#پرسی ریفراندۆمی هەرێم

گۆڕان و كۆمه‌ڵ دژی‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق بۆ ریفراندۆم جیا لە ٣ فراکسیۆنەکە هه‌ڵوێستیان دەربڕی

هەواڵی / 12/9/2017 460 جار بینراوە

گۆڕان و كۆمه‌ڵ دژی‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق بۆ ریفراندۆم جیا لە سێ فراکسیۆنەکە هه‌ڵوێستیان دەربڕی


فراكسیۆنه‌كانی‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق دژی‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ ریفراندۆمی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان جیا له‌ فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانی‌ دیكه‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانییان سازكرد.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 12ی ئه‌یلولی 2017، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ده‌نگیدا به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی ریفراندۆمه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌ بڕیاره‌ له‌ 25ی ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان بایكۆتی دانیشتنه‌كه‌یان كرد و ئه‌وانه‌ی مانه‌وه‌ ده‌نگیان دا به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان.

دوای‌ بایكۆته‌كه‌، فراكسیۆنه‌كانی‌ گۆڕان و كۆمه‌ڵ پێكه‌وه‌ كۆنگره‌ی‌ رۆژنامه‌وانییان سازكرد، زانا رۆستایی‌، په‌رله‌مانتاری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق به‌ وێستگه‌ نیوزی‌ راگه‌یاند، بڕیاره‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ په‌رله‌مان له‌دژی‌ ریفراندۆمی‌ كوردستان خراپ بوو بۆیه‌ بایكۆتیان كردووه‌.

وتیشی‌: "به‌ڵام دیاره‌ بۆ ریفراندۆم هه‌ڵوێستی‌ ئێمه‌ و گۆڕان له‌ لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ جیاوازتره‌، هه‌ربۆیه‌ ئه‌مڕۆ ئێمه‌ و گۆڕان ویستمان جه‌خت له‌ هه‌ڵوێسته‌كانمان بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌ویش به‌رگریكردن له‌ مافی‌ چاره‌نووسی‌ گه‌لی‌ كوردستان، ئیدانه‌كردنی‌ بڕیاره‌كه‌".

رۆستایی‌ وتیشی‌: "بیری‌ خه‌ڵكیشمان هێنایه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ریفراندۆمین، به‌ڵام وه‌ك پێشتر وتومانه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بڕۆین بۆ ریفراندۆم كێشه‌ی‌ گه‌وره‌ دروست ده‌بێت، به‌ڵكو پێویسته‌ چوارچێوه‌ی‌ یاسایی‌ هه‌بێت".

هاوكات ئه‌مڕۆ هه‌ر سێ فراكسیۆنی پارتی و یه‌كێتی و یه‌كگرتوو، له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق داوایان له‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كرد به‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا بچێته‌وه‌.

ئه‌و سێ فراكسیۆنه‌ هۆشدارییان دایه‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كه‌ ئه‌گه‌ر به‌ بڕیاره‌كه‌دا نه‌چێته‌وه‌ له‌ نزیكترین كاتدا هه‌ڵوێستی خۆیان راده‌گه‌یه‌نن و بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆشیان به‌ بڕیارێكی عه‌ره‌بیانه‌ تا په‌رله‌مانیانه‌ ناوبرد.

بڕیاره‌ رۆژی 25-9-2017 ریفراندۆم ئه‌نجام بدرێت و له‌ رۆژی 5-9-2017ه‌وه‌ بانگه‌شه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌ستی پێكردووه‌ و تا رۆژی 22-9-2017 به‌رده‌وام ده‌بێت.

زۆرترین بینراو