ڕزگار علی : نابێت ڕێ به‌و ئاڕاسته‌یه‌ى ژێر كاریگه‌ریی پارتی بدرێت زیان به‌ یه‌كێتیی بگه‌یەنێته‌وه‌

هەواڵی / 6/12/2017 286 جار بینراوە

ڕزگار علی : نابێت ڕێ به‌و ئاڕاسته‌یه‌ى ژێر كاریگه‌ریی پارتی بدرێت زیان به‌ یه‌كێتیی بگه‌یەنێته‌وه‌

شه‌ن پرێس :

ڕزگار عه‌لى كاندیدى یه‌كێتیى بۆ پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك ورده‌كاریی هه‌نگاونان به‌ره‌و وه‌رگرتنى ئه‌و پۆسته‌ ئاشكرا ده‌كات و سه‌باره‌ت به‌ لادانى ڕێبوار تاڵه‌بانى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى شاره‌كه‌ش چه‌ند نهێنییه‌ك ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت: ״له‌گه‌ڵ یه‌كگرتووى ئیسلامى قسه‌مان كرد و سێ ڕێگامان خسته‌ به‌رده‌ستى به‌ڵام هیچیانى قبووڵ نه‌كرد״.

ڕزگار عه‌لی له‌ چاوپێكه‌وتنێكى ״ئاژانس״دا باس له‌ بارودۆخى ناوخۆى یه‌كێتیى ده‌كات و جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ نابێت ڕێ بدرێت به‌و ئاڕاسته‌یه‌ى یه‌كێتیى كه‌ له‌ژێر كاریگه‌ریى پارتیدا بووه‌ جارێکی تر زیان به‌ یه‌كێتیى بگه‌یەنێته‌وە و ده‌شڵێت: ״هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌ختى هه‌رێم ئه‌گه‌ر سه‌رله‌به‌رى پڕ بێت له‌ ته‌زویر ‌و ناوى دووباره؛‌ ئه‌و جۆرە‌ هه‌ڵبژاردنه‌ پیرۆز نه‌بێت.״

- سه‌ره‌تا له‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كه‌ین كه‌ پرسى پارێزگارى كه‌ركوك به‌ چى گه‌یشت؟

ڕزگار عه‌لى: ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك له‌ ساڵى 2005 هه‌ڵبژێردراوه‌، ئه‌وكات ده‌ستورى عێراق نه‌بوو، هه‌موو پارێزگاكانى تر ده‌بوایه‌ 41 ئه‌ندام هه‌ڵبژێرن ته‌نها به‌غدا نه‌بێت كه‌ 51 ئه‌ندام هه‌بووه‌، له‌ 2005 لیستى برایه‌تیى كوردستان كه‌ لیستێكى كوردستانى بوو له‌ناو لیسته‌كه‌ تورکمان‌ و مه‌سیحییش هه‌یه‌، كۆى گشتى 26 كورسیى هێنا، لیستى توركمان 9‌ و لیستى عه‌ره‌ب 6 كورسیى هێنا، بۆ ئه‌وه‌ى پارێزگار هه‌ڵبژێردرێت پێویستت به‌ 21 كورسى هەیە، پاش ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر ته‌نیا 5 ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى لێ بوو كه‌ یه‌كێتیین له‌ لیستى برایه‌تى، هۆكارى دواكه‌وتنى بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ عه‌ره‌ب به‌ وه‌كاله‌ت پارێزگارى لایه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن ئه‌م بارودۆخه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بڕوات، توركمانه‌كان 9 كه‌سن‌ و چوار كاندیدیان هه‌یه‌ بۆ سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك، كه‌ ئه‌وان ناته‌با بوون له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى ئێمه‌ كه‌ 14 كه‌سن، ئه‌گه‌ر توركمانه‌كان ته‌با بن ده‌بینه‌ 23 هه‌م سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌ن ‌و جێگرى پارێزگار هه‌ڵبژێرن، براده‌رانى پارتى 9 ئه‌ندامیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و براده‌ره‌ى یه‌كگرتوو له‌ هه‌ولێرن‌ و نایه‌نه‌وه‌، كه‌واته‌ 10 ئه‌ندامان له ‌هه‌ولێره ‌‌و 2 ئه‌ندامان له‌ ئه‌مه‌ریكایه‌، ئه‌گه‌ر بێت لیستى خۆمان ئاماده‌ بین پێویستمان به‌ هیچ لیستێكى تر نییه‌ ‌و سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌ن ‌و جێگره‌كه‌ى دابنێن.

-  پارتى ڕاى به‌ ڕه‌سمى چییه‌ له‌سه‌رى؟


ڕزگار عه‌لى: تا ئێستا ڕاى ڕه‌سمى پارتى به‌ ئێمه‌ نه‌وتراوه‌، به‌ڵام هه‌ندێ قسه‌ ده‌بیستینه‌وه‌ له‌ كادره‌كانیان كه‌ ئه‌وان ده‌نگ ناده‌ن به‌ پارێزگارى كه‌ركوك‌ و كه‌ركوك داگیر كراوه‌ ‌و ئه‌م جۆره‌ قسانه‌ ده‌كه‌ن، نه‌ك هه‌ر پارتى هه‌ر لایه‌نێكى تر كاندیدى ئێمه‌ى بینى ئه‌گه‌ر له ‌ڕووى یاسایى ‌كه‌موكوڕى هه‌بوو ده‌توانن ته‌داخول بكه‌ن، به‌ڵام نابێت ته‌داخول بكه‌ن له‌سه‌ر كاندیدى پارێزگار، ئه‌م كه‌سه‌ كێیه ‌‌و چۆنه‌.

-  به‌ڵام پارتى ده‌ڵێت تۆ به‌ كۆده‌نگیى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتیى نه‌بوویته‌ كاندیدى پارێزگار؟

ڕزگار عه‌لى: ئه‌و قسه‌یه كه ‌دەکرێت لەلای پارتییەوە ئه‌وه‌ ناڕاسته‌ و درۆیه‌، له‌ دواكۆبوونه‌وه‌ى دواى 16ى ئۆكتۆبه‌رى مه‌كته‌بى سیاسى كه‌ ئێستا هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ بۆ خۆم له‌وێ بووم كاك كۆسره‌ت ڕه‌سوڵیش له‌وێ بووه،‌ كاندیدكردنى من له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیارى لێ دراوه ‌‌و نامه‌ى ڕه‌سمى بۆ مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى‌ چووه‌.

- له‌ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا گره‌نتیتان وه‌رگرتووه‌ بۆ بوون به‌ پارێزگار؟

ڕزگار عه‌لى: ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا ده‌بێت له ‌ڕووى یاساییه‌وه‌ سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌ن‌ و پارێزگار هه‌ڵبژێردرێت، ده‌بێت له ‌لایه‌ن توركمانه‌كانه‌وه‌ سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌ن هه‌ڵبژێردرێت و كاندیدیان هه‌بێت كه‌ سێ ساڵه‌ نه‌یانتوانیوه‌ كه‌سێك دیارى بكه‌ن، ئه‌مه‌ كێشه‌ى ساڵى 2010یه‌، كاتێك حه‌سه‌ن تۆران كه‌ له ‌لیستى به‌ره‌ى توركمانى بوو بووه‌ ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق، له‌و كاته‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ كه‌سێك ده‌ستنیشان بكه‌ن‌ و ئه‌م كێشه‌یه‌ بۆ ئێمه‌ ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ڕێبوار تاڵه‌بانى نه‌یه‌ته‌وه‌ كه‌ به ‌وه‌كاله‌ت سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌ن بووه‌، سكرتێر ده‌سه‌ڵاتى به‌ڕێوه‌بردنى نییه‌، ئێستاش جه‌مال مه‌ولود كه‌ به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نه‌ كراوه‌ته‌ جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌ن، گره‌نتى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ 21 ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌ن ئاماده‌ بن، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ تا ئێستا 21 كه‌س ئاماده‌ نییه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌ن.

- نه‌دانه‌وه‌ى پۆستى پارێزگار به‌ كورد ‌و به ‌تۆ كاریگه‌ریى له‌سه‌ر بارودۆخى كه‌ركوک نه‌بووه‌؟

ڕزگار عه‌لى: چۆن نه‌یبووه،‌ كه‌ركوكییه‌كان پارێزگارێكى كوردیان ده‌وێت ‌و ده‌یانه‌وێت دڵنیا بن له‌ ژیان ‌و دۆخیان، بۆیه‌ كاریگه‌ریى خۆى هه‌بووه‌.

- بۆچى ئاماده‌ نیت له‌ هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك بكرێت ‌و له‌وێ ده‌نگت پێ بدرێت، ئه‌و هه‌نگاوه‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر كه‌ركوك نابێت؟

ڕزگار عه‌لى: بۆ له ‌هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌ بكه‌ین؟ ئه‌وه‌تا مقه‌ڕى حه‌شدى شه‌عبى له ‌به‌غدایه‌، ئه‌وه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانى پارتى له ‌به‌غدان، له ‌موسڵ سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا سه‌ر به‌ پارتییه ‌‌و حه‌شدى شه‌عبییش وا له‌ناو موسڵه‌، ئه‌مه‌ سیاسه‌تێكى دوودیوییه‌ كه‌ پارتى باسى ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ركوك داگیر كراوه‌، پارتى بۆ خۆیشى باش نییه‌ بیه‌وێت له ‌هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌ بكرێت.

- قسه‌ت له‌گه‌ڵ ڕێبوار تاڵه‌بانى كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێته‌وه‌؟

ڕزگار عه‌لى: ئێمه‌ له ‌ڕێگه‌ى حزبه‌كه‌ى خۆى كه‌ یه‌كگرتووه‌ قسه‌مان له‌گه‌ڵ كردووه‌‌ و یه‌ك جارى تریش دوو ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌ن سه‌ر به‌ یه‌كێتیى قسه‌یان له‌گه‌ڵ كردووه‌ كه‌ تۆ كارێكى هه‌ڵه‌ ده‌كه‌یت ‌و خزمه‌ت به‌ كورد ‌و كه‌ركوك ناكه‌ی به‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌كه‌ت، ئه‌ویش باسى ئه‌وه‌ى كردووه‌ عه‌ره‌ب ‌و توركمانه‌كه‌ى فیدایى سه‌دامن‌ و كورده‌كه‌ى خائینه‌ وا قسه‌ى كردووه ‌‌و دڵى هه‌موو لایه‌كى به‌و قسانه‌ عاجز كردووه‌، ئێمه‌ بۆ دواجار قسه‌مان له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كگرتوو كردووه‌ كه‌ كاك ڕێبوار سێ ڕێگه‌ى له‌به‌رده‌مه‌، ده‌بێت یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت، یان ده‌بێت بێته‌وه‌ یان یه‌كێك ته‌خویل بكات یان واز بهێنێت، دیاره‌ دواجار وتیان هیچى ناكات، ئێستا له‌گه‌ڵ دوو ئه‌ندامه‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك سه‌ر به ‌یه‌كگرتوو قسه‌مان كردووه‌‌ و ڕێک كه‌وتووین كه‌ ئیقاله‌ى بكه‌ین ‌و لای بده‌ین، جوان حه‌سه‌ن كه‌ ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى لیستى برایه‌تییه ‌‌و سه‌ر به ‌یه‌كگرتووه‌ له‌ جێگه‌ى ڕێبوار تاڵه‌بانى دابنرێت‌ و ده‌بێته‌ جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌ن

-  هه‌ڵسه‌نگاندنت بۆ ئه‌داى پارێزگارى كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت چییه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ گله‌یى زۆر له‌سه‌ر ئه‌داى هه‌یه‌؟

ڕزگار عه‌لى: زۆر گلەییمان پێ گه‌یشتووه‌ له‌ لایه‌ن خه‌ڵكى كه‌ركوكه‌وه‌، هۆكاره‌كه‌شى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌نجوومه‌ن نییه‌ تا چاودێریى پارێزگار بكات، پارێزگارى كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت كه‌ عه‌ره‌به‌ ڕه‌نگه‌ ئه‌و باگراونده‌ ئیدارییه‌ى نه‌بێت كه‌ بتوانێت كۆنتڕۆڵى ئیداریی هه‌م له‌گه‌ڵ كورد‌ و عه‌ره‌ب ‌و توركمان بكات، خۆیشى تا حه‌دێك فشارى عه‌ره‌بى له‌سه‌ره‌، ئێمه‌ش هه‌مان گله‌ییمان هه‌یه،‌ پێمان وایه‌ ئه‌داى لاوازه‌.

- هه‌وڵ هه‌بووه‌ بۆ دانانى حاكمى سه‌ربازى بۆ كه‌ركوك؟

ڕزگار عه‌لى: ئه‌وه‌ ده‌ستوورى عێراق ڕێگه‌ى پێ نادات، ئه‌و قسه‌یه‌ كه‌سانى نه‌خوێنده‌وار ده‌یكه‌ن، حاكمى سه‌ربازى چۆن ده‌بێت، خۆ ئه‌مه‌ زه‌مانى حزبى به‌عس نییه‌.

- دواچاره‌سه‌رتان بۆ پرسى پارێزگارى كه‌ركوك چییه‌ وه‌ك یه‌كێتیى؟ ئه‌گه‌ر پارتى نه‌هاته‌ پێشه‌وه‌ چى ده‌كه‌ن؟

ڕزگار عه‌لى: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پارتى‌ و عه‌ره‌ب‌ و توركمانه‌كان گفتوگۆ ده‌كه‌ین ‌و به‌رده‌وام له‌سه‌ر خه‌تین له‌گه‌ڵیان، دووپاتى ده‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌گه‌ر لیستى برایه‌تى ئاماده‌ بێت پێویستمان به‌ فراكسیۆنه‌كانى عه‌ره‌ب ‌و توركمانه‌كان نابێت، هیوادارم ئه‌ندامانى لیستى برایه‌تى به‌شداریى كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگا بكه‌ن له ‌پێناو خه‌ڵكى كه‌ركوكدا، چونكه‌ تا ڕۆژێك زووتر كورد پۆستى پارێزگار وه‌ربگرێت بۆ كه‌ركوك‌ و كورد باشتره‌.

-  دێنه‌ سه‌ر ته‌وه‌رێكى ترى چاوپێكه‌وتنه‌كه‌مان پرسى به‌ستنى كۆنگره‌ى یه‌كێتیى به‌ چى گه‌یشتووه‌، به‌تایبه‌ت دواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتیى؟

ڕزگار عه‌لى: كۆنگره‌ داوایه‌كى ڕه‌واى ئه‌ندامانى یه‌كێتییه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ چوار ساڵه‌ به ‌پێى په‌یڕه‌و كه‌ دیارى كراوه‌ لای داوه‌، سه‌روو سێ ساڵه‌ ئێمه‌ سه‌ركردایه‌تییه‌كى شه‌رعى نیین، ئه‌وه‌ بڕیارى كۆنگره‌یه‌ بۆ ئینتقام نییه‌ له‌ هیچ هه‌ڤاڵێك، ئه‌م دوو ساڵه‌ى دوایى مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتیى ئاڕاسته‌ى زۆر نادرووست‌ و نایه‌كێتییانه‌ى گرته‌ به‌ر، ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ واى كرد هه‌م هه‌رێم تووشى ئه‌م ده‌رده‌سه‌ری ‌و كێشانه‌ ببێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت كێشه‌ى مووچه ‌‌و كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ 9 بۆ 11 كه‌س هه‌ڵبژێردرێت كه‌ ئاماده‌كارى بكه‌ن بۆ كۆنگره‌ له‌ زووترین كاتدا، ئه‌وه‌ى ده‌یخوێنینه‌وه‌ له ‌مانگى یه‌كى 2018 كۆنگره‌ى یه‌كێتیى ئه‌نجام بدرێت زۆر باش ده‌بێت، به‌ڵام هێشتا ئه‌و 9 یاخود 11 كه‌سه‌ هه‌ڵنه‌بژێردراون تا كاره‌كانى كۆنگره‌ به‌ ته‌واوى ده‌ست پێ بكه‌ن.

- به‌ڵام تۆ له ‌مه‌كته‌بى سیاسیدا بوویت كه‌ گله‌ییت هه‌بوو بۆ ئه‌وكات ڕێگه‌تان دا؟

ڕزگار عه‌لى: دوو ئاڕاسته‌ له‌ناو مه‌كته‌بى سیاسى‌ و سه‌ركردایه‌تییش هه‌بوو، ئاڕاسته‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه‌ یه‌كێتیى حزبێكى سه‌ربه‌خۆ بێت، خۆى خاوه‌ن بڕیارى خۆى بێت له‌ژێر كاریگه‌ریى هیچ حزبێكدا نه‌بێت، ئێمه‌ یه‌كێتییه‌كى سه‌ربه‌خۆمان ده‌ویست، به‌ڵام ئاڕاسته‌كه‌ى دووه‌م واى نه‌ده‌بینى ‌و زیاتر كه‌وتبووه‌ ژێر كاریگه‌ریى سه‌ركردایه‌تى پارتییه‌وه،‌ ئه‌وه‌ش زیانى زۆر گه‌وره‌ى له ‌یه‌كێتیی داوه ‌‌و جارێكى تر نابێت ڕێگه‌ به‌و ئاڕاسته‌یه‌ بدرێت كه‌ زیان به‌ یه‌كێتیى بگه‌یه‌نن.

-  ئێستا پارتى به‌تایبه‌ت باسى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ ده‌كات، تا چه‌ند وه‌ك یه‌كێتیى له‌گه‌ڵیدان؟

ڕزگار عه‌لى: هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت ئه‌گه‌ر سه‌رله‌به‌رى هه‌ڵبژاردن پڕى ساخته‌‌ و ته‌زویر ‌و ناوى دووباره‌ بێت، ئه‌و جۆره‌ هه‌ڵبژاردنه‌ قه‌ت پیرۆز نه‌بێت، كاتێك هه‌ڵبژاردن ده‌بێت بكرێت كه‌ به‌ سیستمێكى بایۆمه‌ترى پێشكه‌وتوو بكرێت، ئه‌گه‌ر له ‌مانگى 3ى 2018 حكومه‌تى هه‌رێم ده‌توانێت هه‌ڵبژاردن بكات ده‌ستخۆشى له‌ حكومه‌تى هه‌رێم ‌و كۆمیسیۆنه‌كه‌ى ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر به‌بێ بایۆمه‌ترى بكرێت زوڵم له‌ حزبه‌كان ‌و خه‌ڵكیش ده‌كرێت.


 سازدانى: ئارا ئیبراهیم

زۆرترین بینراو