وەزیری کشتوکاڵ لە ھۆڵەندا : ڕێکەوتنی زۆر باشمان کردووە و بەڵێنی گەورەشمان پێدراوە

هەواڵی / 12/10/2017 158 جار بینراوە

لەسەر بانگھێشتی فەرمیی ئەو وڵاتەیە
وەزیری کشتوکاڵ لە ھۆڵەندا : ڕێکەوتنی زۆر باشمان کردووە و بەڵێنی گەورەشمان پێدراوە

شه‌ن پرێس :
لەسەر بانگھێشتی فەرمیی وەزارەتی ئابوریی ھۆڵەندا، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان بە سەردانێک لەو وڵاتەیە و زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامداوە و لە لێدوانێکیشدا دەڵێت "پەیوەندی کوردستان و ھۆڵەندا لە مێژینەیە و لەم سەردانەشدا کۆمەڵێک بەڵێنی گرنگممان پێدراوە" .

عەبدولستار مەجید ئاشکرایکرد "ئێمە ئێستا لە کوردستان بەرھەمێکی ئێجگار زۆری پەتاتەمان ھەیە، ھۆڵەنداش لە ڕووی دابینکردنی بنەتۆوەوە ھاوکاری باشی کردوین، حاڵی حازریش ژمارەیەک لە جوتیارانمان لە ھۆڵەندان بۆ وەرگرتنی ئەزموونی گرنگ لە شێوازی کشتوکاڵی ھۆڵەندا" .

ئاماژەیبەوەشکرد "لەگەڵ وەزارەتی ئابوریی کە کشتوکاڵ بەشێکی گرنگی پێکھێنەری ئەم وەزارەتەیە کۆمەڵێک باس و خواسی گرنگمان ئەنجامداوە، لەوانەش ھاوکاریکردنی ھۆڵەندا بۆ ئێمە لە ڕووی خانووی پلاستیکی و شوشەیی کە ئێستا لە ھۆڵەندا ھەیە و سەرکەوتنی گەورەشی بەدەستھێناوە" .

وەزیری کشتوکاڵ جەختیشیکردەوە "وەزارەتی ئابوریی ھۆڵەندا بەڵێنیان پێداوین لە ڕووی توێژینەوەی زانستی و کردنەوەی خولی زانستی بۆ کارمەندانی وەزارەت و کۆمپانیا کشتوکاڵییەکانی ھەرێمی کوردستان ھاوکارییمان بکەن" .

عەبدولستار مەجید وتیشی "یەکێکی دیکە لەو تەوەرانەی باسمان کردووە لەگەڵ ھۆڵەندیەکان، بریتی بووە لە پرۆژەی (گاوداریی) کە ھۆڵەندا لە ڕووی مانگای شیردەر و مانگای گۆشتەوە زۆر پێشکەوتوون و بڕیاریشدرا کە ئەوان لەم ڕووەوە ھاوکاری کۆمەڵێک پرۆژەی ئێمە بکەن" .

وەزیری کشتوکاڵ دەشڵێت "ئێمە کە گەڕاینەوە کوردستان کۆمەڵێک پرۆژە پێشکەشی کونسوڵگەریی ھۆڵەندا دەکەین لە ھەولێر و بەپێی ئەو ڕێکەوتنەی لێرە کردوومانە بڕیارە ھاوکاریی زۆر باشمان بکەن" .

سەبارەت بە دابینکردنی کورسی خوێندن بۆ خوێندکارانی کۆلێژە کشتوکاڵییەکان و فەرمانبەرانی وەزارەت، عەبدولستار مەجید وتی "کۆمەڵێک ڕێکەوتنی باشمان کردووە و ئەنجامی زۆر گەورەشی دەبێت"

زۆرترین بینراو