ئایا مێژوو دوبارە دەبێتەوە و هەمان چارەنوسی باوكی چاوەڕێی نێچیرەڤان بارزانی دەكات؟

هەواڵی / 4/12/2018 365 جار بینراوە

ئایا مێژوو دووبارە دەبێتەوە و هەمان چارەنوسی باوكی چاوەڕێی نێچیرەڤان بارزانی دەكات؟


شه‌ن پرێس:دپلۆماتیك مه‌گه‌زین
لە كۆتایی هەفتاكانی سەدەی رابردوو كاتێك بارزانی باوك لە كۆتایەكانی ژیانیدابوو، ململانێی نێوان دوو كوڕەكەی گەیشتە ترۆپك لەسەر میراتی سەرۆكایەتی پارتی لەدوای مەلا مستەفاوە.

لەو ململانێیەدا مەسعود بارزانی هەرچەندە بەتەمەن بچوكتربوو، بەهاوكاری سامی عەبدورەحمان و پشتگیری راستەوخۆی باوكی، توانی گرەوی سەرۆكایەتی لە ئیدریس بارزانی بەرێتەوە و بیكاتە دەرەوەی یاریەكە، سەرەنجامەكەشی بەو جۆرەبوو كە ئیدریس بارزانی بەو داخەوە سەری نایەوە.

ئێستا دوای درەوشانەوەی ناوی كوڕە گەورەكەی نزیك بەچارەكەسەدەیەك، خەریكە هەمان سیناریۆی دورخستنەوەی باوكی بەجۆرێكی دیكە روبەڕوی نێچیرڤان بارزانی دەبێتتەوە.

 



نێچیرڤان بارزانی نزیكەی 17 ساڵ سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردوە و بەوهۆیەشەوە پێگەیەكی سیاسی و ئابوری بەهێزی بۆخۆی دروستكردوە، وەك هەندێك دەڵێن ئیمپراتۆریەتێكی سیاسی و ئابوری بونیات ناوە.


ئەوە راستە كە نێچیرڤان بارزانی لەسەرەتاوە بەیارمەتی مامی كە لەهەمانكاتدا خەزوریەتی، هاتۆتە پێشەوە لەكایەی سیاسی و حوكمڕانیدا، بەڵام نێچیرڤان بارزانیش سەركەوتوو بوە لەوەدا كە دوای درەوشانەوەی ئەستێرەی سیاسی و حومڕانیەكەی كارێكی نەكردووە مامی توڕە بكات و هەمیشە سنوری دەسەڵات و پێگەی بارزانی پارستووە، تەنانەت لەهەندێ‌ باریشدا وەكو قەڵغان خۆی داوەتە بەری.

ئێستا كە نێچیرڤان بارزانی ماوەی 17 ساڵە پۆستی سەرۆكی حكومەتی بەدەستەوەیە و كوڕەكەی خۆشی بەتەواوی پێگەیشتوە، بارزانی دەیەوێت بیر لە گێڕانەوەی هاوسەنگی بكاتەوە بۆناو خێزانەكەی، بەتایبەت تا خۆی لە ژیاندا ماوە.



لەڕوی دەستوری و یاسایەوە دەسەڵاتی گەورەی جێبەجێكردن لە دەستی سەرۆك وەزیراندایە و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمێش پێشتر بە باڵای مەسعود بارزانیدا دوراون، لە داهاتودا سەرۆكی هەرێم هەم لەناو پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت هەم دەسەڵاتەكانیشی كەم دەكرێنەوە و وەك ئێستا نابن.

هەروەها لە وجودی بارزانیدا هەر كەس سەرۆكی هەرێم بێت، تەنها وەك سێبەر سەیردەكرێت و مەحاڵە خەون بەوە ببینێت هەمان پێگە و دەسەڵاتی بارزانی هەبێت.



بۆیە بە هەموو پێوەرێك كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێم لەلایەن پارتی و مەسعود بارزانیەوە بۆ دورخستنەوەیەتی نەك بەرزكردنەوەی.

نێچیرڤان بارزانی دەبێت خۆی نەخەڵەتێنێت، لەوە تێبگات ئەوەی بارزانی دەیكات بۆ هاوسەنگی بنەماڵەكەی و سنورداركردنی دەسەڵاتەكانی ئەوە. بارزانی دەیەوێت تا خۆی لەژیاندا ماوە، كوڕەكەی ببینێت لە لوتكەی هەرەمی دەسەڵات و لە هەرجێگایەكیشدا پێویستی بەیارمتی هەبوو یارمەتی بدات، بە كورتی ئەو دەیەوێت كوڕە گەورەكەی پەراوە پێ بكات لە هونەری دەسەڵاتداریدا و ئامادەی بكات بۆ ئەوەی كە هەموو لایەك وەك خاوەن دەسەڵاتی شەرعی و پلەیەك مامەڵەی لەگەڵدا بكەن.

 



ووتەکان

لەمەودوا كە حكومەتیش دەكەوێتە دەست باڵەكەی پاراستن لەناو پارتیدا، ئیتر نێچیرڤان بارزانی سەنگەرێكی بەهێزی نییە كە لێیەوە ململانێكانی بكات. تەنانەت لەوانەیە ئەو ئیمپراتۆریەتە میدیایی و ئابوریەشی بونیادی ناوە لەدەستی بدات. ئەگەر بەوریایەوە مامەڵە نەكات.

هەرچەندە لە حزوری بارزانیدا، نەهێڵدراوە ململانێی نێوان حكومەت و پاراستن بگاتە ئاستی تەقینەوە، بەڵام لەمەودوا كە حكومەتیش دەكەوێتە دەست باڵەكەی پاراستن لەناو پارتیدا، ئیتر نێچیرڤان بارزانی سەنگەرێكی بەهێزی نییە كە لێیەوە ململانێكانی بكات. تەنانەت لەوانەیە ئەو ئیمپراتۆریەتە میدیایی و ئابوریەشی بونیادی ناوە لەدەستی بدات. ئەگەر بەوریایەوە مامەڵە نەكات.

بێگومان دورخستنەوەی نێچیرڤان بارزانی لەسەرۆكایەتی حكومەت بە مانای دورخستنەوەی لە شانۆی سیاسەت نایەت، بەڵام بەرادەیەكی زۆریش لاوازی دەكات و لە بەرامبەردا رەونەقی سیاسی كوڕەكەی بارزانی زیاد دەكات.

بۆیە ئەگەر سەر توێژاڵی هەواڵەكان نەمان خەڵەتێنن، كاندیدكردنی نێچیرڤان بارزانی بەمانای بەرزكردنەوەی نایەت، بەڵكو راستیەكەی ئەوەیە چیتر زەمەنی سنورداركردنی دەستی پێكردوە و دەبێت خۆی بۆ قۆناغێكی نوێ‌ ئامادەبكات.
 

هێمن باقر

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ
سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین
ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری

زۆرترین بینراو