دوو ئەفسەری پارتی 716 ملیۆن دیناری فەوجی كاكەییەكان دەبەن

هەواڵی / 11/1/2018 410 جار بینراوە

دوو ئەفسەری پارتی 716 ملیۆن دیناری فەوجی كاكەییەكان دەبەن

 

شه‌ن پرێس / ئاژانس :
دوو ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە كە سەر بە پارتین بۆ ماوەی 11 مانگ مووچەی 130 پێشمەرگەی وه‌همی وه‌رده‌گرن، کە ٧١٦ ملیۆن دینار دەکات و لە ترسی ئاشكرابوونیان سەرجەمی ناوە وەهمییەكان بە لەجێدانان پڕ دەكەنەوە.
دوای هاتنی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی 2013دا، پێكهاتنەكانی هەرێم بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و ناوچەكانیان داوایان لە حكومەتی هەرێم كرد كە هێزی تایبەتی پێشمەرگەیان بۆ دابمەزرێنێت، لە سەره‌تای ساڵی 2015دا وەزارەتی پێشمەرگە داواكەیانی پەسەند كرد و چەند فەوجێكی بۆ پێكهاتەكانی كاكەیی و شەبەك و ئێزدی درووست كرد، بەڵام لە ئێستادا و داوی نزیكەی سێ ساڵ لە درووستكردنیان، دەركەوتووە لە فەوجی كاكەییەكاندا ناوێكی زۆری وەهمی هەبووە و نزیكەی ساڵێك مووچەكانیان وەرگیراوە.
قادر ڕەزگەیی، ئەندامی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە و شەهیدان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان، بە ״ئاژانس״ی وت: ״فەوجی پێشمەرگەی كاكەییەكان كە ژمارەیان 507 پێشمەرگەیە، دوو ئەفسەر بۆ ماوەی 11 مانگ بە ناوی وەهمییەوە مووچەی 130 پێشمەرگەیان وەرگرتووە.״
وتیشی: ״فەوجەكە بە تەواوی پارتین، لە ئامر فەوجەكەوە تاوەكو پێشمەرگەكانیش، ئەو دوو ئەفسەرەیشی كارەكەیان كردووە ئەندامی پارتین، بۆ ئەوەی ناوە وەهمییەكان پڕ بكەنەوە و پێیان نەزاندرێت وەجبە وەجبە بە لەجێدانان شوێنەكانیان پڕ كردوونەتەوە.״
لەگەڵ هاتنی سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی بۆ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان، به‌شێک له‌و هێزانه‌ی له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌ درووست کران بۆ نه‌ته‌وه‌ جیاجیاکان چوونه‌ته‌ ناو حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌.
لیوا قارەمان كەمال، جێگری هەیئەی ئەركان لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەو دەنگۆیە دوورە لە ڕاستییەوە، لەبەر ئەوەی ئێمە بە تەواوی ئاگاداری فەوجی كاكەییەكانین، هیچ ناوێكی وەهمییان نییە.״
وتیشی: ״مووچە لە لایەن لیژنەیەكەوە دابەش دەكرێت و نادرێت بە یەكەكان، ئەو لیژنەیە یەك بە یەك پێشمەرگەكان دەبینێت، ئەگەر پێشمەرگەیەك ئامادەی بەردەم لیژنەكە نەبێت مووچەكەی پێ نادرێت.״
لە دوای ڕووداوەكانی 16ی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، فەوجی كاكەییەكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە ناوچەكانی داقووق كشانەوە.
موقەدەم فەرهاد نزار كاكەیی، جێگری فەرماندەی فەوجی كاكەییەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ״ئاژانس״ی ئاشکرا کرد، كە ژمارەیەك پێشمەرگەی بندیواریان هەبووە و لە ماوەی ڕابردوویشدا داتایەكی لە بارەی ئەو كەسانە ڕادەستی وەزارەتی پێشمەرگە كردووە، بەڵام هیچ ڕێوشوێنێك لە دژیان نەگیراوەتە بەر. 
وتیشی: ״ئاگاداری ئه‌وه‌ نیم مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ی وه‌همی وه‌رگیرابێت، چونکه‌ دوای 16ی ئۆکته‌به‌ر هێزه‌کانی ئێمه‌ لێک دابڕاون و به‌شێکمان که‌وتوونه‌ته‌ ناو حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌.״