هەڵمژینی سپرایتێکی ئارەق لابردن گەنجێک دەکوژێت

هەواڵی / 30/11/2018 148 جار بینراوە

هەڵمژینی سپرایتێکی ئارەق لابردن گەنجێک دەکوژێت

شه‌ن پرێس :
جاری وا هەیە خەڵک دەرمانی نەخۆشی بە هەڵە بەکاردێنن و تووشی ژەهراوی بوون دەبن، بەڵام جاری وا هەیە خەڵکانێک بەدەستی خۆیان و بە ئەنقەست ئەو کارە دەکەن، لەوانەیە بۆ نیشاندانی بوێری بێت یان بۆ تاقیکردنەوەیەکی کوێرانەی بێت.
گەنجێکی هۆڵەندی تەمەن (١٩) ساڵ بە پارچە قوماشێک سەری خۆی داپۆشیووە و لە ژێر قوماشەکەوە بۆنی سپرایتی ئارەقی جەستەی هەلمژیووە. پێدەچێت بڕێکی زۆری هەڵمژیبێت و کاری کردبێتە سەر دڵی. دەستبەجێ گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و شەش جار لەوێ هەوڵیان داوە دڵی بخەنەوە کار بەڵام سودی نەبووە و مردووە.
شارەزایانی ئەو جۆرە دەرمانانە دەڵێن: ئەو دەرمانانە گەردیلەی زۆر وریان تێدایە کە لە هەوادا بڵاو دەبنەوە، کاتێک کەسەکە بە شێوەیەکی چڕ ئەو گەردیلانە هەڵدەمژێت کار دەکاتە سەر ئەندامانی جەستەی. ئەو سپرایتە ماددەی (بیوتان)ی تێدایە کە یەکێکە لە پێکهاتەی هایدرۆکاربۆن کە لە ماڵانیشدا بەکار دەهێنرێت بۆ پاکردنەوە.
بیوتان زوو چەوری دەوری بۆرییەکانی خوێن دەتوێنێتەوە و ئیتر ڕێگای چوونە ناو خوێنی بۆ ئاسان دەبێت. دەماری هەستەکان و جگەر و گورچیلەکان ئامانجی ئەو بیوتانەیە.
لە ساڵی (١٩٧٥)ەوە مەترسی ئەو جۆرە سپرایتانە زانراوە، بەڵام خەڵک هەر بەکاریان دەهێنێت، بە تایبەتی گەنجەکان وەک ماددەی هۆشبەر لە ڕێگای هەلمژینەوە بەکاری دەهێنن. ساڵانەش بە هۆی هەڵمژینی ئەو سپرایتانەوە نزیکەی ١٢٥ کەس لە ئەمریکا دەمرن.
لە هەرێمی کوردستانیش ساڵانێک لەمەوبەر هەندێک گەنج فێر بووبوون مادەی (سیکۆتین)یان دەکردە سەر پارچە قوماشێک و دەیاننا بە لووتیانەوە و هەڵیان دەمژی و پێی بێ هۆش دەبوون.
خالد رەنجدەر


زۆرترین بینراو