نه‌جمه‌ددین كه‌ریم : كه‌ركووك پارێزراوه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ مه‌نده‌لی روویدا له‌ كه‌ركووك روونادات .

هەواڵی / 12/9/2017 129 جار بینراوە

نه‌جمه‌ددین كه‌ریم : كه‌ركووك پارێزراوه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ مه‌نده‌لی روویدا له‌ كه‌ركووك روونادات .
ئاماده‌كاریی كراوه‌ بۆ گشتپرسی كراوه‌ .

شه‌ن پرێس :
پارێزگاری كه‌ركووك، نه‌جمه‌ددین كه‌ریم رایده‌گه‌یه‌نێت ئاماده‌كاری بۆ پرۆسه‌ی ریفراندۆم كراوه‌ و ده‌ڵێت "ئێمه‌ هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ ده‌نێین، خه‌ڵكی تێكده‌ر و ناحه‌زیش هه‌یه‌، به‌ڵام به‌یه‌كگرتوویی میلله‌ته‌كه‌مان ئه‌و شتانه‌ كارمان تێ ناكات".
پارێزگاری كه‌ركووك، نه‌جمه‌ددین كه‌ریم له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو له‌باره‌ی بایكۆتكردنی پڕۆسه‌ی گشتپرسی له‌ لایه‌ن به‌ره‌ی توركمانییه‌وه‌ و لێدوانه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی ئه‌و به‌ره‌یه‌ دژ بە ریفراندۆم رایگه‌یاند "ئێمه‌ تێبینیمان له‌سه‌ر قسه‌ و هه‌ڵوێسته‌كانی ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌ کە خه‌ڵكی توركمان برا و خوشكی ئێمه‌ن، ئێمه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ژیین و ئاینده‌مان پێكه‌وه‌یه‌، حزبێك له‌ كه‌سانێك پێكهاتووه‌، به‌ڵام میلله‌تی توركمان جیاوازه‌".

له‌باره‌ی مه‌ترسی له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی رووداوه‌كانی مه‌نده‌لی كه‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ عه‌ره‌به‌كانی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ی سه‌ر به‌ قه‌زای بەلەدروز به‌ پاڵپشتیی گرووپێك له‌ چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ئه‌نجوومه‌نی ناحییه‌كه‌ و به‌رپرسه‌ كورده‌كانییان له‌سه‌ر كار به‌زه‌بری چه‌ك له‌سه‌ر كار لابرد، پارێزگاری كه‌ركووك نه‌جمه‌ددین كه‌ریم رایگه‌یاند "نه‌خێر ترس نییه‌ له‌وه‌ی ئه‌و رووداوانه‌ی له‌ مه‌نده‌لی روویاندا له‌ كه‌ركووك دووباره‌ ببێته‌وه‌".

له‌باره‌ی مه‌ترسی روودانی رووداوگه‌لێك كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر پرسی ریفراندۆم له‌و پارێزگایه‌ دروست بكات كه‌ بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌ له‌ 25ی ئه‌یلوولی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت، نه‌جمه‌ددین كه‌ریم روونی كرده‌وه‌ "ئه‌و شتانه‌ ده‌بێت و، ده‌بێت چاوه‌ڕێ بكه‌ین شتی وا رووبدات، چونكه‌ ئێمه‌ هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ ده‌نێین، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام خه‌ڵكی تێكده‌ر و خه‌ڵكی ناحه‌ز هه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌گه‌ر میلله‌ته‌كه‌مان به‌یه‌كه‌وه‌ بێت و پشتی یه‌كتر بگرین ئه‌و شتانه‌ كارمان تێناكات و سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت".

نه‌جمه‌ددین كه‌ریم له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتیشی: "ئاماده‌كاریی كراوه‌ و هه‌موو شتێك له‌وباره‌یه‌وه‌ كراوه‌".

ده‌رباره‌ی ئه‌و قسانه‌ی ده‌كرێت له‌باره‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌، پارێزگاری كه‌ركووك، نه‌جمه‌ددین كه‌ریم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمه‌ پێشبینی ناكه‌ین هه‌ڕه‌شه‌ هه‌بێت، چونكه‌ كه‌ركووك له‌ هه‌موو مه‌ترسییه‌ك پارێزراوه‌، كه‌ركووك له‌ لایه‌ن پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و پۆلیسی كورد و عه‌ره‌ب و توركمانه‌وه‌ ده‌پارێزرێت".

له‌باره‌ی بوودجه‌ی ساڵی 2018ی عێراق و پشكی كه‌ركووك له‌و بوودجه‌یه‌دا ناوبراو گوتی: "كه‌ركووك سێ ساڵ و نیوه‌ بوودجه‌ی بۆ نه‌هاتووه‌".


زۆرترین بینراو