گۆڕان له‌بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ یاخییه‌وه‌ بۆ حیزبێكی‌ بێده‌نگ

هەواڵی / 27/11/2017 207 جار بینراوە

پاشه‌كشه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆن له‌كوردستان
گۆڕان له‌بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ یاخییه‌وه‌ بۆ حیزبێكی‌ بێده‌نگ


هونەر حەمەرەشید
سه‌رده‌مێك هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان له‌كوردستان هاوكێشه‌ی‌ سیاسییان سه‌راوژوور ده‌كرد، كه‌چی‌ ئه‌مڕۆ دیارترینیان كه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌ له‌پاشه‌كشه‌یه‌كی‌ سه‌یردایه‌.

تائێستا شۆكی كۆچی دوایی نه‌وشیراوان مسته‌فا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی به‌رنه‌داوه‌، بزووتنه‌وه‌كه‌ كه‌وتووه‌ به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك تاقیكردنه‌وه‌ی سیاسی، كه‌ ده‌رچوون تێیاندا ئاسان نابێت بۆی.

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، كه‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین هێزی سیاسییه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان له‌رووی‌ كورسی‌ په‌رله‌مانییه‌وه‌، ئێستا رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌یه‌كی زۆر بووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆیی‌و ده‌ره‌وه‌ی، خاڵی‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌رچه‌رخانی‌ سیاسی‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ئه‌و كاته‌ بوو كه‌ له‌مانگی‌ ئایاری‌ رابردوو نه‌وشیروان مسته‌فای‌ كاریزماو سه‌ركرده‌ی‌ كۆچی‌ دوایی‌ كرد.

یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌دوای‌ كۆچی‌ دوایی‌ سه‌ركرده‌كه‌ی‌، پرۆسه‌ی‌ ریفراندۆم بوو كه‌ له‌ئه‌یلولی‌ ئه‌مساڵدا به‌ڕێوه‌چوو، گۆڕان بۆ زیاتر له‌سێ‌ مانگی‌ به‌ر له‌ئه‌نجامدانی‌ پرۆسه‌كه‌ هه‌ڵوێستی‌ جۆراوجۆرو ناته‌بای‌ ده‌رده‌بڕی‌، ماوه‌یه‌ك ده‌یوت ده‌بێ‌ په‌رله‌مان بڕیاری‌ لێبدات، ماوه‌یه‌كی‌ تر ده‌یوت دوابخرێت‌و سه‌رده‌مێكیش ده‌نگده‌ره‌كانی‌ سه‌رپشك ده‌كرد بۆ به‌ڵێ‌‌و نه‌خێر، دواجاریش رێكخه‌ری‌ ئێستایان (عومه‌ر سه‌ید عه‌لی‌) له‌رۆژی‌ ریفراندۆمدا وتی‌ ده‌نگی‌ به‌به‌ڵێ‌ داوه‌.

نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری‌ كۆچكردووی‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌، یه‌كێك بوو له‌كاریگه‌رترین كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان، هه‌ر به‌فیعلیش یه‌كه‌مین بزوتنه‌وه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ له‌كوردستان له‌دوای‌ راپه‌ڕینی‌ ساڵی‌ 1991ه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ ئه‌و هاته‌ ئاراوه‌، كاتێك له‌ته‌مموزی‌ 2009 به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كردو له‌یه‌كه‌م ئه‌زمووندا چاره‌كێكی‌ كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ برده‌وه‌و گه‌وره‌ترین هێزی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ دروستكرد كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ گۆڕانێكی‌ گه‌وره‌ له‌هاوكێشه‌ی‌ سیاسی‌ كوردستاندا هاته‌ ئاراوه‌.

ئه‌وانه‌ی‌ چاودێری‌ كاره‌كانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیان ده‌كرد ده‌ڵێن له‌سه‌رده‌می‌ نه‌وشیروان مسته‌فادا ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ بۆ هه‌موو رووداوه‌كان خاوه‌نی‌ مانۆڕو كارتی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ بووه‌و دوو هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان)ی‌ ناچاركردووه‌ له‌ژێر فشاری‌ جه‌ماوه‌رییدا زۆر بڕیار بده‌ن كه‌ پێشتر له‌دژی‌ بوون، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌خۆشكه‌وت‌و دواتریش كۆچی‌ دوایی‌ كرد، ئیتر ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ بووه‌ بزوتنه‌وه‌یه‌كی‌ ده‌ست‌و پێ‌ سپی‌، نه‌ك هه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌، به‌ڵكو له‌ناوخۆی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ش ناڕه‌زایی‌ قووڵ دروستبووه‌.

ناڕه‌زاییه‌كان له‌ناوخۆی گۆڕان به‌شێوه‌یه‌كه‌ داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عومه‌ری سه‌ید عه‌لی رێكخه‌ر‌و خانه‌ی راپه‌ڕاندنی گۆڕان ده‌كه‌ن -به‌رزترین ده‌سته‌ی‌ سیاسی‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌-، له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ش ره‌خنه‌یه‌كی زۆر له‌گۆڕان ده‌گیرێت، به‌وه‌ی ناتوانێت له‌پرسه‌كان هه‌ڵوێستی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌بێت.
چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر چه‌ند هه‌ڵسوڕاوێكی‌ دیاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان نامایه‌كیان بۆ بزوتنه‌وه‌كه‌یان نوسی‌‌و ناڕه‌زایی‌ توندیان ده‌ربڕی‌، ئه‌وان نوسیبویان "نه‌وشیروان مسته‌فا له‌فنجانێكدا گه‌رده‌لولی ئه‌خولقاند، جێنشینه‌كانی گه‌رده‌لولی ئه‌هێننه‌وه‌ نێو فنجانه‌كه‌".

 هۆشیار عه‌بدوڵڵا په‌رله‌مانتاری‌ عێراق كه‌ تا چه‌ند ماگێك پێش ئێستا سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان بوو له‌په‌رله‌مان‌و دواتر سه‌رۆكایه‌تی‌ دا به‌هاوكارێكی‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێمه‌ له‌ناو خه‌ڵك‌و جه‌ماوه‌ری گۆڕانین، ئاگاداری ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ین له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی گۆڕان دروستبووه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر گۆڕان به‌رده‌وامبێت، به‌دڵنیایی زیانی زۆری ده‌كات‌و له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان پێگه‌و قورسایی نامێنێت".

 هۆشیار عه‌بدوڵڵا باسی‌ جیاوازی‌ نێوان نه‌وشیروان مسته‌فاو سه‌ركرده‌كانی‌ ئێستای‌ گۆڕان ده‌كات‌و ده‌ڵێت "كاتێك حیزبه‌كان بڕیاری تێپه‌ڕاندنی ده‌ستووری هه‌رێمیان له‌ 2010دا نه‌وشیروان مسته‌فا ناڕازی بوو لێی‌و به‌فه‌رمی دژایه‌تی كردو چه‌ندین مانۆڕی سیاسیشی بۆ ئه‌نجامدا، تا سه‌رئه‌نجام رێگه‌ینه‌دا به‌و شێوه‌یه‌ی هه‌یه‌ تێپه‌ڕێنرێت، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تی گۆڕان له‌ئێستاداو بۆ پرسی ریفراندۆم هه‌ر رۆژه‌و بۆچوونێكیان هه‌بوو، تا ئه‌وه‌ی له‌و پرۆسه‌یه‌دا هیچ رۆڵێكیان نه‌بوو، ئه‌نجامه‌كه‌شی به‌و شێوه‌یه‌ كه‌وته‌وه‌، كه‌ ئێستا كوردستانی به‌دۆخێكی مه‌ترسیدار گه‌یاندووه‌".

ئه‌و ریفراندۆمه‌ی‌ 25ی‌ ئه‌یلول به‌ڕێوه‌چوو دواتر بووه‌ هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ كێشه‌ی‌ نێوان به‌غداو هه‌ولێر، له‌سه‌ره‌تاوه‌ گۆڕان له‌گه‌ڵی‌ نه‌بوو، به‌ڵام هیچ مانۆڕێكیشی‌ نه‌نواند بۆ ئه‌نجامنه‌دانی‌.

ره‌خنه‌یه‌كی‌ دیكه‌ له‌گۆڕان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پاش "شكستی" مه‌سعود بارزانی‌و حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان‌و پاشه‌كشه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، نه‌یتوانیوه‌ دیسانه‌وه‌ هه‌ڵوێستی‌ روون‌و دیاری‌ هه‌بێت‌و چاره‌یه‌كی‌ بۆ كێشه‌ ئاڵۆزه‌كان پێبێت.


ئارام ئه‌حمه‌د، نوسه‌رو چالاكوان یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی له‌رێگه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ زۆرترین ره‌خنه‌ له‌بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌گرێت‌و هه‌وادارێكی زۆریشی له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی گۆڕان هه‌یه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌دوای ڕیفراندۆمه‌وه‌، كه‌ پارتی‌و یه‌كێتی كه‌وتنه‌ حاشییه‌وه‌، ده‌بوو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆی بكاته‌ خاوه‌ن، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی ئیسلامی، لایه‌نه‌كانی تر وه‌ك به‌رهه‌م ساڵح، شاندێك دروستبكه‌ن‌و بچنه‌ به‌غدا‌و خۆیان وه‌ك به‌دیل نیشانبده‌ن".

هه‌رچی‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌شه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌دا رایه‌كی‌ پێچه‌وانه‌یان هه‌یه‌، ئه‌وه‌تا محه‌مه‌د عه‌لی، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ "نیقاش" ده‌ڵێت "گۆڕان له‌پرسه‌ سیاسییه‌كان به‌پرسی ریفراندۆمیشه‌وه‌ هه‌ڵوێستی خۆی هه‌بووه‌، راسته‌ ره‌نگه‌ هه‌ڵوێسته‌كان له‌ئاست داواكاری جه‌ماوه‌رو هه‌ڵسوڕاوانی نه‌بێت، به‌ڵام به‌هۆی دۆخی هه‌رێمی كوردستانیش نه‌توانراوه‌ هه‌ندێك هه‌ڵوێست رابگه‌یه‌نرێت".

له‌ئێستادا نیگه‌رانی‌و ناڕه‌زاییه‌كانی ناو گۆڕان ته‌نیا به‌ره‌خنه‌گرتنه‌وه‌ نه‌ماوه‌، به‌ڵكو چه‌ند هه‌وڵێك هه‌یه‌، بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خانه‌ی راپه‌ڕاندن‌و جڤاتی نیشتمانی‌و ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ناوخۆیی‌.

نیقاش له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ناو گۆڕانه‌وه‌ زانیوییه‌تی، هه‌وڵه‌كان به‌كرداری كراون‌و داوا له‌جڤاتی نیشتمانی كراوه‌ كۆبوونه‌وه‌ بكات بۆ دیاریكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی ناوخۆیی، كه‌ ده‌بێت هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ مانگی 12 ئه‌مساڵ ئه‌نجامبدرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی كۆنفرانسی نیشتمانی، كه‌ وه‌ك كۆنگره‌ی حیزبه‌كانی تره‌.

هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ گۆڕان به‌ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ناوخۆیی‌و كۆنفرانسی نیشتمانی، ده‌سته‌یه‌كی نوێ بۆ به‌رێوه‌بردنی هه‌ڵبژێرێت‌و له‌و رێیه‌وه‌ هه‌ڵوێستی‌ روونی‌ خۆی‌ بۆ هه‌موو پرسه‌كان هه‌بێت.

عه‌دنان عوسمان هه‌ڵسوڕاوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان یه‌كێكه‌ له‌ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كانی بزووتنه‌وه‌كه‌، ئه‌و پێیوایه‌ گۆڕان ته‌نیا به‌هه‌ڵبژاردنی ناوخۆیی‌و كۆنفرانسی نیشتمانی ده‌توانێت له‌م دۆخه‌ی خۆی ده‌رباز بكات، بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و ره‌وته‌ی جارانی، كه‌ "هه‌میشه‌ رووداوی گه‌وره‌ی له‌كوردستان ده‌خولقاند".


عه‌دنان عوسمان بۆ "نیقاش" ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر گۆڕان هه‌ڵبژاردنی ناوخۆیی ئه‌نجامنه‌دات، ئه‌وه‌ جاڕی مه‌رگی سیاسی خۆی ده‌دات‌و ئه‌و كاریگه‌رییه‌ به‌هێزه‌ی جارانی نامێنێت".

 

هه‌ڵبژاردنه‌ ناوخۆییه‌كانی گۆڕان به‌داواكارییه‌كی نه‌وشیروان مسته‌فا دواخراوه‌ كه‌ ئه‌و كاته‌ی‌ له‌ژیاندا بووه‌، ئه‌وه‌ش به‌بیانووی ئه‌وه‌ی پێشتر گۆڕان چ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی خۆی، چ له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌، دۆخی گونجاوی نه‌بووه‌ بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌.

جه‌مال حاجی محه‌مه‌د ئه‌ندامی خانه‌ی راپه‌راندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌و باره‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌وان به‌ده‌م ده‌نگه‌ ناڕازییه‌كانی گۆڕانه‌وه‌ چوون‌و پێشنیارو سه‌رنج‌و تێبینییه‌كانیان له‌به‌رچاو گرتووه‌و كار بۆ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانیشیان ده‌كه‌ن.

جه‌مال حاجی به‌"نیقاش"ی‌ وت  "گۆڕان بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌رییه‌و ئه‌و ره‌خنانه‌ی لێده‌گیرێت، ته‌نیا بۆ دڵسۆزییه‌و به‌شێكی زۆری ره‌خنه‌كانیش له‌جێی خۆیه‌تی، ره‌نگه‌ گۆڕان له‌زۆر جێگه‌دا هه‌ڵوێستی وه‌ك پێویست نه‌بووبێت".

به‌راورد به‌حیزبه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان گۆڕان ته‌مه‌نی‌ له‌هه‌موویان كه‌متره‌و هه‌شت ساڵه‌ له‌گۆڕه‌پانی‌ كوردستاندایه‌، به‌ڵام له‌و هه‌شت ساڵه‌دا توانی‌ له‌رێی‌ كورسی‌ په‌رله‌مانییه‌وه‌ ببێته‌ دووه‌م هێز له‌دوای‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌‌و به‌قه‌د ئه‌ویش كاریگه‌ری‌ به‌سه‌ر رووداوه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ هه‌بێت، كه‌چی‌ ئێستا ئه‌ندامانی‌ ده‌ڵێن ته‌نانه‌ت به‌قه‌د حیزبه‌ زۆر بچووك‌و په‌راوێزخراوه‌كانیش رۆڵی‌ نییه‌.

 رێبین ئه‌حمه‌د هه‌ردی‌ كه‌ نوسه‌رێكی‌ دیاره‌ له‌كوردستان‌و دۆستی‌ نزیكی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا بووه‌، نایشارێته‌وه‌ ئه‌و دۆخه‌ی‌ ئێستا گۆڕانی‌ تێكه‌وتووه‌ دۆخێكی‌ خراپه‌و ئه‌و ره‌خنانه‌شی‌ له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ له‌گۆڕان ده‌گیرێت له‌جێی‌ خۆیه‌تی‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌پرسه‌ سیاسییه‌كان هه‌ڵوێستی‌ روونی‌ نه‌بووه‌و نه‌یتوانیوه‌ مانۆڕی‌ سیاسی‌ پێویست ئه‌نجامبدات.

 

رێبین هه‌ردی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "گۆڕان دوای‌ كۆچی‌ دوایی نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك پێویست خۆی‌ كۆبكاته‌وه‌و ئه‌و بۆشاییه‌ به‌باشی‌ پڕبكاته‌وه‌".

ده‌شڵێت "گۆڕان له‌ئێستا زۆر كارتی‌ سیاسی‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، ده‌توانێت له‌دژی‌ ده‌سه‌ڵات‌و پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ به‌كاریبهێنێت، گرنگترین كارتیش هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، یان جووڵاندنی‌ شه‌قام، به‌ڵام سه‌یره‌ تائێستا ئه‌مه‌ی‌ به‌كارنه‌هێناوه‌".

هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نگرانی‌ گۆڕان سه‌ریان سوڕماوه‌ له‌بێده‌نگی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌یان، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ نایشارنه‌وه‌ كه‌ فشاری‌ ده‌ره‌كی‌ به‌شێكه‌ له‌هۆكاری‌ بێده‌نگیان.

محه‌مه‌د عه‌لی‌  ئه‌نجامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ده‌ڵێت "له‌دوای‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم‌و تێكچوونی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غدا سه‌رجه‌م ئه‌و شانده‌ بیانییانه‌ی‌ هاتوونه‌ته‌ سلێمانی‌‌و له‌گه‌ڵ گۆڕان كۆبوونه‌ته‌وه‌، ئه‌و داواكارییان خستووه‌ته‌ڕوو، به‌وه‌ی‌ ده‌بێت پشتگیری‌ حكومه‌ت بكه‌ین".

وتیشی‌ "ئه‌م دان به‌خۆدا گرتنه‌ كاتییه‌، له‌وه‌ زیاتر گۆڕان چاوه‌ڕێی‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ ناكات كه‌ له‌ماوه‌ی‌ چوار ساڵی‌ رابردوو ته‌نیا قه‌یرانێكی‌ داوه‌ته‌ ده‌ست قه‌یرانێكی‌ تر".

لایه‌نگرانی‌ گۆڕان گه‌یشتوونه‌ دۆخێك هیوایه‌كی‌ ئه‌وتۆیان به‌بزوتنه‌وه‌كه‌یان نه‌ماوه‌، ئه‌وان ده‌ڵێن هیچ كاتێك به‌قه‌د ئێستا كه‌ش له‌بار نه‌بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌یان ده‌نگی‌ هه‌بێت له‌به‌رامبه‌ر قه‌یرانی‌ دارایی‌‌و ریفراندۆمی‌ "شكستخواردوو" كه‌چی‌ ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ ته‌نیا بێده‌نگی‌ هه‌ڵبژاردووه‌.

بڕیاره‌ هه‌شت مانگی‌ تر له‌كوردستان هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ڕێوه‌ بچێت، ئه‌وكات ده‌رده‌كه‌وێت ئایا نیگه‌رانی‌ خه‌ڵكی‌ له‌گۆڕان‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ كاتی‌ بووه‌، یا به‌یه‌كجاری‌ لێی‌ بێهیوا بوون‌و ته‌ڵاقیان داوه‌.

زۆرترین بینراو