تا چه‌ند وانه‌‌ وتنه‌وه‌ی‌ تایبه‌تی‌ به‌ قوتابیان له‌ ڕووی‌ شه‌رعه‌وه‌ دروسته‌ ؟

هەواڵی / 7/11/2017 251 جار بینراوە

تا چه‌ند وانه‌‌ وتنه‌وه‌ی‌ تایبه‌تی‌ به‌ قوتابیان له‌ ڕووی‌ شه‌رعه‌وه‌ دروسته‌ ؟

پرسیاری هاوڵاتیه‌ك : تا چه‌ند وانه‌‌ وتنه‌وه‌ی‌ تایبه‌تی‌ به‌ قوتابیان له‌ ڕووی‌ شه‌رعه‌وه‌ دروسته‌ ؟

وه‌ڵام :
سوپاس و ستایش بۆ په‌روه‌ردگاری جیهانیان، وه‌ درود و ڕه‌حمه‌ت بۆ سه‌ر گیانی پاكی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله‌ علیه‌ وسلم) و گشت كه‌س و یاران و شوێنكه‌وتوانی به‌گشتی.

سه‌ره‌تا ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك ئه‌وه‌ بزانین كه‌ ئه‌ركی سه‌ر شانی مامۆستا له‌ ڕووی شه‌رع و یاسایشه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ به‌ باشترین شێوه‌ وانه‌كانی بابه‌ته‌كه‌ی بۆ خوێندكاره‌كانی باس بكات و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كاتی وانه‌كانی به‌فیڕۆ نه‌دات وبه‌ باشترین شێوه‌ وانه‌كانی بڵێته‌وه‌، و ئه‌گه‌ر زانی كه‌ له‌وانه‌یه‌ خوێندكاران به‌گشتی پێویستان به‌ هه‌ندێك وانه‌ی زیاده‌ ده‌بێت بۆ زیاتر تێگه‌یشتن، ئه‌وه‌ پێویسته‌ وه‌ك ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌ر له‌ قوتابخانه‌كه‌یدا له‌ كاتێكی گونجاودا وانه‌ی زیاده‌یان پێ بڵێته‌وه‌ و زیاتر بابه‌ته‌كه‌یان بۆ ڕوون بكاته‌وه‌.

وه‌ هه‌ركات مامۆستا ئه‌م ئه‌ركه‌ی خۆی جێ به‌جێ كرد ئه‌وه‌ دواتر مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ و ئازاده‌ كه‌ وانه‌ی تایبه‌تی به‌ خوێندكاره‌كانی بڵێته‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ریشدا پاره‌یشیان لێ وه‌ربگرێت و مامه‌ڵه‌یشیان له‌ گه‌ڵدا بكات.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر مامۆستا له‌ قوتابخانه‌دا وه‌كو پێویست وانه‌ بۆ خوێندكاره‌كانی ڕوون نه‌كاته‌وه‌  بۆ ئه‌وه‌ی دواتر ناچاریان بكات كه‌ په‌نا به‌رنه‌ به‌ر وانه‌ی تایبه‌ت و پاره‌یان لێ بكێشێته‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ نه‌ك ته‌نها پاره‌ی وانه‌ تایبه‌ته‌كانی حه‌رامه‌، به‌ڵكو ئه‌و مووچه‌یه‌یش كه‌ وه‌ری ده‌گرێت هه‌ر حه‌رامه‌، چونكه‌ ئه‌ركه‌كانی خۆی وه‌كو پێویست جێ به‌جێ نه‌كردوه‌.
بۆیه‌ پێویسته‌ مامۆستا هه‌میشه‌ ئه‌وه‌ی له‌ یاد بێت كه‌ ده‌بێت پێشه‌نگ و پێشه‌وایه‌كی باش بێت بۆ خوێندكاره‌كانی و هیچ كات كاری پیرۆزی مامۆستایه‌تی نه‌كاته‌ پرۆژه‌یه‌كی بازرگانی، وهه‌وڵ نه‌دات كه‌ هه‌لی پێویستی خوێندكاران بقۆزێته‌وه‌، چونكه‌ وه‌ك هه‌موو لایه‌ك ئاگادارین ئه‌مڕۆ زۆرینه‌ی قوتابیانمان ده‌ست كورت و كه‌م ده‌رامه‌تن بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌میشه‌ مامۆستا ڕه‌چاوی ئه‌م خاڵه‌ بكات و به‌سۆزی باوكایه‌تی مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ خوێندكاره‌كانی بكات.   
خوای گه‌وره‌ش زاناتره‌.


زۆرترین بینراو