بۆ ئه‌وانه‌ی‌ تازه‌ ده‌چنه‌ ژیانی‌ هاوسه‌رییه‌وه‌

هەواڵی / 13/11/2017 754 جار بینراوە

بۆ ئه‌وانه‌ی‌ تازه‌ ده‌چنه‌ ژیانی‌ هاوسه‌رییه‌وه‌

شه‌ن پرێس :
نوسینی : خرامان محمد

په‌یوه‌ندی نێوان ژن وپیاو به‌هێز ترو خۆشترین په‌یوه‌ندیه‌ له‌نێوان سه‌رجه‌م دروستكراوه‌كاندا،خۆشه‌ویستی ئه‌و دوانه‌ش خۆشه‌ویستیه‌كی جوان و پاكه‌، ژن وپیاو به‌ده‌ست خۆیانه‌ گه‌ر بیانه‌وێ ژیانیان ئاوه‌دان و گوڵباران بكه‌ن یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.
وه‌ك ده‌بینین كاتێ كوڕ و كچێك ده‌یانه‌وێ خێزان پێك بهێنن و ماوه‌یه‌ك به‌ ده‌زگیانداری ده‌گوزه‌رێنن بۆ ژیانی داهاتویان كۆمه‌ڵه‌ ئامانجێكیان هه‌یه‌ و زۆر جار به‌ شێوازێكی ناوازه‌و میسالی بۆ ئه‌و ژیانه‌ی چاوه‌رێیانه‌ ته‌ماشا ده‌كه‌ن ، ئه‌مه‌ تێڕوانینه‌ش له‌وانه‌یه‌ زیاترهۆیه‌كه‌ی ئه‌وه‌بێت كه‌ئه‌وان یه‌كه‌م مه‌نزڵی ژیانیان جێده‌هێڵن و به‌ره‌و زێدێكی نوێ و هێلانه‌یه‌كی نوێ ده‌چن ، به‌ خه‌یاڵی خۆیان پڕه‌ له‌ خه‌ونی ئه‌رخه‌وانی و ئاوات و خۆزگه‌ .
بۆیه‌ زۆر جار به‌بێ بیركردنه‌وه‌و خۆئاماده‌كردن بۆ هه‌موو پێشهات و خۆشی و ناخۆشیه‌كانی ئه‌و ژیانه‌ نوێیه‌ هه‌نگاو ده‌نێن. ئاشكرایه‌ ساڵه‌كانی‌ سه‌ره‌تای‌ هاوسه‌رگیری‌ هه‌نگاوی‌ یه‌كه‌می‌ به‌رده‌وامی‌ ژیانی‌ خێزانداری دیاری‌ ده‌كات بۆ سالاَنی‌ داهاتووی‌ ئه‌و خێزانه‌. كه‌ئه‌مه‌ش پشت به‌سته‌ به‌ وكردارو ره‌فتارانه‌ی‌ ڕۆژانه‌ هاوسه‌ره‌ تازه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌ك ده‌یكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ كتوپڕ توشی‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ نه‌بن ، كه‌وا بكات زۆرێك له‌كارو كرده‌وه‌كان تێك بچن ،پێویسته‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ژیانی‌ هاوسه‌رداریدا وریا بن و نه‌كه‌ونه‌ ناو چه‌ند هه‌ڵه‌یه‌ك به‌بێ‌ مه‌به‌ست، و پاشان ئه‌م هه‌لاَنه‌ درێژه‌ بكێشن و ڕابێن له‌سه‌ری‌ به‌شێوه‌یه‌ك ببێته‌ هه‌ڵسوكه‌وتی‌ ژیانی‌ رۆژانه‌ بۆیان .و خه‌ونی خۆش و ئه‌رخه‌وانی ژیانیان لێ ببێته‌ دۆزه‌خ.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ و له‌ پێناوی ژیانێكی به‌خته‌وه‌ر و خۆشگوزه‌راندا ، ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تازه‌ ده‌چنه‌ ژیانی هاوسه‌ریه‌وه‌ چه‌ند خاڵێكی گرنگ هه‌یه‌ پێویسته‌ ئاگاداری بن و لێی‌ دوربكه‌ونه‌وه‌ تا نه‌كه‌ونه‌ هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ و نه‌بێته‌ هۆی روخانی هێلانه‌ی ژیانیان له‌وانه‌:

1- خۆ تێهه‌ڵقورتانی‌ به‌رده‌وام:
له‌پاش كاتی‌ ده‌ست گیرانی‌ و له‌گه‌ڵ ڕۆژگاره‌كانی‌ سه‌ره‌تای‌ هاوسه‌رگیری‌ بوكێ‌‌و زاوا هه‌موو زانیاریه‌كی‌ ووردو گرنگی تایبه‌ت به‌ خێزانداری له‌ئه‌وله‌ویه‌تی‌ به‌ڵگه‌و گرنگی‌ پێدانیاندایه‌، به‌لاَم له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی‌ كات گۆڕه‌پانی‌ سه‌ربه‌ستی‌ بچوك ده‌بێـته‌وه‌‌و لێره‌وه‌ كێشه‌ی‌ حه‌قیقی‌ ده‌ست پێده‌كات ئه‌و نازه‌نینیه‌ی‌ له‌كاتی‌ ده‌زگیرانیدا هه‌بوه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێكیانه‌وه‌ قبوڵ ناكرێ‌، بۆیه‌ تایبه‌تمه‌ندێتی‌ له‌سنورێكی‌ رێگه‌پێدراودا كارێكی‌ دروست‌و پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هاوبه‌شی‌ ‌وشه‌راكه‌تی‌ نه‌بێته‌ كاری‌ پرسیار‌و وه‌لاَم و ژیانیان نه‌بێته‌ پیشه‌ی‌ دادوه‌ری‌ وهه‌ندێ‌ جار بۆنی‌ سجنی‌ لێ‌ بێت.

2- ره‌خنه‌ی‌ به‌رده‌وام:
وه‌ك له‌پێشه‌وه‌ ئاماژه‌م پێ كرد له‌گه‌ڵ تێه‌پوڕبوونی‌ كات ئه‌و وێنا میسالیه‌ی‌ كه‌ ژن‌و مێرد له‌مێشكیاندا نه‌خشه‌یان كێشاوه‌ هه‌ریه‌كه‌‌و به‌رامبه‌ر ئه‌وی‌ دی‌ هه‌یه‌تی كاڵ ده‌بێته‌وه‌ ، ئه‌وكات ئه‌گه‌ر به‌ناواقیعی‌ بۆ ژیانی‌ هاوسه‌رێتان ڕوانی‌ بێت هیچ كام له‌وان هه‌ڵه‌ی‌ ئه‌وی‌ تری‌ پێ‌ قبوڵ ناكرێ‌، و وورده‌وورده‌ یه‌كێكیان به‌دوای‌ نه‌نگیی‌ شه‌ریكه‌كه‌یدا ده‌گه‌ڕێ‌.
بۆنمونه‌ : زۆر كه‌س هه‌یه‌ له‌كاتی‌ ڕوودانی‌ كێشه‌وگرفته‌كاندا زۆر ده‌نگ به‌رزده‌كات‌و وه‌یان وشه‌ی‌ زیاده‌ و نه‌گونجاو ده‌ڵێت یان هه‌ر هه‌ڵسوكه‌وتێكی‌ تری‌ له‌راده‌ ده‌رچو ده‌نوێنێ‌ ،به‌شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندی‌ ڕێزو متمانه‌ی‌ نێوانیان له‌یاد ده‌كات كه‌له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی‌ برینداریی‌ درێژخایه‌ن، و به‌رده‌وام گرێیه‌ك دروست ده‌كات له‌سه‌ ردڵی‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی‌....بۆیه‌ پێویسته‌ هاوسه‌ران له‌سه‌ره‌تای‌ پێكه‌وه‌نانی‌ ژیانی‌ خێزانیه‌وه‌ خۆیان رابهێنن به‌زاڵ بوون به‌سه‌ر هه‌موو هه‌ڵسوكه‌وتیاندا له‌كاتی‌ توڕه‌بوون دا، بۆ ئه‌مه‌ش واباشه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌یتوانی‌ زاڵ بێت به‌سه‌ر توڕه‌بوونه‌كه‌یدا، ئه‌و شوێنه‌ جێ‌ بهێڵێت بۆ ماوه‌یه‌ك سه‌عاتێك یان زیاتر بۆ ئه‌وه‌ی‌ هێور بێـته‌وه‌و كۆنتڕۆڵی‌ توڕه‌بونه‌كه‌ی‌ بكات.

3- به‌سه‌ربردنی‌ زۆربه‌ی‌ كاته‌كانی‌ دوور له‌یه‌كتر:
یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی‌ دروست بونی‌ كێشه‌ به‌سه‌ر بردنی‌ كاته‌كانی‌ هاوسه‌رانه‌ دوور له‌یه‌ك، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌و پیاوانه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ كاته‌كانیان له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ماڵ‌و له‌ئیش‌وكار ده‌گوزه‌رێنن ئه‌مه‌ش مانای‌ ئه‌وه‌نیه‌ كه‌پیاوان واز له‌ ئیش‌وكارو پێداویستی‌ یه‌كانی‌ ڕۆژانه‌یان بهێنن،و بچنه‌ ماڵه‌وه‌ دانیشن له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یاندا، به‌ڵكو پێویسته‌ بۆ هه‌موو شتێ‌ كات وساتی‌ خۆی‌ هه‌بێت ئیش‌و كار كاتی‌ خۆی‌ هه‌یه‌و به‌سه‌ربردنی‌ كات له‌گه‌ڵ هاوڕێ‌ و براده‌رانیش به‌هه‌مان شێوه‌ كاتی‌ خۆی‌ ده‌وێ‌
ژیانی‌ خێزانی‌ جیاوازه‌وه‌ له‌كاته‌كانی‌ رابردوو وته‌نهایی‌ و ره‌به‌نی، بۆیه‌ پێویسته‌ هاوسه‌ران ئه‌وه‌نده‌ ماف به‌خۆیان بده‌ن كاتی‌ باشیان هه‌بێت بۆ دانیشتن‌وگفتوگۆ‌و پێكه‌وه‌ ژیان، چونكه‌ به‌ڕاستی‌ به‌سه‌ربردنی‌ زۆرینه‌ی‌ كات له‌ده‌ره‌وه‌ه‌ی‌ ماڵ و دوورله‌یه‌كتر ژیانی‌ خێزانی‌ ده‌ڕوخێنێ‌.

4- ده‌ست تێوه‌ردانی‌ كه‌سوكار:
یه‌كێك له‌وهۆیانه‌ی كه‌ ده‌بێته‌ هۆی تێكدانی ژیانی‌ خێزانی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌وروبه‌ر و كه‌س‌وكار به‌نهێنی‌ و ورده‌كاریه‌كانی‌ نێوان هاوسه‌ران بزانن و ده‌ست بخه‌نه‌ ناو هه‌موو كارو بارێكی ژیانیانه‌وه‌.

ماڵه‌ باوان‌و خه‌زوران و كه‌س‌وكار رێزی تایبه‌تیان هه‌یه‌و بونی‌ په‌یوه‌ندی‌ و تێكه‌ڵی‌ له‌گه‌ڵیان پێویسته‌‌و شتێكی‌ باشه‌ ، به‌لاَم نابێت ئه‌وان به‌هه‌موو ورده‌كاریه‌كانی نێوان( كوڕ و بوكه‌كه‌یان یان كچ و زاواكه‌یان) بزانن ته‌نانه‌ت كاتی‌ ڕوودانی‌ هه‌ركێشه‌یه‌كیش وا باشتره‌ ژن‌وپیاو خۆیان رابهێنن كێشه‌كانیان نه‌به‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ و خۆیان چاره‌سه‌ری‌ بكه‌ن، مه‌گه‌ر له‌حاڵه‌تی‌ خوانه‌خواسته‌ زۆر ئاڵۆزدا پێویستیان به‌ڕاوێژكردن هه‌بێت به‌كه‌سێكی‌ به‌ئه‌زمون‌و شاره‌زا بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ ڕێگا چاره‌یه‌ك. هه‌موو ئه‌وه‌ ده‌زانین كاتێك ژن‌وپیاو كێشه‌یه‌كیان ده‌بێت له‌دوای ماوه‌یه‌ك له‌یه‌كتر ده‌بورێن‌و ئاشت ده‌بنه‌وه‌، به‌لاَم ئه‌گه‌ر ده‌وروبه‌ره‌كه‌یان ئاگاداری‌ كێشه‌كه‌یان بن ئه‌وا تا ماوه‌یه‌كی‌ درێژ له‌بیریاندا ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ئاسانی ناسڕێته‌وه‌ له‌ مێشكیاندا. 5- له‌بیركردنی‌ هه‌ندێ‌ ووشه‌ی‌ گرنگ:
خۆشم ئه‌وێی‌، سلاَوت لێبێت و به‌یانیت باش، بیرم ئه‌كردی‌،
خۆشه‌ویسته‌كه‌م،به‌بێ تۆ ناژیم و... هتد.
ئه‌مانه‌ ده‌سته‌واژه‌ گه‌لێكن كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی ئاسوده‌یی نێوان ژن و پیاو ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێ‌ كه‌س كه‌ده‌چنه‌ ژیانی‌ هاوسه‌ری‌‌و ماوه‌یه‌ك تێده‌په‌رَێنن ئه‌م وشانه‌ به‌لایانه‌وه‌ به‌هایه‌كیان نامێنێ‌‌و به‌شتێكی‌ لابه‌لایی‌ وبچوكی‌ ده‌زانن كه‌له‌راستیدا وتن ‌ودووباره‌ كردنه‌وه‌یان زۆر گرنگه‌.
هه‌رچه‌نده‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك ده‌ڕبڕینی‌ ئه‌مانه‌ی پێ‌ زه‌حمه‌ت‌و قورسه‌،به‌لام له‌گه‌ڵ قورسی‌‌وماندووبونه‌كانی‌ ژیاندا وتنی‌ ئه‌م ووشانه‌ به‌رامبه‌ر یه‌كتر له‌لایه‌ن هاوسه‌رانه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ ئارامی‌‌و حه‌وانه‌وه‌ له‌ئامێزێكی‌ گه‌رمی‌ ڕۆمانسی‌‌و خۆشبه‌ختیدا.
بۆیه‌ ده‌ڕبڕینی‌ ئه‌م ووشانه‌ به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتر پێویسته‌ بۆ درێژه‌دان به‌ ژیانێكی پڕ له‌خۆشه‌ویستی، به‌تایبه‌تی‌ له‌بۆنه‌كانی‌ وه‌ك جه‌ژنه‌كان ‌ویادی‌ له‌دایك بوون‌و یادی‌ ڕۆژی‌ هاوسه‌رگیری و.....
ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن ئه‌وا هه‌نگ ئاسا له‌یه‌ك كاتدا ده‌توانن شیله‌ی گولاَن بمژن و هه‌نگوین ببه‌خشن.
 


زۆرترین بینراو