دەمیرتاش: داخستنی بنكەكانی تەڤگەری ئازادی یەكێتی دەكاتە دوو پارچە

هەواڵی / 6/12/2018 166 جار بینراوە

"كاتی خۆی پەكەكە نەیهێشت یەكێتی هەڵبوەشێتەوە".
دەمیرتاش: داخستنی بنكەكانی تەڤگەری ئازادی یەكێتی دەكاتە دوو پارچە
شه‌ن پرێس:
ئەمڕۆ پێنجشەممە نوورەدین دەمیرتاش ئەندامی ڕێبەرایەتی كۆمەڵەی جڤاكی كوردستان "كەچەكە" رایگەیاند كە یەكێتی بەهۆی داخستنی بنكەكانی تەڤگەری ئازادی، ڕووبەڕووی دووكەرتبوون دەبێتەوە، گوتیشی كاتی خۆی پەكەكە نەیهێشتووە یەكێتی پارچەپارچە بێت و هەڵوەشێتەوە.

    دەمیرتاش لە وتارێكیدا كە لە ڕۆژنامەی (ئۆزگور پۆلەتیكا)ی زمانحاڵی پەكەكە بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە كە داخستنی بنكەكانی تەڤگەری ئازادی لە سلێمانی و ناوچەكانی تری ژێر دەسەڵاتی یەكێتی، دەبێتە هۆی پارچەبوونی یەكێتی، كاتی خۆیشی هەر پەكەكە بوو لێنەگەڕا یەكێتی پارچە بێت.

بەرپرسەكەی كەجەكە كە باڵێكی پەكەكەیە ئەوەشی نووسیوە "چەندین بەرپرسی نێو یەكێتی كە داخستنی بنكەكانی تەڤگەر قبووڵ ناكەن، كەسانی بەحورمەتی حزبەكە دژی داخستنی بنكەكانی تەڤگەر دەوەستنەوە".

 نوورەدین دەمیرتاش ئەگەرچی نووسیویەتی "یەكێتی پێشتر رووبەڕووی پارچەپارچەبوون دەبووەوە، بەڵام تەڤگەری ئازادی و پەكەكە ڕێیان لەو پارچەبوونە گرت"، بەڵام ئاماژەی بەوە نەداوە كە پەكەكە لە چ ڕێگەیەكە ئەم كارەی كردووە و نەیهێشتووە كەسانێك لە حزبەكە بترازێن.

جێی باسە هەفتەی رابردوو یەكێتی لە ڕێگەی ڕێكەوتنێكی بەرهەم ساڵحەوە لەگەڵ توركیا، بڕیاری داخستنی بنكەكانی تەڤگەری ئازادی دا، بەم هۆیەوە بنكەكانیان لە سلێمانی، كەلار، رانیە، كۆیە و ناوچەكانی تری زۆنی یەكێتی داخست. هەر بەم هۆیەشەوە هەفتەی رابردوو هێزەكانی پەكەكە لە سنوونێ هێرشیان كردە سەر بارەگایەكی یەكێتی و ئاڵاكەیان داگرت و بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك دەستیان بەسەر بارەگاكەدا گرت.

زۆرترین بینراو