حکومەتی هەرێم وەڵامی عەبادی دایەوە سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران

هەواڵی / 6/12/2017 326 جار بینراوە

داوای هیچ لیستێکی نەکردووە
حکومەتی هەرێم وەڵامی عەبادی دایەوە سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەران
شه‌ن پرێس:

سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، عەبادی چەندین جار باسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات بەڵام تا ئێستا حکومەتی فیدراڵی داوای هیچ لیستێکی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکردووە.

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان  لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ چوار شەممە ئاماژەی بەوەکرد، سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی ئەوە دەکات گوایە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت و لە ئێستادا خەریکی وردبینی کردنی لیستی موچەخۆرانن، بەڵام وەک پێشتریش ڕایانگەیاندووە، تا ئێستا حکومەتی فیدراڵی داوای هیچ لیستێکی مووچەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکردووە، بۆیە ئەوان ئاگادار نین حکومەتی عەبادی خەرکی وردبینی کام لیستەیە.
سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵکی کوردستان لەوە تێگەیشتووە کە ئەو قسانە لە لێدوانی میدیایی بترازێ هیچی تر نییە، بۆیە هیچ متمانەیەکی بەو قسانە  نەماوە.

دەربارەی دەروازە سنورییەکان و بەردەوامی داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانیش وتی،بە پێی مادەی ١١٤ی دەستوری عێراق بەڕێوەبردنی دەروازە سنورییەکان بە تەنها لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدا نییە، به‌ڵكو به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ هه‌رێم به‌ڕێوه‌ ده‌برێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌میشه‌ ڕایانگه‌یاندووه‌ كه‌ حكوومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌ى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌.داخستنی فڕۆکەخانەکانیش ئه‌وه‌ سزادانى هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستانه‌، سزادانى ئه‌و نه‌خۆش و پێشمه‌رگانه‌یه‌ كه‌ له‌ كاتى به‌رگرى له‌ هه‌رێمى كوردستان و له‌ عێراق له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا بریندار بوون و پێویستییان به‌ چاره‌سه‌ره‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات.

وتیشی "پرسیارەکەش ئەوەیە بۆچی هاووڵاتییه‌كى به‌غدا، یان نه‌جه‌ف، یان به‌سرا مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌ شاره‌كه‌ى خۆیه‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ سه‌فه‌رى ده‌ره‌وه‌ى وڵات بكات، به‌ڵام هاووڵاتییه‌كى هه‌رێم ئه‌و مافه‌ى نییه‌ ئه‌مه‌ كوێى هاووڵاتیبوونه"‌؟

سەبارەت بە کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش کە عەبادی ئاماژەی پێکردوون، ڕوونیکردەوە، کاتی ئەوەیان نییە باسى ئه‌و هه‌موو كێشه‌ و كه‌موكوڕیانه‌ بكه‌ین كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌كاربوونى كابینه‌كه‌ى به‌ڕێز عه‌بادییه‌وه‌ به‌رۆكى حكوومه‌ته‌كه‌ى گرتوون، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش شەرعیەتی لە پەرلەمان و گەلەکە وەرگرتووە و پێویستی بە شەرعیەتپێدانی خەلکی تر نییە.
 لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردووەتەوە کە حکومەتی هەرێم نیازپاکی نیشانداوە بۆ داوای گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام ئەوە عەبادییە کە وەڵام ناداتەوە و تەنها لە ڕێگەی میدیاوە بۆ ثروپاگەندە نەک بۆ چارەسەر بەردەوام باسی چارەسەرو لێكگه‌یشتن و ده‌ستوور و هاووڵاتیبوون دەکات کە هیچ خزمەتێک بە دۆخەکە ناکات.

ئەوە لە کاتێکدایە دوێنێ ٥ی کانوونی دووەم حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران عێراق لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا وتی: " ئێمە ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەین و موچە بدەین، بەڵام هەندێک سورن لەسەر خوێنڕشتن".

زۆرترین بینراو