یەکێتی و پارتی به‌ فه‌رمی‌ رەفتارەکانی سەردەمی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی دووبارەدەکەنەوە

هەواڵی / 4/1/2019 207 جار بینراوە

كاديرانی‌ یه‌كتر ده‌رفێنن
یەکێتی و پارتی به‌ فه‌رمی‌ رەفتارەکانی سەردەمی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی دووبارەدەکەنەوە

شه‌ن پرێس:
یه‌كێتی و پارتی به‌ فه‌رمی‌ ڕه‌فتاره‌كانی سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆ و دوو ئیداره‌یی دوباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتیان كادرانی‌ یه‌كتر به‌بارمته‌ ده‌گرن و ده‌یان رفێنن.

به‌و‌ کارانەش پرسیار له‌سه‌ر كۆی ده‌ستگیركردن و دانه‌پاڵی تۆمه‌تی تیرۆر بۆ كادران و ئه‌ندامانی حیزبه‌كان دروستبووه‌.


دەستگیركردنی كادرانی یەكێتی لە هەولێر لەچوارچێوەی پلانێكی پێشوەختی پارتیيەو لە تۆڵەی دەستگیركردنی كادرانی پارتیيە لەلایەن بەرپرسە ئەمنیيەكانی یەكێتیيەوە لە زۆنی سەوز، بەتایبەتیش دەستگیركردنی كوڕێكی (ئەكبەری حاجی رۆستەم) لە كفری لەلایەن پۆلیس و دواتر بردنی لەلایەن هێزێكی دیكەی ئەمنیيەوە.


بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەست (درەو میدیا) كەوتووە، پارتى زۆر توڕە بووە لە رووداوی ددەستگیركردنی ئەو كوڕە، لەسەر ئاستی مەكتەبی سیاسی پارتی هۆشداری بە یەكێتی دراوە كە ئەوانیش دەستدەكەن بە دەستگیركردنی كادرانی یەكێتی لە زۆنی زەرد.
دەستگیركردنی كادران


لە چەند رۆژی رابردوودا كوڕیكی (ئەكبەری حاجی رۆستەم) لە شاری كفری بەناوی "سەرخێڵ" دەچێتە بەردەم پۆلیس و لەسەر كەیسێكی ئاسایی (ناسیاسی) دەستبەسەردەكرێت، بەڵام لەلایەن هێزێكی دیكەی ئەمنیيەوە گواستراوەتەوە بۆ شوێنێكی تر، بە بیانووی ئەوەی "كەیسی ئەمنی لەسەرەو تێوەگلاوە هاوشێوەی مێرد منداڵەكەی كفری (هەڵۆ محەمەد) لە بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتیيەكان، كەیسەكەی پەیوەستكراوە بە كەیسەكەی ئەو مێردمنداڵەوە".


دەستگیركردنی ئەو كوڕەی (ئەكبەری حاجی رۆستەم) بەرپرسانی پارتی توڕە دەكات، عزەدین بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی پەیوەندی بە بەرپرسانی یەكێتیيەوە دەكات‌و پێیان رادەگەیەنێت" دەبێت ئەو كوڕە ئازادبكەن، ئەگەرنا ئەوانیش كادرانی یەكێتی لە هەولێر دەستگیردەكەن، بۆیە كاتێك دەزگا ئەمنیيەكانی یەكێتی ئەو كەسە ئازاد ناكەن، پارتیش لەلایە خۆیەوە دەست دەكات بە گرتنی كادرانی یەكێتی". 
هەڵمەتی دەستگیركردنی كادرانی یەكێتی


شەوی رابردووتر ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری هەولێر لە دوو هەڵمەتی جیادا كادرێكی باڵای یەكێتییان دەستگیركرد‌وهێرشیانكردە سەر ماڵی  كادرێكی دیكەی ئەو حزبە.


(درەو میدیا) زانیویەتی، كاتژمێر 10:30 شەو لە گەڕەكی (برایەتی)ى هەولێر هێزێكی سەربە ئاسایشی پارتی هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی (پێشڕەو وەیسی) كارگێڕی مەڵبەندی 3ی هەولێری یەكێتی‌و رفاندویانە. كە كەسێكی نزیكە لە (لاهور شێخ جەنگی) بەرپرسی دەزگای پارستن‌و زانیاری- زانیاری، هەمان شەو هێزێكی دیكە ئاسایشی پارتی لە گەڕەكی (رۆشنبیری)ى شاری هەولێر چونەتە سەر ماڵی (لێزان بەكر) كادری یەكێتی‌و هەوڵی رفاندنیانداوە، ئەو كادرەی یەكێتی بەرپرسی نوسینگەی (بورهان سەعید سۆفی)ى بەرپرسی مەڵبەندی كۆیەی یەكێتییە، ماڵی لە هەولیرە‌و رۆژانە سەردانی كۆیەی كردووە..


لە راگەیەنراوێكدا لیوا بكر گردەسۆری باوكی لێزان بەكر ئاماژەی بەوەكردووە"  كاتژمێر 9:30 ھێزەكانی ئاسایشی ھەولێر ھەڵیانكوتایە سەر ماڵەكەم لە شاری ھەولێر، گەڕەكی ڕۆشنبیری، بەبێ ھیچ بیانوێك‌و نوسراوێكی فەرمی یاسایی، ماڵەكەیان پشكنین بەشوێن (لێزان)ی كوڕم".
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەدوێنێوە هەرەیەك لە (كۆسرەت رەسوڵ)و (حاكم قادر) لەسەر هێڵن لەگەڵ پارتی بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە، تەنانەت كۆسرەت رەسوڵ ئێستا لە هەولێرەو دەیەوێت ئەو كێشەیە لەگەڵ بەرپرسانی پارتی چارەسە بكات. 
 
دەستگیركردن لە سەردەمی ناكۆكيیەكاندا
پێناچێت گرتن‌و رفاندنی كادرانی یەكێتی تەنها پەیوەندی بە ناكۆكیيەكانی نێوان هەردوولاوە هەبێت، بەڵكو بەشێكی پەیوەندی بە دەستگیركردنی كادرانی پارتیيەوە هەیە لەلایەن هێزە ئەمنیيەكانی یەكێیتەوە.


رۆژنامەنوس (سەرتیپ وەیسی كەریم) لە نوسینێكدا بەناوی "حەقیقەتی دەستگیركردنی كادیرانی یەكێتیی لە هەولێر" دەڵێ: هەڵوێستەكانی ئەمدوایيەی یەكێتیی‌و پێكهێنانی كابینەی نوێ، هیچ پەیوەندییەكی بە دەستگیركردنی كادیرانەوە نییە، ئەو هەنگاوەی هەردوولا گرتوویانەتە بەر دژ بەیەك، نایاسایيەو بەڵگەی میلیشیایبوونی ئەو هێزانە دەردەخات.


ئاماژەی بەوەشكردووە، بەپێی زانیارییەكان، گرتن‌و هەڵكوتانە سەر ماڵی ژمارەیەك لە كادیری یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە سنوری پارێزگای هەولێر، لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، پەیوەندی بە گرتنی چەند كادێرێكی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەیە لە سنوری پارێزگای سلێمانی ‌و ئیدارەی گەرمیان، بەرپرسانی هەردوولا لەسەر هێلن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، پارتی داوای ئازادكردنی كادیرەكانی دەكات، داواش لە هەریەك  لە (كەریم سنجاری- نەزهەت حالی- لاهور شێخ جەنگی‌و چەند بەرپرسێكی دەزگا ئەمنییەكانی هەردوولا) كراوە، كۆتایی بەو هەڵمەتانەی دەستگیركردن بهێنن.


زۆرترین بینراو