حه‌ویجه‌: داعش ده‌ستی‌ به‌ جموجوڵ كردووه‌ته‌وه‌

هەواڵی / 13/12/2017 366 جار بینراوە

حه‌ویجه‌: داعش ده‌ستی‌ به‌ جموجوڵ كردووه‌ته‌وه‌

شه‌ن پرێس:

له‌ گونده‌كانی‌ حه‌وزه‌ی‌ حه‌ویحه‌ و له‌ خۆرئاوای‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك چه‌كدارانی‌ ڕێكخراوی‌ داعش ده‌ستیان به‌ جموجوڵه‌كانیان كردووه‌ته‌وه‌ و زۆرینه‌ی‌ ڕۆژ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و سوپای‌ عێراقی و چه‌كدارانی‌ میلیشیای‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی.
له‌وباره‌یه‌وه‌ (ناڤم كهیه‌)ی‌ ڕێكخه‌ری‌ پێشووی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ نێوان هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ و میلیشیای‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی به‌ ڕادیۆی‌ (ده‌نگی‌ ئه‌مریكا)ی‌ ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌: هێشتا داعش هێزێكی‌ زۆری‌ له‌سنوری‌ شارۆچكه‌ی‌ حه‌ویجه‌دا هه‌یه‌ و زۆرینه‌ی‌ هێزه‌كانیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شوێنه‌كانی‌ پێشووی‌ خۆیان.
كه‌هیه‌ ووتوشیه‌تی‌: به‌ته‌نها له‌ماوه‌ی‌ هه‌فته‌ی‌ ڕابردوودا (30) چه‌كداری‌ داعشیان كوشتووه‌ و دوێنێش (6) چه‌كداری‌ تریان لێ‌ كوشتوون, كه‌ سیانیان برای‌ یه‌كتری‌ بوون.
لای‌ خۆشیه‌وه‌ (إسماعیل حدیدی)ی سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سیاسی عه‌ره‌بی له‌پارێزگای‌ كه‌ركوك ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ داعش چه‌ندین شانه‌ی‌ نوستووی‌ له‌ناو حه‌ویجه‌دا هه‌یه‌ و شه‌وانه‌ جموجوڵ و چالاكی‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و حكومه‌تی‌ عێراقیش له‌هه‌وڵدایه‌ كه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ لێیان, هێزی‌ زیاتر ڕه‌وانه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ بكات.
ئه‌و جموجوڵ و چالاكیانه‌ی‌ داعش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادیی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق كۆتایی هاتنی‌ داعش له‌عێراق ڕاگه‌یاندووه‌.