مامەڵە كردن بە دراوی ئەلكترۆنی "جائز نیە

هەواڵی / 19/1/2018 342 جار بینراوە

مامەڵە كردن بە دراوی ئەلكترۆنی "جائز نیە

 

شه‌ن پرێس :

دكتۆر عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان فەتوای دا بە جائز نەبوونی مامەڵە كردن بە دراوی ئەلكترۆنی (بتكۆین) بەو شێوەی كە ئێستا هەیە.

قەرەداغی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی جەزیرە و كە دواتریش لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاوی كردۆتەوە دەڵێت "دراوی ئەلكترۆنی بەو شێوەی كە ئێستا هەیە جائیز نیە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت."

هەروەها دەڵێت "لێرەدا ئێمە دەتوانین سێ‌  چارەسەر دا بنێین بۆ ئەم بابەتە بۆئەوەی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم دراوەدا بچێتە بازنەی مەشروعەوەو لە رێگەیەوە تووشی زیانی گەورە نەبین، ئەویش بەو شێوەیە دەبێت كە مەرجەعیەتێكی بۆ دروست بكرێت وەك ئەوەی دەوڵەتێك بیكات بە عوملەی دووەم یان یەكەمی خۆی، هەروەها كۆمەڵێك بانكی ئیسلامی لەخۆی بگرن وەك وەرەقەیەكی دڵنیایی، یان بنیاتنانی كۆمپانیایەكی گەورەی وەبەرهێنان بۆی".

لەبەشێکی دیکەی وتەکانیدا قەرەداغی دەڵێت "بتكۆین و هاوشێوەكانیان لەم جۆرە دراوانە هەڕەشە لەسەر ئاشتی ناوخۆی مرۆڤایەتی دەكات یان ئاسایشی ناوخۆ یان بەلای كەمەوە ئاسایشی ئابوری و كۆمەڵایەتی".

دكتۆر قەرەداغی وای دادەنێت كە بتكۆین دراوێكی راستەقینە نیە، "چونكە مەبەست بەم دراوە هۆكارێك نیە بۆ كۆكردنەوەی سامان یان پێدانەوەی قەرز و جۆرەها شتی تر. لەم دراوەدا ئەو جۆرە مەرجانە نیە كە پێویستە لە دراوێكی فەرمی دا هەبن، هیچ لایەنێكی فەرمی لەدواوە نیە كە ناسراوبێت."

دراوی بیتكۆین لە ئێستادا لە بەناوبانگترین دراوەكانن لەسەر ئاستی جیهان و دراوێکی ئەلكترۆنیە، تەنها لە رێگەی ئینتەرنێتەوە مامەڵەی پێوە دەكرێت، هیچ جۆرە بوونێكی فیزیایی و ماددی نیە، یەكەمین دراوی ئەلكترۆنی لامەركەزیە بە سیستمێك ئیش دەكات كە كۆگایەكی مەركەزی نیە و هەست ناكرێت بەڕێوەبەرێكی هەبێت.