مووچه‌ی 48 په‌رله‌مانتاری پێشووی كوردستان ده‌بڕدرێت .. گۆڕان پشكی شێری به‌رده‌كه‌وێت

هەواڵی / 10/1/2018 983 جار بینراوە

 بزانه‌ پارتی چه‌ندی هه‌یه‌
مووچه‌ی 48 په‌رله‌مانتاری پێشووی كوردستان ده‌بڕدرێت .. گۆڕان پشكی شێری به‌رده‌كه‌وێت
شه‌ن پرێس - هه‌فته‌نامه‌ی ئاژانس:

به‌ پێی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ی كه‌ حكومه‌ت ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانی كردووه‌ و تایبه‌ته‌ به‌ خانه‌نشینان 48 په‌رله‌مانتاری پێشوو مووچه‌كانیان ده‌بڕدرێت، له‌و ژماره‌یه‌ش بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پشكی شێری به‌رده‌كه‌وێت كه‌ 15 كه‌سه‌ و به‌ دواشیدا پارتی دێت كه‌ 11 كه‌سن.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسای پێداچوونه‌وه‌ به‌ خانه‌نشینی مه‌ده‌نی‌ و سه‌ربازیدا كرا له‌ په‌رله‌مانی كوردستاندا، به‌ پێی پڕۆژه‌كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌ خوار په‌نجاساڵه‌وه‌ بێت ‌و پانزه‌ ساڵ خزمه‌تیان نه‌بێت مووچه‌ی خانه‌نشینییان ده‌بڕدرێت.

به‌ پێی زانیارییه‌كان له‌ خولی دووه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا شه‌ش په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی پارتی‌ و سێ په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی یه‌كێتیی و دوو ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو، 4 ئه‌ندامی كۆمه‌ڵی ئیسلامی خانه‌نشینییان ده‌بڕدرێت.

هاوكات له‌ خولی سێییه‌مدا له‌ نێوان پێنج فراكسیۆنه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌دا 33 په‌رله‌مانتاریان خانه‌نشینییه‌كه‌یان ده‌بڕدرێت‌ و ته‌مه‌نیان له‌ خوار 50 ساڵییه‌وه‌یه‌ كه‌ پێنجیان پارتین، حه‌وتیان یه‌كێتین و 15 یان گۆڕانن و هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی ئیسلامی یه‌كی سێ ئه‌ندامیان مووچه‌ی خانه‌نشینییان ده‌بڕدرێت.

له‌م خوله‌ی په‌رله‌مانیشدا به‌ پێی پڕۆژه‌یاسایه‌كه‌ 21 په‌رله‌مانتاری پارتی و 14 په‌رله‌مانتاری یه‌كێتیی و 19 په‌رله‌مانتاری گۆڕان و شه‌ش په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵ و 10 ئه‌ندامی یه‌كگرتوو یاسای خانه‌نشینی نایانگرێته‌وه‌.

ته‌لار له‌تیف، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت: هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ خوار ته‌مه‌نی 50 ساڵییه‌وه‌ن‌ و پانزه‌ ساڵ خزمه‌تیان نییه‌ خانه‌نشینی نه‌یانگرێته‌وه‌.

هاوكات عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی، بڕیارده‌ری فراكسیۆنی گۆڕان ده‌ڵێت: داوا كراوه‌ یاسای یه‌كگرتوویی خانه‌نشینی عیراق به‌ركار بكرێت و په‌رله‌مانتار و پله‌ باڵاكان، ئه‌وانه‌ی پێشتریش خانه‌نشین كراون و 50 ساڵ نین و پانزه‌ ساڵ خزمه‌تیان نییه‌ هه‌ڵبووه‌شێندرێنه‌وه‌.