ناوەڕۆكی دوو پرۆژەی رەتكراوەی نەوشیروان مستەفا بۆ مەسعود بارزانی ئاشكرادەكرێت

هەواڵی / 12/10/2017 1192 جار بینراوە

حكومەت و سوپایه‌كی بەهێز
ناوەڕۆكی دوو پرۆژەی رەتكراوەی نەوشیروان مستەفا بۆ مەسعود بارزانی ئاشكرادەكرێت
شه‌ن پرێس:

مەجید ساڵح، ناوەڕۆكی دوو پرۆژەی نەوشیروان مستەفا رێكخەری كۆچكردووی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ مەسعود بارزانی ئاشكرادەكات، كە پرۆژەكانی جێبەجێنەكراوە.

مەجید ساڵح، كە كەسێكی نزیك بوو لەنەوشیروان مستەفا، لەمیانی نووسینێك بڵاویكردووەتنەوە، كە "كاك نەوشیروان باوەڕی وابوو دەوڵەت بەدوو شت پایەداردەبێت، سوپایەكی بەهێز بۆ بەرگری لەهەڕەشەی دەرەكی، لەگەڵ حكومەتێك یاسا تێدا سەروەرو باڵا دەست بێت".

ده‌قی نوسینه‌كه‌:

دوو پرۆژەکەی کاک نەوشیروان بۆ کاک مەسعود
مەجید ساڵح
کاک نەوشیروان باوەڕی وابوو دەوڵەت بە دوو شت پایەدار دەبێ، سوپایەکی بەهێز بۆ بەرگری لە هەڕەشەی دەرەکی، لە گەڵ حکومەتێک کە یاسا تێدا سەروەر و باڵا دەست بێ.. لەو کاتەدا کە کاک نەوشیروان سەردانی کاک مەسعودی دەکرد، دوو پرۆژەی بە نووسین پێداوە:
پلانی یەکەم: دروستکردنی سوپایەکی نیشتمانی
بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی پەنجا دەوڵەت کاک نەوشیروان پرۆژەی یاسایەکی تەجنیدی ئیجباری ئامادەکردوە و بۆ ئەوەی هەرکەسێک تەمەنی گەیشتە ١٨ ساڵان، یان دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بچێتە ریزی سوپای کوردستانەوە. ئەوەی سەربازی تەواو کرد کۆمەڵێک ئیمتیازاتی هەبێ، لەدامەزراندن و کەڵک وەرگرتن لە ئۆڤەرەکانی حکومەت. بۆ رێزگرتن لە خەبات و تیکۆشانی پێشمەرگەکانی هێزەکانی حەفتا و هەشتا وەک خۆیان بمێنێن، بەڵام کەس وەرنەگرن و ئەوان بۆیان هەبێ بچنە ریزی سوپای نیزامی کوردستانەوە.. کەڵک وەرگرتن لە جەنگی داعش بۆ پڕچەک کردن و راهێنانیان.. بەڵام بەداخەوە ئەم پێشنیازە، لە لایەن کاک مەسعودەوە رەتکرایەوە.
دووەم: دروستکردنی کۆمەڵگای نیشتەجێ بوون لە ناوچە دابراوەکانی کوردستان:
کاک نەوشیروان پرۆژەیەکی ئامادەکراوی خستووەتە بەردەستی کاک مەسعود بۆ دروستکردنی چەندین کۆمەڵگەی نیشتەجێ بوون لە ناوچە دابراوەکان، بۆ گەڕانەوەی خەڵکانی ئەو ناوچانە بۆ شوینەکانی خۆیان، ئەوانەی دامەزراون لە حکومەت بگوازرێنەوە و ئەوەشی دانەمزراوە لە هێزە ئەمنییەکاندا دامەزرێن و بۆ بەرگری کردن لەو ناوچانە. بۆ پڕکردنەوەی ناوچەکانیش کارئاسانی بکەین بۆ کوردەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا کە ئاوارەن لێرە لەو ناوچانە نیشتەجێ ببن. بەداخەوە ئەو پرۆژەیەش جێبەجێ نەکرا..
گەر ئەو دوو پرۆژەیە جێبەجێ بکرانایە، لە هەڵوێستێکی دیکەدا دەبووین و نەبەغدا و نە هیچ وڵاتێکی دیکە ئاوا هەڕەشەو گوڕەشەیان نەدەکرد..

زۆرترین بینراو