یەکێتی قوباد تاڵەبانی بۆ جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەربژێر دەکات

هەواڵی / 5/12/2018 220 جار بینراوە

داوای دوو جێگر و سەرۆکایەتییەک دەکات
یەکێتی قوباد تاڵەبانی بۆ جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەربژێر دەکات

شه‌ن پرێس:
یەکێتیی داوای دوو جێگر و سەرۆکایەتییەک لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بزووتنەوەی گۆڕانیش داوای جێگری سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی پەرلەمانیان کردووە.

یەکێتیی داوای دوو جێگر و سەرۆکایەتییەک دەکات، جێگری سەرۆکی هەرێم، کە کاندیدیان بۆ ئەو پۆستە بەپێی زانیارییەکانی رووداو قوباد تاڵەبانییە، بۆ جێگری سەرۆکی حکومەت دوو بەربژێریان هەن، ئەوانیش حاکم قادر و دەرباز کۆسرەت رەسوڵە. هاوکات داوای سەرۆکی پەرلەمانیش دەکەن، بۆ ئەو پۆستەش دوو بەربژێریان هەن، ئەوانیش بێگەرد تاڵەبانی و رێواس فایەقە، لە وەزارەتەکانیش داوای وەزارەتەکانی پێشمەرگە و داراییان کردووە.

لەبارەی بەربژێرکردنیی لەلایەن حیزبەکەیەوە، قوباد تاڵەبانی لە توویتەر نووسیویەتی: "ده‌رگام له‌هیچ پێشنیازێك دانه‌خستووه‌،‌ من چاوه‌ڕوانی‌ گفتوگۆكانی‌ یه‌كێتیم له‌گه‌ڵ پارتی، یه‌كێتی‌ هه‌ر ئه‌رك و لێپرسراوێتییه‌كم پێبسپێرێت جێبه‌جێیده‌كه‌م".

ئەو داواکارییانەی یەکێتی هەیەتی لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ئەو پشکانەیە کە بەشێکی بزووتنەوەی گۆڕانیش نیازیوایە وەریانبگرێت.

لەنێو بزووتنەوەی گۆڕاندا بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست رووداو کەوتووە، ئەوانیش داوای جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پەرلەمانیان کردووە، پێشتریش داوایانکردبوو جێگری سەرۆکی حکومەتیان پێبدرێت، لەگەڵ دوو وەزارەت لە نێوان وەزارەتەکانی دارایی، پێشمەرگە، پلاندانان و سامانە سرووشتییەکان ، بەڵام ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان لە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت بێهیوا بووە.

بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی ، کە رەنگە سبەی یان دوو سبەی ئەنجام بدرێت، بڕیاری کۆتایی لەبارەی بەربژێرەکانیان بۆ پۆستەکان دەدەن، پاکێجێکیشیان ئامادەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ شاندی پارتی دانوستاندنی لەسەر بکەن، کە بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەو شاندەی پارتی بێن بۆ سلێمانی.

رۆژی دووشەممە 3-12-2018، پارتی دیموکراتی کوردستان بەربژێرەکانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت بۆ چوارساڵی داهاتوو یەکلایی کردەوە و نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی بۆ سەرۆکی حکومەت بەربژێرکران.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڵبژاردنی 30ـی ئەیلوولی پەرلەمانی کوردستان خاوەنی 21 کورسییە و لە دوای پارتی دیموکراتی کوردستان لە ریزبەندی دووەم دێت. هەروەها بزووتنەوەی گۆڕان بە 12 کورسی لە ریزبەندی سێیەمی لایەنەکانی دیکەوە دێت.

زۆرترین بینراو