حوكمي بەشداری کردن و مامەڵە کردن بە (وەن کۆین) ەوە.

هەواڵی / 1/10/2017 803 جار بینراوە

حوكمي بەشداری کردن و مامەڵە کردن بە (وەن کۆین) ەوە.

 

پرۆفیسۆر دكتۆر خالید محمد صاڵح
خۆشەویستان ماوەیەکە دەنگۆی دراوێکی ئەلکترۆنی نوێ کەوتۆتە بازاڕەوە وکۆمەڵێک خەڵکی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردوە کە کەئەویش دراوی (وەن کۆین) ە، من هەر لەسەرەتای سەرهەڵداني ئەم دراوەوە کە بەدواداچونم بۆ کرد قەناعەتم وابوو کە بەشداریکردن تێیدا حەرامە وهەرکەسیش بۆ ئەو مەبەستە پەیوەندی پێوە کردبم ڕاشکاوانە پێم گوتوە حەرامە، بەڵام پێم خۆش نەبوو ئەو قەناعەتەی خۆم بۆ ڕای گشتی ڕابگەیەنم بەخاتری ئەوەی کە ئێمە سەرەتا لەگەڵ کۆمەڵێک پسپۆڕ سەردانی جەنابی دکتۆر (عەلی قەرەداغی) مان کرد ولەنزیکەوە تاوتوێی ئەو باسەمان لەگەڵ کرد وبەر لەئێمەیش ئەو برادەرانەی کەسەرقاڵی کارەکە بوون قسەیان لەگەڵ کردبوو.
پاش گفتوگۆیەکی زۆر لەگەڵ بەڕێزیان گەیشتە ئەو قەناعەتەی کەئەم بابەتە گومانی زۆری لەسەرە بۆیە هەر هەمان شەو لەلاپەڕەی فەرمی خۆی ڕایگەیاند کەکەس پەیوەندی بەم جۆە مامەڵەیەوە نەکات وکار تێیدا ڕابگیرێت وبەڵێنیشیدا کە بەدواداچونی بۆ بکات ولەماوەی سێ ڕۆژ بۆ هەفتەیەک بڕیاری کۆتایی لەسەر بدات، ئیتر منیش وئەو مامۆستا بەڕێزانەیش تا ئێستا وەکو ڕێزێک بۆ بەڵێنەکەی بەڕێزیان هیچمان نەگوتوە.
بەڵام لە ئێستادا ئێمە فشارێکی زۆرمان لەسەرە وخەڵکی پەیتا پەیتا پەیوەندی دەکات وداوای وەڵامێکی ڕوون دەکات بۆ ئەو بابەتە چونکە ڕۆژانە خەڵکی نوێ لەەو مامەڵەیەوە دەگلێت وتوش دەبێت وخەڵکانێکی تریش سەریان سوڕماوە نازانن چی بکەن وحوکمی شەرعی بابەتەکە چیە.
بۆیە من لێرەدا وەک ئەرکێکی شەرعی لەچەند خاڵێکدا بۆچوونی خۆمي لەسەر ڕوون دەکەمەوە وسەرەتا بە پێناسەیەکی کورتی (وەن کۆین) دەست پێدەکەم :
1- پێناسە: (وەن کۆین) بەشێکە لەسیستەمی کریپتۆ کەرەنسی (Crypto Currency) کە بریتیە لە دراوی ژمارەیی تەشفیرکراو کە ئەم جۆرە دراوانە حاڵەتی بەرجەستەبووی دەرەکی فیزیکیان نیە وخاڵی جیاکەرەوەی سەرەکی ئەم جۆرە دراوانە ودراوی ئاسایی ئەوەیە کە کریپتۆکەرەنسی هیچ حکومەتێک خاوەنی نیە. هەر بۆیە بەهاکەی زۆر بە خێرایی لە گۆرانکاریدایە و لە ژێر هیچ جۆرە پاراستن و چاودێرییەکدا نیە.
هەر چەندە (وەن کۆین) بەشێکە لەسیستەمی کریپتو کرانسی، بەڵام تا ئێستا لەو جۆرە سیستەمەدا ولەهیچ بۆرسەیەکی جیهانیدا وەکو دراو مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت. بۆیە بانگەشەکارانی ئەم جۆرە مامەڵەیە دەڵێن لەداهاتویەکی نزیکدا دەچێتە بۆرسە جیهانیەکانەوە وبەڵێنی قازانجی زۆر گەورە بەبەشداربوانی دەدەن.
ئێستا وەن کۆین لەدوو توێی چەند پاکێجێکدا مامەڵەی پێوە دەکرێت وهەر یەک لەو پاکێجانە بڕێک تۆکینیان تێدایە وئەو تۆکینانە پاش تێپەڕبوونیان بە کۆمەڵێک قۆناغ وبەرنامەی ئاڵۆزدا دەبنە کۆین ودەچنە سەر هەبووی خاوەن پاکێجەکان.
٢- بەپێی خاڵی یەکەم وهەروەک لە ناو وسیستەمی مامەڵەکەوە دەردەکەوێت (وەن کۆین) دراوە وهەر بۆیەیش دەبێت هەموو هەل ومەرجەکانی مامەڵەکردن بەدراوی شەرعی تێدا بێت، چونکە شەرع مامەڵە لەگەڵ ناوی شتەکان ناکات بەڵکو ناوەڕۆکیان بۆیە هەر شتێک خەڵکی وەک دراو تەماشای بکەن ومامەڵەی پێوە بکەن هەمان حوکمی دراوی شەرعی وەردەگرێت وبەهەمان شێوەیش مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، ئيمامي ماليك دەفەرمووێت: (وَلَوْ أَنَّ النَّاسَ أَجَازُوا بَيْنَهُمْ الْجُلُودَ حَتَّى تَكُونَ لَهَا سِكَّةٌ وَعَيْنٌ لَكَرِهْتُهَا أَنْ تُبَاعَ بِالذَّهَبِ وَالْوَرِقِ نَظِرَةً). المدونة، ج3، ص5، واتا: ئەگەر خەڵكی ڕازیبوون بەوەی بەپێستی ئاژەڵ مامەڵە بكەن، وكردیانە دراو وسكەیان پێ لێدا، پێم باش نییە بفرۆشرێت بە ئاڵتون و زیو ویەكێكیان (ئاڵتون وزیوەكە، یان فلسەكە) لەكاتی ئەنجامدانی گرێبەستەكەدا ئامادە نەبن.
3- مەرجی سەرەکی مامەڵەکردنی شەرعیش بەهەر دراوێکەوە ئەوەیە کە دەبێت لەکاتی ئاڵوگۆڕکردنیان هەردوو دراوەکە ئامادەبن یان هەبووی ڕاستەقینەیان هەبێت ئەگەر لەڕێی چەکی بانکیەوە مامەڵەیان پێوە کرا، خۆ ئەگەر یەکێک لەدراوەکان ئامادە نەبوون ئەوە یەکسەر مامەڵەکە دەبێتە سوو ودروست نیە، ئەم مەرجەیش کۆ دەنگی زانایانی لەسەرە.
ئەمەیش گەورەترین گرفتی شەرعی مامەڵە کردنە بەوەن کۆینەوە کە خۆی لەسیستەمێکی دارای وبەمەبەستی دراو بوون دروستکراوە بەڵام لە ئێستا دراو نیە وهەر خوایش دەزانێت دەبێتە دراو یان نا. وبانگەشەکارانی ئەم جۆرە مامەڵەیەیش بۆ خۆ پاراستن لەهەر لێپێچینەوەیەکی یاسایی دەڵێن: ئێمە بەڵێنی ئەوەمان بەهیچ کەس نەداوە کە ئەمە لەداهاتوودا دەبێتە دراو یان ڕەت دەکرێتەوە وپوچەڵ دەبێتەوە.
٤- یەکێکی تر لە گرفتەکانی ئەم مامەڵەیە ئەوەیە کە کەس نازانێت ئەو تۆکینانە لەداهاتودا چەند کۆین دەکەن
لەبەر ئەوەی نرخی کۆینەکان جێگیر نیە وبەردەوام لەگۆڕانکاریدایە.
5- گرفتێکی تری ئەم جۆرە دراوانە ئەوەیە کە هیچ دەوڵەتێک یان دامەزراوەیەکی دارای خاوەن سەنگ وباوەڕپێکراو پشتگیری ناکات بەڵکو چەند کۆمپانیایەکی گومانلێکراویان لەپشتەوەیە وهەرکاتیش گرفتێک رو بدات یان سیستەمە ئەلکترۆنیەکەی ئەم دراوانە تێک بچێت یان هاک بکرێت بەشداربووان نازانن یەخەی کێ بگرن وسکاڵا لەسەر کێ تۆمار بکەن.
6- بۆ خۆ پاراستن لەگرفتی پێشوو زۆر کات بانگەشەکارانی وەن کۆین دەڵێن وەن کۆین دراو نیە بەڵک وکاڵایە وئێمە وەکو کاڵا دەیفرۆشین، هەرچەند ئەم قسەیە دوورە لەڕاستی شەرعی ولۆژیکی عەقلەوە، چونکە وەکو پێشتریش گوتمان شەرع مامەڵە لەگەڵ ناوەڕۆکی شتەکان دەکات نەک ناوەکانیان، وگۆڕینی ناو حوکمی ناوەڕۆک ناگۆڕێت، ولەڕوی لۆژیکیشەوەوەن کۆین بەشێکە لەسیستەمی کرپتۆ کرانسی ودراوی ژمارەیی وکڕیارانیشی بەو مەبەستە دەیکڕن وچاوەڕوانی ئەوەی لێدەکەن.
بەڵام سەرەڕای ئەمانە هەمووی ئەگەر گریمان ئەم قسەیەیش وابێت بەم پێیەیش هەر حەرامە چونکە ئەم مامەڵەیە نەزانی ومەترسیەکی زۆر لەخۆی دەگرێت وجۆرێکە لەقومار، وهەر مامەڵەیەکیش بەو شێوەیە بێت حەرامە، چونکە ئەگەر لەداهاتوو وەن کۆین نەبوو بەدراو ئەوە هەموو ئەو پارانە تیا دەچن، خۆ ئەگەریش بوو بەدراو ئەوە لەوانەیە قازانجێکی باش بکەن، ئەم مەترسی ونەزانیە گەورە لەڕادەبەردەریش لە دەرەنجامی هەر مامەڵەیەکدا بێت لەشەرعدا حەرامە ودروست نیە وپێی دەگوترێت (غرر).
بەڵام وەک پێشتریش گوتم وێنا کردنی وەن کۆین وەک کاڵایەک تەنها بۆ پینەکردنی حەرامیەکەیەتی وهەر کەس بیەوێت دڵنیا بێت با بەدواداچوونی بۆ بکات با بزانێت وەن کۆین وپاکێجەکان کاڵان یان سیستەمێکی دراوی.
ئەمەی کەمنیش لەم کورتە باسەدا عەرزم کرد بەشێکە لەزیان وگرفتەکانی ئەم مامەڵەیە لەڕووی شەرعەوە ولەڕووی هونەری وئابوریشەوە مەترسی وزیانی زۆر گەورە وچاوبەست وفێڵی زۆری تێدایە وپسپۆڕانی ئەو بوارەیش قسەیان لەسەر کردوە.


زۆرترین بینراو