چه‌ند ( هـه‌ڵـه‌ ) یـه‌ك كه‌ئاگر به‌رده‌ده‌نه‌ خه‌رمانی‌ ژیانی‌ هاوسه‌ران و خۆشبه‌ختییان

هەواڵی / 30/9/2017 799 جار بینراوە

چه‌ند ( هـه‌ڵـه‌ ) یـه‌ك كه‌ئاگر به‌رده‌ده‌نه‌ خه‌رمانی‌ ژیانی‌ هاوسه‌ران و خۆشبه‌ختییان

شه‌ن پرێس :

زۆر جار هه‌ندێك هۆكاری‌ ڕاسته‌وخۆ, یان لاوه‌كی‌ و لابه‌لا ده‌بنه‌ هۆی‌ به‌ردانی‌ ئاگر له‌خه‌رمانی‌ خۆشی و ئاسوده‌ییه‌كانی‌ ژیانی‌ نێوان هاوسه‌ران, كه‌به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان یان خۆیان لێی‌ بێئاگا و مه‌به‌ستن, یان گرنگی‌ به‌و شتانه‌ ناده‌ن و چاوه‌ڕێی‌ ئه‌و كاردانه‌وه‌ خراپانه‌یان لێناكه‌ن كه‌دواتر هه‌موو هیوا و خه‌ونه‌كانیان له‌گـۆڕ ده‌نێ‌ و ژیانیان تاڵ و بێتام ده‌كات, كه‌هه‌ر یه‌كه‌یان ئاواته‌ خوازی‌ هه‌رچی‌ زووتر كۆتایی هێنانن به‌و ژیانه‌ بێ مانا و خاڵی‌ له‌خۆشییه‌, ئه‌وه‌ له‌كاتێكدا كه‌پێشتر به‌هه‌زاران خه‌ونی‌ ڕه‌نگا و ڕه‌نگیان پێوه‌ بینیوه‌ , له‌و هه‌ڵانه‌ش :
* یه‌كتری‌ نه‌بوردن له‌هه‌ر هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتیه‌ك, كه‌هۆكاره‌ ڕاسته‌وخۆكه‌ی‌ ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی‌ گفتوگۆ و دانیشتنی‌ به‌رده‌وامی‌ پێكه‌وه‌ی‌ هاوسه‌ره‌كان, بۆ تاوتوێكردنی‌ كاروباری‌ ناو ماڵ و په‌روه‌رده‌ی‌ منداڵه‌كانیان و ڕێكخستنی‌ خه‌رجی‌ و زۆر شتی‌ تریش .

* زۆر جاریش بۆچوونی‌ هه‌ریه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر به‌ئه‌وی‌ تر زیاده‌ڕۆیی زۆری‌ تیا ده‌كرێت, وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كه‌ژنه‌كه‌ وه‌ك عاشق و هاوڕێ‌ و باوك و برا و مێرد و ..... بۆ پیاوه‌كه‌ی‌ ده‌ڕوانێ‌ و له‌به‌رامبه‌ریشدا پیاوه‌كه‌ وه‌ك عاشقێكی‌ پاك و ژن و دایك و خوشك و ..... بۆ خێزانه‌كه‌ی‌ ده‌ڕوانێ‌, كه‌ئه‌وه‌ش هیچـیان ناتوانن به‌یه‌كجار هه‌موو ئه‌و ڕۆڵانه‌ ببینن و ئه‌و كه‌لێنانه‌ بۆ یه‌كتری‌ پڕ بكه‌نه‌وه‌ و له‌وێشه‌وه‌ دیسان هه‌ندێك تۆمه‌ت و كه‌موكورتی‌ ده‌ده‌نه‌ پاڵ یه‌كتری‌, كه‌وانـیـه‌, یان پێویست ناكات وه‌ها بیر له‌یه‌كتری‌ بكه‌نه‌وه‌ .

* خاڵێكی‌ تری‌ گرفته‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌هه‌ردووكیان به‌ده‌نگی‌ به‌رز له‌گه‌ڵ یه‌كتری‌ ده‌دوێن و گوێ له‌یه‌كتری‌ ناگرن و چاوه‌ڕێی‌ یه‌كتری‌ ناكه‌ن قسه‌كانیان ته‌واو بكه‌ن, جائه‌وی‌ تر قسه‌كه‌ی‌ بكات و به‌وه‌ش هه‌ریه‌كه‌یان هه‌ست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ئه‌وی‌ تر سوكایه‌تیی پێكردووه‌ و ڕێزی‌ لێناگرێت, بۆیه‌ بیر له‌تۆڵه‌ كردنه‌وه‌ و دووباره‌ كردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵه‌كه‌ی‌ به‌رامبه‌ری‌ ده‌كاته‌وه‌ .

* ده‌ستێوه‌ردانی‌ كه‌س و كاری‌ لایه‌كیان, یان هه‌ردووكیان له‌وورد و درشتی‌ كاروباره‌كانی‌ نێو ئه‌و ماڵه‌, كه‌ئه‌وه‌ش بۆخۆی‌ قه‌باره‌ی‌ گرفته‌كان زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تر ده‌كات كه‌بۆخۆی‌ هه‌یه‌ و ئه‌وه‌نده‌ی‌ تریش متمانه‌ی‌ هاوسه‌ره‌كان به‌یه‌كتری‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌ .

* بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ نهێنییه‌كانی‌ ماڵ, جا بۆ هه‌ر ماڵه‌ خزم و كه‌س و كارێك بێت – ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر زۆر نزیكیش بێت – هه‌ڵه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌, كه‌زۆر جار هاوسه‌ره‌كان تێی‌ ده‌كه‌ون .

* گرنگی‌ نه‌دانی‌ پێویستی‌ خانمان به‌چێشت و خواردن و پاك و خاوێنیی ناو ماڵه‌وه‌, چونكه‌ كه‌پیاوان ئێواران به‌ماندوویی دێنه‌وه‌ حه‌زیان له‌نانی‌ باش و ماڵی‌ خاوێن و بێده‌نگه‌ بۆ حه‌وانه‌وه‌, به‌پێچه‌وانه‌وه‌ توڕه‌ و بێزار ده‌بن .

* یه‌كتری‌ شكاندن و به‌درۆ خستنه‌وه‌ی‌ قـسه‌ی‌ یه‌كتری‌ له‌به‌رده‌م میوان و منداڵه‌كاندا " ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ گاڵته‌ و گه‌پیش بێت " دیسانه‌وه‌ هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ و بۆخۆیانی‌ پێ كه‌مده‌بن و لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ریش بیر له‌تۆڵه‌ كردنه‌وه‌ و هه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ نهێنییه‌كی‌ ئه‌وی‌ تر ده‌كاته‌وه‌ بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ڵوێست و ته‌ریق بوونه‌وه‌كه‌ی‌ خۆی‌, كه‌ئه‌میش هه‌ڵه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌تره‌, چونكه‌ هه‌ڵه‌ به‌هه‌ڵه‌ چاره‌سه‌ر ناكرێت .

* خستنه‌ سه‌ر شانی‌ بارێكی‌ قورس و گران له‌سه‌ر شانی‌ پیاو له‌ڕووی‌ داراییه‌وه‌, به‌تایبه‌تی‌ له‌م دۆخه‌ی‌ ئێستادا كه‌زۆرێك له‌خێزانه‌كان له‌ڕووی‌ بژێوی‌ و داراییه‌وه‌ بارودۆخیان باش نیه‌ و پیاوه‌كه‌ش ناتوانێت خۆی‌ له‌به‌ر ئه‌و هه‌موو داواكارییه‌ زۆره‌ی‌ خێزانه‌كه‌یدا بگرێ و پاشان به‌ " كه‌مته‌ر خه‌م " تۆمه‌تبار ده‌كرێت, كه‌له‌ڕاستیدا وه‌ها نیه‌ .

* جیاوازی‌ و ڕاجیایی ژن و پیاو له‌په‌روه‌رده‌كردنی‌ منداڵه‌كانیاندا, كه‌له‌دواجاردا دوو په‌روه‌رده‌یی و تێكدانی‌ په‌روه‌رده‌كه‌ی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و زه‌ره‌ر مه‌ندی‌ یه‌كه‌میش له‌و نێوه‌نده‌دا ( منداڵه‌كه‌یه‌ ) .

* گرنگی‌ نه‌دان و كه‌مته‌رخه‌میی هاوسه‌ران و به‌تایبه‌تیش ئافره‌تان له‌ڕووی‌ ناز كێشانی‌ ڕۆمانسیانه‌ و خۆڕازاندنه‌وه‌ و خۆ جوانكردن و خۆ بۆنخۆشكردن و سه‌رجێیی له‌گه‌ڵ پیاوه‌كه‌یدا, كه‌ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر پیاوه‌كه‌ی‌ و وورده‌ وورده‌ خێزانه‌كه‌ی‌ خۆی‌ له‌به‌ر چاو ده‌كه‌وێ و چاو بۆ ئافره‌تی‌ تر ده‌گێڕێ‌ و هه‌ندێكجاریش ده‌كه‌وێته‌ تاوانی‌ ناپاكیی هاوسه‌رگیرییه‌وه‌, كه‌تاوانباری‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌وه‌ش ئافره‌ته‌كه‌ بۆخۆیه‌تی‌, چونكه‌ به‌بڕوای‌ شاره‌زایانی‌ بواری‌ خێزانی‌ گرفتی‌ زۆرێك له‌خێزانه‌كان له‌سه‌رجێییه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات .

شاره‌زایان و پسپۆڕانی‌ بواری‌ په‌روه‌رده‌ی‌ خێزانی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ئایینیش پێیان وایه‌ كه‌باشترین ڕێگا چاره‌ی‌ ئه‌و گرفتانه‌ی‌ كه‌باسمانردن بریتیه‌ له‌دیاریكردنی‌ كاتی‌ گونجاو بۆ پێكه‌وه‌ دانیشتنی‌ هاوسه‌ران و قسه‌ و باسكردن له‌كێشه‌ و گرفته‌كان و ڕه‌واندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و گومانانه‌ی‌ كه‌له‌لای‌ هه‌ریه‌كێك له‌ژن و مێرده‌كان دروستده‌بێت به‌رامبه‌ر به‌ئه‌وی‌ تر, هه‌روه‌ك پێویسته‌ كه‌به‌گیانێكی‌ لێبورده‌یی و خۆشه‌ویستیه‌وه‌ لێدوان و قسه‌ی‌ یه‌كتری‌ قـه‌بوڵ بكه‌ن و موڕاعـاتی‌ دۆخی‌ ده‌روونی‌ و جه‌سته‌یی و دارایی یه‌كتریش بكه‌ن, كه‌له‌مه‌دا ئافره‌تان زیاتر ده‌توانن ڕۆڵی‌ پـاڵـه‌وانـی‌ ئاشتیانه‌ و چاكسازیی نێو ماڵه‌كانیان بگێڕن, ئـه‌گـه‌ر بـیـانـه‌وێـت .
 


زۆرترین بینراو