#شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبی

سەركردایەتی سیاسی كوردستان-عێراق ناكۆكی دەخاتە نێوان پێكهێنەرەكانییەوە

هەواڵی / 11/10/2017 779 جار بینراوە

یەكێتی پابەندی بڕیارەكانی نابێت
سەركردایەتی سیاسی كوردستان-عێراق ناكۆكی دەخاتە نێوان پێكهێنەرەكانییەوە
شه‌ن پرێس:

پێكهێنانی سەركردایەتی سیاسی كوردستان-عێراق ناكۆكی دەخاتە نێوان ئەو لایەنانەوە، كە پێكیان هێناوە، سەرەڕای ئەوەی ئەندامێكی سەركردایەتییەكە ئاماژە بەوە دەكات ئەركی ڕاوێژكاری دەبێت، بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە، كە پابەندی بڕیارەكانی نابن.

ڕۆژی یەكشەممە 1-10-2017 مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی تردا بێجگە لەبزووتنەوەی گۆڕان‌‌و كۆمەڵی ئیسلامی، ئەنجوومەنی سیاسی سەركردایەتی كوردستان-عێراقیان پێك هێنا، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم هەڵوەشێنرایەوە، كە ناڕەزایەتی لەنێو لایەنەكانی تردا لێ كەوتەوەو هەریەك لەبزووتنەوەی گۆڕان‌‌و كۆمەڵی ئیسلامی درووستكردنی ئەو ئەنجوومەنە سیاسییەیان ڕەت كردەوە.

هادی عەلی، سەرۆكی ئەنجوومەنی جێبەجێكاری یەكگرتووی ئیسلامی بەژمارەی ئەمڕۆ چوار شەممەی هەفتەنامەی ״ئاژانس״ی وت: ״ ئێمە سەرنج‌و تێبینیمان هەیە لەبارەی ناوەكەی‌و كۆبوونەوەكە پەلەی تێدا كراوەو پێویستی بەتاوتوێكردنی باشتر هەیە، بۆ ئەو مەبەستە كاری جددی لەسەر دەكەین بۆ پێداچوونەوە بۆ كۆی بابەتەكە ״.

هەروەها ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكگرتوو لەلێدوانێكدا وتی: ״ئەم ئەنجوومەنە، جگە لەپاشاگەردانی‌و كەمەروەشێن‌و شكاندنی پەرلەمان‌‌و حكومەت شتی تر نییە".

بەڵام عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی ڕەتیدەكاتەوە، كە درووستكردنی ئەنجوومەنەكە پەلەی تێدا كرابێت‌و بەهەنگاوێكی گرنگی دەزانێت‌و بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״ئەو ئەنجوومەنە سیاسییە، كە سەركردایەتی گفتوگۆكان دەكات، لەگەڵ عێراق ‌و وڵاتانی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی، هەركات درووستكردنی دەوڵەت ڕاگەیەنرا ئەوكات تەسلیمی حكومەت‌و پەرلەمانی دەكات״.

لەئێستادا مەترسیی ئەوە هەیە، كە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان-عێراق لەبری ناوەندە ڕەسمییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیار دەربكات وەك چۆن لەیەكەم كۆبوونەوەیدا چەند بڕیارێكی دەركرد.

دلێر ماوەتی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان بە ״ئاژانس״ی وت: ״لەگەڵ ئەو ئەنجوومەنە نیم، ئێمە لەگەڵ بەموئەسەسەكردنی دامودەزگاكان‌وو بەهێزكردنی پەرلەمان‌و دەسەڵاتی دادوەرین‌و پەرلەمان ئیشی خۆی دەكات‌و پابەندنابێت بە ئیشی ئەو ئەنجوومەنەوە״.

هاوكات محەمەد ئیلخانی، ئەندامی سەركردایەتی سیاسی كوردستان-عێراق وتی: ״ئەنجوومەنەكەمان ڕاوێژكارییە و پەرلەمان پەیوەست ناكات بەجێبەجێكردنی بڕیارەكانمانەوە، ئەم ئەنجوومەنە بۆ ئاگاداربوونی لایەنەكانە لەدۆخی سیاسیی هەرێم، چۆن پێشتر پێنج لایەنی سیاسی كۆبوونەوەیان دەكرد، ئەم ئەنجوومەنە هەر ئەوەیەو فراوان كراوە‌و ناوێكی لێنراوە״.

گومان لەوە دەكرێت پێكهێنانی ئەو سەركردایەتییە بۆ داخستنی هەڵبژاردن بێت بەئامانجی مانەوەی مەسعود بارزانی لەپۆستی سەرۆكی هەرێمدا.

ئاریان ڕەئوف پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان‌و مامۆستا لەزانكۆی گەرمیان بۆ هه‌مان سایت وتی: ״بەشێكی ئامانجی درووستكردنی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان-عێراق ئەوەیە پۆستێكی تر بۆ مەسعود بارزانی دابتاشرێت، كە خۆی بە گەورەی هەموو دامەزراوەكانی تری پەرلەمان‌و حكومەت‌و تەنانەت سەرۆكایەتی هەرێمیش دەزانێت‌و هەیبەتی ئەو دامەزراوانەش كەمبكاتەوە״.

ناوبراو وتیشی: ״یەكێكی تر لە ئامانجەكانی دواخستنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان‌ و سەرۆكایەتیی هەرێمە و ئەم سەركردایەتییە شێوازێكە لە دیوەخانی سیاسی‌ و بەها بۆ دامەزراوەكانی تری هەرێم‌ و دەستاودەستكردنی دەسەڵات ناهێڵێت״.

زۆرترین بینراو