قاسم سلێمانی سەردانی هەرێمی كردو "هەڕەشە" دەكات

هەواڵی / 12/9/2017 1246 جار بینراوە

قاسم سلێمانی سەردانی هەرێمی كردو "هەڕەشە" دەكات و  ئێران‌ و ئەمەریكا فشارەكانیان تونددەكەن دژی ڕیفراندۆم

 

ئێران‌و ئەمەریكا فشارەكانیان تووند دەكەنەوە بۆ پاشگەزبوونەوەی كورد لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دوو ڕۆژی ڕابردووی لە هەرێمی كوردستان بەسەربردو هۆشداریی توندی وڵاتەكەی گەیاندە حزبەكانی هەرێم.

قاسم سلێمانی، 10ی ئەم مانگە سەردانی شاری هەولێری كردووەو لەگەڵ مەسعود بارزانی‌و نێچیرڤان بارزانی‌و عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ‌و یەكگرتووی ئیسلامی كۆبووەتەوە، ڕۆژی دواتریش لە سلێمانی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوەی ئەنجامداوەو ئەمڕۆش هەرێمی كوردستانی بەجێهێشتووە.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە سەردان‌و كۆبوونەوەكانی قاسم سلێمانی بۆ پەرەگراف، ئەو كەسایەتییە كاریگەرەی ئێران سووربوونی وڵاتەكەی دووپاتكردوەتەوە بۆ ئەنجامەنەدانی ڕیفراندۆم.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە دەڵێت، قاسم سلێمانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ حزبەكاندا زۆر توندبووەو، "باسی لە بەكارهێنانی حەشدی شەعبی‌و داخستنی سنورەكان كردووە بەڕووی هەرێمدا ئەگەر كورد لە ڕیفراندۆم نەكشێتەوە."

هەر بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، قاسم سلێمانی "زمانی هەڕەشە"ی بەكارهێناوە بەرامبەر حزبە كوردییەكان‌و وتویەتی"چیتان بەدەستهێناوە لەدوای 2003، لەدەستی دەدەن."

پەرەگراف هەوڵیدا لەسەرچاوەی دیكەوە زانیاریی زیاتر وەربگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندیكرد بە چەند بەرپرسێك لە پارتی، یەكێتی، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.

ئێران چەندینجار بە ئاشكرا دژایەتی ئەو ڕیفراندۆمەی كردووە كە بڕیارە 13 ڕۆژی دیكە لە هەرێمی كوردستان‌و ناوچە كوردییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت، سەرباری فشارەكان بەڵام كورد سوورە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەوادەی خۆیدا.

سەرەتای مانگی ڕابردووش شاندێكی ئێرانی كە بەرپرسانی مەلەفی عێراق‌و هەرێم بوون لە سوپای قودس سەردانی كوردستانیان كردو لەسەر پرسی ڕیفراندۆم لەگەڵ مەسعود بارزانی‌و بەرپرسانی باڵای حزبەكان كۆبوونەوە.

هاوكات لەگەڵ سەردانی قاسم سلێمانی، باڵیۆزی ئەمەریكاش لە بەغدا سەردانی هەرێمی كرد‌و تەئكیدی كردەوە وڵاتەكەی داوای دواخستنی ڕیفراندۆم دەكات‌و دان نانێت بە ئەنجامەكەیدا.

دۆگڵاس سیلیمان، باڵیۆزی ئەمەریكا لە بەغدا، لەچوارچێوەی سەردانەكەیدا دوێنێ لەگەڵ ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوەتەوەو بەپێی میدیای فەرمی بزوتنەوەكە، سیلیمان وتویەتی"ئەمەریكا لەگەڵ ئەنجامدانی‌ ئەو ڕیفراندۆمەدا نیە لەم كاتەداو داوادەكات بۆكاتێكی‌ گونجاوتر دوابخرێت، جەختی كردەوە كە واشنتن دان بە ئەنجامی‌ ئەو ڕیفراندۆمەدا نانێت ئەگەر بكرێت."

باڵیۆزی‌ ئەمەریكا لە عێراق ئەوەشی بە وەفدی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان ڕاگەیاندووە"ئەنجامدانی‌ ڕیفراندۆم لە كەركوك بە هەموو شێوەیەك ڕەتدەكەنەوە،‌ چونكە دەبێتە هۆی‌ ئاڵۆزی‌ زیاتر."

بڕیاری كورد بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و هەنگاونان بەرەو دەوڵەت، كاردانەوەی جیاوازی وڵاتانی لێكەوتەوەو سەرباری حكومەتی بەغدا، هەریەكە لە ئێران‌و توركیا دژایەتی دەكەن‌و وڵاتانی دیكەش هەڵوێستی جیاوازیان خستەڕوو، سەرجەمیان تەئكید لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكەن‌و تەنها ئیسرائیل پشتیوانیی بڕیارەكەی كوردە.

ئەمڕۆش پەرلەمانی عێراق لە كۆبوونەوەیەكدا كە نوێنەرانی كورد بایكۆتیانكرد، بەزۆرینەی دەنگ بڕیاریدا بە ڕەتكردنەوەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان‌و "ناوچەكانی جێناكۆك" هاوكات عەبادیشی ڕاسپارد بە گرتنەبەری ڕێكاری پێویست لەوبارەیەوەو پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق.

لەسەر ئاستی ناوخۆش، بزوتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی تائێستا بەڕونی بایكۆتی پڕۆسەی ڕیفراندۆمیان كردووەو نوێنەریان بۆ ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم دیاری نەكردووە، ئەوانەش لەكاتێكدان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و حزبەكانی دیكە كە بەشدارن لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، سوورن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەكە لە وادەی خۆیدا.

په‌ره‌گراف


زۆرترین بینراو