حوكمی‌ فرۆشتنی‌ ده‌رمان و خوارده‌مه‌نی‌ به‌سه‌ر چوو .

هەواڵی / 30/11/2017 136 جار بینراوە

حوكمی‌ فرۆشتنی‌ ده‌رمان و خوارده‌مه‌نی‌ به‌سه‌ر چوو .

شه‌ن پرێس :
مامۆستا محمد چیمه‌نی‌

بێگومان دانانی‌ به‌رواری بێكه‌ڵبوون له‌سه‌ر هه‌رجۆره‌ ده‌رمان و خوارده‌مه‌نیه‌ك دوای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و پشكنینی‌ پێكهاته‌كانی‌ ئه‌و جۆره‌ خواردن و ده‌رمانه‌ ده‌نووسرێت ، واتا دانانی‌ ئه‌و به‌رواره‌ كارێكی‌ بێ بنه‌ما نیه‌ ، پاشان له‌دوای‌ پرس و ڕاوێژ كردن به‌كه‌سانی‌ خاوه‌ن زانست له‌و بواره‌دا ده‌ركه‌وتووه‌ هه‌ر خواردن و خواردنه‌وه‌ و ده‌رمانێك كه‌ ماوه‌ی‌ یاسای به‌سه‌ر چووبێت له‌بری‌ سوود گه‌یاندن به‌ مرۆڤه‌كان ده‌بێته‌ مادده‌یه‌كی‌ ژه‌هراوی‌ و زیان به‌خش به‌مرۆڤه‌كان ، وه‌ له‌ئه‌نجامی‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ و به‌كارهێنانیان مرۆڤ تووشی نه‌خۆشی و ژاراوی‌ بوون (تسمم ) ده‌بێت ، بۆیه‌ بینا له‌سه‌ر ئه‌م شوێنه‌واره‌ خراپه‌ی‌ كه‌ لێی‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌ دروست نیه‌ فرۆشتن و به‌خشینی‌ هه‌ر خواردن و خواردنه‌وه‌ و ده‌رمانێك كه‌ ماوه‌ی‌ یاسای به‌سه‌ر چووبێت ، چونكه‌ ئاینی پیرۆزی‌ ئیسلام سووره‌ له‌سه‌ر پاراستنی‌ ته‌ندروستی‌ و ژیان و سه‌رو ماڵی‌ هه‌موو تاكه‌كان ، بۆیه‌ هه‌رشتێك ته‌ندروستی‌ و ژیانی‌ مرۆڤه‌كان بخاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ی‌ ده‌كات ،

پێغه‌مبه‌ری‌ خودا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم ) ده‌فه‌رموێت :( لا ضرر ولا ضرار ) رواه ابن ماجه‌ وهو صحیح)
واته‌: نه‌زیان و نه‌وه‌لاَم دانه‌وه‌ی‌ زیان به‌زیان ، هه‌روه‌ها ده‌بێت كه‌سی مسوڵمان خه‌ڵكی‌ له‌ده‌ست و زمانی‌ ئه‌مین بن شتانێك نه‌فرۆشێت به‌خه‌ڵكی‌ له‌بری‌ سوود به‌خشین و گه‌یاندنی‌ قازانج ببێته‌ مایه‌ی‌ زیان لێ گه‌یاندن وناره‌حه‌ت بوونیان . پێغه‌مبه‌ری‌ خودا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ده‌فه‌رموێ‌: (الْمُسْلِمُ مَنْ سَلِمَ الْمُسْلِمُونَ مِنْ لِسَانِهِ وَیدِهِ) رواه البخاری واته‌: مسوڵمان كه‌سێكه‌ مسوڵمانان له‌ زمان و ده‌ستی‌ سه‌لامه‌ت بن .


پاشان هه‌ر كات سه‌ڵمێنرا كه‌سێك تووشی‌ زیانێك بووه‌ به‌هۆی‌ ده‌رمانێك یان خواردنێكی‌ به‌سه‌ر چوو ئه‌وا فرۆشیار به‌رپرسیار ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر خودای‌( عزوجل) و پاشان یاسای‌ ولاَتدا چونكه‌ دروست نیه‌ بۆ هیچ كه‌سێك زیان به‌ ته‌ندروستی‌ و ئارامی‌ هاولاَتیان به‌گه‌ێنێت


له‌ڕوویه‌كی‌ تریشه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سی فرۆشیار به‌وه‌ی‌ ده‌زانی‌ كه‌ ماوه‌ی‌ یاسایی به‌سه‌ر چووه‌ و پشت گوێی‌ خست و هه‌ر ده‌یفرۆشت ئه‌وا ده‌چێته‌ بازنه‌ی‌ غه‌ش و گزی كردن كه‌ ڕه‌وشتی‌ مرۆڤی‌ باوه‌ڕ دامه‌زراو نیه‌ چونكه‌ پێغه‌مبه‌ری‌ خودا (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) ده‌فه‌رموێ‌ ( من غشنا فلیس منا ) رواه مسلم واته‌ : هه‌ركه‌س غه‌شمان لێ بكات له‌ئێمه‌ نیه‌ ، به‌هیوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو لایه‌كمان هه‌ست به‌به‌رپرسیارێتی‌ بكه‌ین و چیتر شتانی‌ به‌سه‌رچوو به‌ خه‌ڵكی‌ نه‌فرۆشین بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌بینه‌ هۆی‌ زیان بۆ خه‌ڵكی‌ .



زۆرترین بینراو