مه‌حمود سەنگاوی سکاڵای لەسەر سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی تۆمارکرد

هەواڵی / 12/9/2017 315 جار بینراوە

تۆمەتباركراوه‌ بە فرۆشتنی چەکى ئه‌ڵمانی
مه‌حمود سەنگاوی سکاڵای لەسەر سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی تۆمارکرد
شه‌ن پرێس:

ئەمڕۆ مەحمود سەنگاوی فەرماندەی هێزەکانی پێشمەرگە لە گەرمەسێر سکاڵای لەسەر ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان تۆمار کرد.

دوای ئەوەی ئومێد خۆشناو مەحمود سەنگاوی بە فرۆشتنی چەکە ئەڵمانییەکان تۆمەتبارکرد، ئەمڕۆ پارێزەرەکەی مەحمود سەنگاوی بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، سکاڵایان لەسەر ئومێد خۆشناو تۆمارکردووە.

سەیوان سیروان پارێزەری مەحمود سەنگاوی بە ئێن ئاڕ تی وت، ئەمرۆ مەحمود سەنگاو لە بنکەی پۆلیسی کەلار سکاڵای لەدژی ئومێد خۆشناو تۆمارکردووە لەسەر قسەکانی.

هەروەها وتیشی "قسەکانی ئومێد خۆشناو دورن لە ڕاستییەوە و مەحمود سەنگاوی چەکی ئەڵمانی وەرنەگرتووە، ئیتر چۆن بیفرۆشێت".

هێمای بۆ ئەوەش کرد، ئەگەر ئومێد خۆشناو بەڵگەی لەبەردەستدایە ئەوا با ئاشکرای بکات و لە ئێستادا ئەوان چاوەڕێی بڕیاری دادگان.

وتیشی "مەحمود سەنگاوی قاچاخچی چەک نییە، بەڵکو لە ئێستادا پارێزەری خاکە".

ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە، ئومێد خۆشناو لە وتارێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، وڵاتی ئەڵمانیا كە بۆ شەڕی دژی داعش چەكی میلانی دایە پێشمەرگە، مەحمود سەنگاوی ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى بەشێكی ئەو چەكانەی گل داوەتەوە و فرۆشتوویەتییە ئەو لایەنەی كە لە لیستی ڕەشی ئەڵمانیادایە.

دەشڵێت، مەحمود سەنگاوی بەو کارەی "ناپاكی" لەگەڵ پێشمەرگە و هاوپەیمانان كردووە، چونکە ئەوە بووە هۆی نیگەرانی ئەڵمانیەكان كە دۆست و هاوپەیمانی هێزی پێشمەرگە بوون.

تۆمەتبارکردنی مەحمود سەنگاوی بە فرۆشتنی چەکە ئەڵمانیەکان لەلایەن سەرۆکی فراکسیۆنی پارتییەوە، دوای ئەوە دێت کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ەوە هەواڵی فڕۆشتنی چەکە ئەڵمانییەکان لەبازاڕەکانی هەرێمدا بڵاوبووەوە، ئەوەش وایکرد حکومەتی ئەڵمانیا بۆ ماوەیەک هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ پێشمەرگە ڕابگرێت.

دواتر وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا ڕایگەیاند، پاش ئەوەى حکومەتی هەرێم گرەنتی پاراستنی چەکەکان و نەفرۆشتنی لە بازاڕی ڕەشدا پێداون، جارێکیتر دەستیان کردووەتەوە بە ناردنی چەک بۆ پێشمەرگە.

زۆرترین بینراو