتە تابۆو حەرامو بڤەیە.

پێگه‌ی خێزان

زۆرترین بینراو