پارتی دەیەوێت هەڵبژاردنەكانی هەرێم پێش هەڵبژاردنەكانی عێراق بێت

هەواڵی / 6/12/2017 343 جار بینراوە

گۆڕان‌ و یەكێتی رازی نین
"كۆمەڵی ئیسلامییش بەمەرجی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران ڕازییە"
پارتی دەیەوێت هەڵبژاردنەكانی هەرێم پێش هەڵبژاردنەكانی عێراق بێت
شه‌ن پرێس:
پارتی بەفەرمی پێشخستنی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانی خستووەتە بەردەم لایەنەكان تا پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بكرێت، بەڵام هەریەكە لە‌یەكێتی نیشتمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵیدا نین‌و كۆمەڵی ئیسلامییش بەمەرجی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران ڕازییە.

دوای ئەوەی هەریەكە لە‌لایەنەكانی گۆڕان ‌و كۆمەڵ داوای هەڵوەشاندنەوەی حكومەت‌و پێكهێنانی حكومەتی ڕزگاری نیشتمانییان كرد، پارتی ماوەی دوو هەفتەیە باس لەهەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات‌و ئەوەش لای لایەنە سیاسییەكان گومانی زۆری درووست كردووە بەوەی پارتی״فێڵ״ی سیاسییان لێبكات.

دەبوو هەڵبژاردنەكانی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان لە 1/11/2017دا ئەنجامبدرایە، بەڵام بە‌هۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە 25ی ئەیلوولەوە تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان بۆ ماوەی هەشت مانگ درێژكرایەوە.

بەپێی راپۆرتێكی هەفتەنامەی ئاژانس، كە ئەمڕۆ چوار شەممە بڵاویكردووەتەوە، لە‌ئێستادا پارتی پێشنیاری كردووە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان پێش هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق بكەوێت، كە بڕیارە لە مانگی پێنجی ساڵی داهاتوودا ئەنجامبدرێت.

نوری حەمەعەلی، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״مەبەستمانە بەیەكگرتوویی بچینە ناو پەرلەمانی عێراقەوە، ئەو ڕووداوانەی، كە ڕووی داوە پێویستمان بەوە هەیە لەهەرێمەوە بە شپرزەیی نەچینە ناو پەرلەمانی عێراقەوە״.

نوری حەمەعەلی وتیشی: ״هەندێ لە‌لایەنەكان نایانەوێت هەڵبژاردنەكان ئەنجامبدرێت، ئێمە وەك پارتی لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی هەرێم لە‌پێش هەڵبژاردنی عێراق بكرێت‌و دوا نەخرێت، ئەمە بەرژەوەندییە بۆ هەرێمی كوردستان״.

ئەم پێشنیارەی پارتی لایەنەكانی تری خستووەتە گومانەوە، بەتایبەت پێش هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق بكەوێت بەوەی لەبەر ڕۆشنایی دەرەنجامی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان پارتی وەك زۆرینە ببێتە خاوەنی كەیسی دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی ناوەند.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی به‌هه‌مان ده‌زگای وتوه‌: ״ئێمە لەگەڵ ئەوەین وەك چۆن بۆ دوو خول بۆ هەشت مانگ درێژكرایەوە، لەبەر ئەوەی دەرفەت نەبوو لە 1/11/2017 بكرێت، پێش تەواوبوونی هەشت مانگەكە ئەوكات كات بۆ هەڵبژاردن دیاری بكرێت ‌و بەو پەلەپەلییە‌و لە‌سەرووبەندی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا كارێكی باش نییە״.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی پێی وایە پارتی بۆیە دەیەوێت هەڵبژاردنەكانی هەرێم لەپێش هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق بكرێت بۆ ئەوەیە، كە گفتوگۆكانی هەرێم‌‌و بەغدا لەسەر بنەمای ئەو ماددانەی دەستوور بێت، كە پەیوەندیی بە نەوت ‌و داهات‌ و بودجەی هەرێمەوە هەیەو دەبێت هەرێم هەمووی جێبەجێبكات و كە ئەوەش بەوتەی ناوبراو زیانی گەورە لە هەرێم دەدات.

هەروەها وتیشی: ״پارتی دەیەوێت هەڵبژاردنەكە پێش بخات، حكومەتی هەرێم دەستی ئاوەڵا بێت لە‌جێبەجێكردنی ئەو ماددانەی، كە زیانیان بۆ هەرێم هەیە ‌و ئەوكاتیش كاریگەریی سلبی لەسەر پارتی نابێت، بەڵام ئەگەر بەر لەهەڵبژاردنەكان سازش بۆ بەغدا بكات كاریگەریی سلبی لەسەر دەنگەكانی دەبێت״.

ئەو تێبینییەی یەكێتیی لەسەر پێشخستنی هەڵبژاردنەكان بۆ گۆڕانیش بە هەمان شێوەیە.

ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بۆ به‌هه‌مان ده‌زگای وتوه‌ ״پارتی لەبەر بەرژەوەندیی خۆی دەیەوێت هەڵبژاردنەكان پێش هەڵبژاردنی عێراق بكرێت، چونكە دەزانن تۆماری دەنگدەران پاكناكرێتەوە‌‌و دواتریش، كە هەڵبژاردنی عێراقی بەسەردا دێت كەس باسی تەزویرەكان ناكات ‌و بیر دەچنەوە״.

هاوكات عەبدولڕەحمان عەلی، بڕیاردەری فراكسیۆنی گۆڕان لە‌پەرلەمانی كوردستان جەخت لەوە دەكات، كە پارتی باسكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی لەبەرانبەر داوای گۆڕان ‌و كۆمەڵی ئیسلامی هێناوەتە پێشەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی  حكومەتی ئێستاو دەشڵێت: ״پارتی باش دەزانێت تۆماری دەنگدەرانی هەرێم بایی دەنگی 15 بۆ 18 كورسی پەرلەمانی كوردستان ناوی دووبارە‌و مردووی تێدایە‌‌و دەیەوێت بەو تۆمارەوە هەڵبژاردنەكان بكرێت، چونكە ڕەوا نییە لە 2004ەوە تا ئێستا ناوی 600 مردوو هەیە لەو تۆمارەدا״.

عەبدولرەحمان وتیشی: ״گۆڕان زەحمەتە لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختە بێت، كە پارتی باسی دەكات، ئەگەر تۆماری دەنگدەران بە‌تەواوی پاك بكرێتەوە ئەوكات ڕەنگە قسەی ترمان هەبێت״.

بەڵام كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەگەڵ ئەوەدایە، كە هەڵبژاردنەكان زوو ئەنجام بدرێت بەو مەرجەی تۆماری دەنگدەران پاك بكرێتەوە.

هاوكات مەڕوان گەڵاڵی، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی عێراق به‌هه‌مان ده‌زگای وتوه‌ ״لەگەڵ ئەوەدا بووین هەڵبژاردنەكان لە‌كاتی خۆیدا بكرایە ‌و تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژ نەكرایەتەوە، بەڵام ئێستاش كە تەمەنی پەرلەمان درێژ كراوەتەوە لەگەڵ ئەوەین ئەگەر ڕۆژێك زووتر بێتە پێشەوە پێمان باشە هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدرێت بەو مەرجەی تۆماری دەنگدەران پاك بكرێتەوە״.

مەڕوان گەڵاڵی وتیشی: ״پارتی ترسی ئەوەی هەیە كە بەغدا دەسەڵات بگرێته ‌دەست لەسەر هەموو كایەكانی سیاسەت‌ و ئابووری هەرێم، ترسی فەشەلی حكومەتی هەرێمی هەیە بۆیە دەیەوێت هەڵبژاردن زوو بكرێت״.

زۆرترین بینراو